پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

خەمۆکیی سیاسیی “بە‌ بۆنەی دەهەمین دەوری هەڵبژاردنی “مەجلیسی شواری ئیسلامیی ئێران”

د. کامران ئەمین ئاوە

“فاکتەکان هاوئاهەنگ لەگەڵ تیۆریی
من نین، وای بە حاڵی فاکتەکان!”
“هێگێل”
حیزبێکی سیاسیی بە پێی ڕادەی پێوەندیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا و لێکدانەوەی لە ئاڵوگۆڕەکانی نێو وڵات، تاکتیکەکانی هەڵدەبژێرێ‌و هیوادارە سیاسەتەکانی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای خۆی بێ. گەیشتن بە هەر ئامانجێک لە پێوەندیی لەگەڵ لێکدانەوەی بارودۆخی بابەتیی [ئابژێکتیڤ] و زەینیی [سوبژێکتیڤ] وڵات، ڵاسەنگیی هیزەکانی دەستەڵاتدار و ئوپۆزیسیۆن لە نێو کۆمەڵگادایە‌. گرتن یان گۆڕانی تاکتیکی حیزبێکیش هەر لەم پێوەندییەدا جۆراوجۆرە‌و دەتوانێ دوورکەرەوە[دفعی] یان پەیتا پەیتایی، تێکەڵ بە توندو تیژیی یان ئاشتی‌خوازانە، هەروەها ئاشکارا یاخود نهێنیی و هتد … بێ. لەم ڕەوتەدا هیزێک دەتوانێ کاریگەریی لە کۆمەڵگادا بێ کە بە پێی هەبوونی شانە حیزبییەکان، کادری ڵێهاتوو، و توانایی تەبلیغاتی سیاسیی بتوانێ ئەمرازی پێویست بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانی خۆی تەیار بکات. لە نەبوونی ئەم مەرجانە بێ‌گوومان وتەکان و بڕیارەکانی ئەم حیزبە ناتوانێ ڕەنگدانەوەی لە نێو کۆمەڵگادا بێ. کاتێک حیزبێک باس لەوە بکات کە خەڵکی گوێ بە قسەیان نادەن و بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوان بە پێێ بارودۆخێ نێو کۆمەڵگا و بەرژوەندیی خۆیان بەشداریی لە هەڵبژاردەکانی کۆماری ئیسڵامیی دەکەن، ئەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە کە نەیانتوانیووە بە هەر هۆیەک بێ، کاریگەریی‌یان لە سەر خەڵکی بێ! بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستییە، ئەم پرسیارە دێتە پێش:”ڕۆڵی حیزبێکی سیاسیی کە قەرارە پێشەنگی خەڵک بێ و ڕێ‌و شوێن بە خەڵکی نیشان بدا، لە چی‌دایە؟ ئایا ئەم حیزبانە بە هەڵبژاردنی سیاسەتێکی پۆپۆلیستیی دەبێ بە شوێن ڕووداوەکان کەون؟ یان بێ‌هەڵویست بمێنەوە، و بە ترس و دڵە‌ڕاوەکێ لەوەی کە نەکا تووشی هەڵەیەک بن تەنیا پاش تێپەربوونی ڕووداوەکان دەس بە لێکدانەوە و ئاکامبەندیی بکەن؟ لە راستیدا، حیزبێک کاتێک دەتوانی بڕیاری درووست بدات کە لە ڕەوتی دیاریی کردنی دروشمی دوور و نزیک، پاش کۆکردنەوە و پلەبەندیی زانیاریی و فاکتە پێویستەکان بتوانێ پێوەندیی زنجیرە رووداوەکانی سیاسیی نە بە چەشنێکی جیا لەیەک، بەڵکوو بە گشتیی بەیەکەوە گرێ بدات و پاش لێکدانەوەی ووردی ئەم فاکتانە و تەیار کردنی تەواوی ئەمرازە پیویستەکان ئەرکی خۆی بۆ دیاریی‌کردن و وەدی هێنانی ئامانجەکانی بخاتە گڕ و خەڵکی بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە کۆکاتەوە. ئەگەر لەم ڕەوتەدا سەرکەوتنی وەدەس هێنا، ئەوە خۆی بۆ ڕۆیشتن بۆ قۆناخێکی سەرتر ئامادە دەکات، بەڵام کاتێک سەرکەوتوو نەبێ، ئەمجار پاش پێداچوونەوەیک لەسەر رووداوەکان و دۆزینەوەی هەڵەکان، تێدەکۆشێ ئەو کەمایەسییانە قەربوو بکاتەوە. لێرەدا گرینگ هاوئاهەنگیی تیۆریی جووڵە و تێکۆشان لەگەڵ فاکتە دیارییکراوەکانە، نە پێچەوانەکەی، دەنا هێگێل” کوتەنیی “وای بە حاڵی ئەو فاکتانەی کە هاوئاهەنگ لەگەڵ تیۆرییەکانی من نەبن”.

لەم دوایانەدا بە بۆنەی دەوری تازەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی ئێران” لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤هەتاویی، گەلێک بیر وباسی جۆڕاوجۆر هاتۆتە ئاراوە، بەشێک ئەم چەشنە هەڵبژاردنانە بایکۆت دەکەن و بەشێکیش سەرەرای بە گونجاو زانینی هەڵبژاردن و کرانەوەی فەزایەک لەم پێوەندییەدا، جارێ چاوەڕەوانی ڕووداوەکانی ئێران لە یەک مانگ و نیوی داهاتوو دەکەن تا بەڵکوو لە ساتی ئاخردا ئەگەر مەجالێک ما، بتوانن بریارێک بدەن یا نەدەن! بە وتەیەکی دیکە، سەرەرای دێموکراتیک نەبوونی هەڵبژاردن لە ئێران بە درێژایی مێژووی پتر لە سێ دەیە دەستەڵاتداریی حکومەتی ئیسڵامیی، بەشداریی خەڵکی بە کارێکی گونجاو دەزانن، و بە پێی ئەوەی کە خەڵکی کورد هەمیشە بە “تەشخیصی” خۆیان بێ لەبەر چاوگرتنی ویستی حیزبەکان چوونە سەر سەندووقی دەنگدان و بەشدارییان کردوە، بایکۆت کردن بە کارێکی شیاو و درووست نازانن!!؟؟ لە لایەکی دیکەشەوە سەرەرای ئەوەی کە بۆخۆیان بە باشیی دەزانن کەس وڵامی بریاری ئەوان ناداتەوە، لە هەڵبژاردەکانی سەرۆک کۆمار و مەجلیسی ئیسلامیی ئێرانیشدا، لە قۆناخێکدا کە ئیتر مەجاڵ بۆ هەڵوێست گرتن نەمابوو، بە دڵگەورەییەوە فەزاکەیان بۆ هەڵوێست گرتنی خەڵکێک هەێشتەوە کە بایخێکیان بە هەڵوێستی ئەم حیزبانە نەداوە!!؟؟ ئەم شێوە بۆچوونانە تەنیا پێشاندەری دژووازییەکی حاشا هەڵنەگر و پاکانە بۆ بێ ئەرک کردنی خۆیان لە ڕەوتی هەڵوێست گرتندایە. هەڵویست گرتنی حیزبێک نە بە پێی بەشداریی خەڵک یان نەکردنیان، گوێدان بە قسەی ئەوان یان نەدانیان، بەڵکوو بە پێی ئەو بنەواشانەیە کە لە پێوەندیی لەگەڵ سیستێمی دەسەڵات و ئامانجەکانی ئەم حیزبە بنەمای سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەوان بە پێی پێرەو وپرۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرەکەیان پێک دەهێنێ. ئەم چەشنە بۆچوونانە بنەمایەکی پۆپۆلیستیی هەیە کە بە شایدی مێژوو چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی جێهاندا هەرەسی هێنانە، نموونەکەی پشتیوانیی جەماوەریی خەڵکی ئالمان و ئیتالیا لە فاشیسم لە دەیەی ٤٠ی سەدەی ڕابردوو و خەڵکی ئێران لە حکومەتی ئیسڵامیی پاش شۆرشی ڕێبەندانی ٥٧ی هەتاویی و پشتیوانی کردنی بەشێک لە هیزە چەپەکانی ئێرانی وەکو “حیزبی تودەی ئێران” و پاشان “سازمانی فیدائیانی اکپریت” لە ڕژیمی ئیسڵامیی ئێرانە. بە باوەری نووسەری ئەم بابەتە، هەڵبژاردنی دروشمەکان و شیوەی سیاسەتی بەشێک لە حیزبەکان نە لە تەبایی لەگەڵ ئاستی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە درێژایی دەسەڵاتداریی حکومەتی ئیسڵامیی کۆڵی نەداوە و لەم دوایانەشدا چ لە کاتی شەری کۆبانی و هێرشی داعش بۆ کوردستان و چ لە کاتی شهیدکردنی نەمر فەرزاد و هاورئیان، چ بەردەوام لە ساڵرۆژی ترۆری نەمڕ دوکتور قاسملو ئاستیی ئاگایی نەتەوەیی خۆی نیشان داوە، بەڵکوو بە پێی بارودۆخی نێوخۆیی و ئابووریی حیزبەکان لە باشوری کوردستان، نەبوونی پێگەیەکی بەهێز و کەمایەسیی کارو چالاکیی جیددی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دابڕانەکانی بێپسانەوەی نێوحیزبەکان و دوورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە کادر و ئەنەدامەکانی ڵێهاتوویان، هەروەها بێ کاریگەرییان لە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستانە. ئەم خاڵە نەرێنییانە بۆتە پێوەری پێناسەکردنی ئاستی بزوتنەوەی کورد لە ئێران و هەڵسوکەوت لەگەڵ کاربەدەستانی تاران! ئەم چەشنە هەڵسوکەوت و زەوی و ئاسمان بە یەک گرێدانەوە دەتوانێ تەنیا نێشانەی‌ خەمۆکیی سیاسیی و ناتەوانیی لە هەڵبژاردن دروشمی شیاو و سیاسەتی درووست بێ، کە بە داخەوە چەپ و ڕاست وەکو بنێشتە خۆشەی عەقلییەتی سیاسیی دووپات دەکرێتەوە؟ بێ گوومان ئەرکی حیزبێکی ئوپۆزیسیۆنی لە دەروەی وڵات پێویستە جیاوازیی لەگەڵ ڕێکخراوەیەکی مەدەنیی، فەرهەنگیی و سیاسیی لە ئێراندا بێ‌ و نابێ ئەرکی حیزبێکی سیاسی کورد کە خۆی بە بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دەزانێ و بە شوێن پێکهێنانی “کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی ئێران”دایە بێتە ئاستی ڕێکخراوەیەکی مەدەنیی و فەرهەنگیی نیو وڵات کە لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی ئێراندا کار و چاڵاکیی دەکات، و بەردەوام بە دووپاتکردنەوەی ئەم ڕاستییە کە دەوڵەتی ئیران بە کورد نارووخێ پاکانە بۆ بێ دەستەڵاتیی خۆی بکات.

ئەگەر حیزبێک خۆی پێشرۆی خەڵک دەزانێ و ئاڵاهەڵگری دروشمی دیموکراسیی و فیدرالیسم بۆ ئێرانە، بێ گومان دەچێتە خانەی حیزبە ئوپۆزیسیۆنەکانی ئێرانیی و دەبێ هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەوان بۆ ڕووخاندنی ئەم حکومەتە تێبکۆشێ، بەڵام ئەگەر تەنیا پێی وایە مەسەلەی کورد مەسەلەی سەرەکی ئەوە و دەتوانێ لەگەڵ شەیتانیش بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە سەر میزی وتووێژ دانیشێ و لە چوارچێوەی کۆماری ئیسڵامیدا بە ئامانجەکانی بگات، باشترە ڕاشکاوانە لەم ڕەوتەدا هەڵوێست بگرێ و تێبکۆشی ببێتە حیزبێکی قانوونی لە چوارچێوەی ئێرانی ئیسڵامیدا. بەڵام لە بیرمان نەچێ ئەگەر حیزبێکی فیدرالیخوازی کورد بتوانی لە ئێراندا کار و چاڵاکیی سیاسیی بکات، ئەوە لە دوو حاڵەت بەدەر نی‌یە، یان ناوەرۆکی ئەم حیزبە گۆڕاوە یان دیاردەیەک بە ناوی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران ئیتر بوونی نەماوە. لە لایەکی دیکەش ئەزموونی پارتی و یەکێتیی‌مان لە کاتی دەستەڵاتداریی سەدام لە بیر نەچێ کە بە جیا کەوتنە معاملە لەگەڵ دەستەڵات و چیان بەسەر یەک هێنا و چۆن سەدام لە ڕەوتی سیاسەتەکانی خۆی کەڵکی لەم ئاڵۆزییانە وەرگرت. لێرەدایە ئەم وتە جوانەی خواجە عبداللەی ئەنساریی خۆی بە جووانی دەنوێنێ کە دەڵێ”نرخی هەر کەسێک لە کارەکەیدایە و “ێ‌ن ارزی کە می‌ورزی”.

٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاویی

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …