سەر لە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بەرواری ١٧ بەفرانبار ئێوارە شێعرێک بە بەشداری شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی، لە شاری سەقز بەڕێوە چوو. خەڵکی شاری سەقز پێشوازییەکی ڕازاوە و فراوانیان لەم ئێوارە شێعرە کە بە میوانداری ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبی پەیڤ و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی گوتار بەڕێوە چوو، کرد.
هاوکات لەم ئێوارەی بەفرانبارییە ڕازاوەدا ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە دوو بەرهەمی شێعر و بەرهەمێکی ڕۆمان، سەرجەم سێ بەرهەم، بەڕێوە برا. شایانی ئاماژەیە ئەم بەرهەمانە بریتی بوون لە ١- خۆرێک ئەدەمە بن دەستم کۆ شێعری شاعیری بە توانای سەقزی یوونس حسەینی ٢- ئانتراکت کۆ شێعری شاعیری لاوی سەقزی میلاد ئەمانوڵاهی ٣- کەتنگە رۆمانی عەلی حسەینی وەک یەکەمین ئەزموونی ئەدەبی گێڕانەوەی نووسەر، کەوتنە بەر دیدەی خوێنەران و لە لایەن مامۆستایان ئاسۆ، حسەین شێربەگی، ئەحمەد شەبانی و سمایل عەزەمییەوە خوێندنەوەیان بۆ کرا و هەڵسەنگێندران.
پاشان لەگەڵ ئانتراکتێکی کورت ئامادەبووان وەک پشتگیری لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، پێشوازییەکەی گەرمیان کرد و بە کڕینی کتێبەکان، بەشداری خۆیان بۆ تەواو کردنی پڕۆسەی کتێب لە بەرهەم هێنانەوە تا خوێندنەوە، ڕاگەیاند.
بەشی دووهەمی بەرنامەکە بە خوێندنەوەی شێعری شاعیران درێژەی پێدرا. لەم بەشەدا شاعیرانی بە توانا و خامە ڕەنگینی شارەکانی بانە، مەریوان، سنە، دیواندرە، بۆکان، كرماشان، مەهاباد و بیجار بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەشی بینەران و بیسەرانی ئامادە بوو کرد و کۆڕەکەیان ڕازاوە تر کرد.
لە کۆتاییشدا شاعیرانی بەشداربووی ئێوارە شێعر لە لایەن ناوەندی گوتارەوە خەڵات کران.