پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

کام دەوڵەتی کوردیی دروستدەکرێت؟ / مه‌ریوان وریا قانع

ئەوەی کەمەکێک ورد سەرنجی دۆخی ناوچەکە بدات دەبینێت سیناریۆیەکی تورکیی-سعودی-خەلیجی ھەیە کە خوازیاری ئەوەن دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی سوریا بەم شێوەیەی ئێستای نەھێڵنەوە. دووبەش لەو دوو وڵاتە بپچڕێنن و دەوڵەتێکی سونی تیادا دروستبکەن لە شوێنی خەلافەتەکەی ئەمڕۆی داعش. ئەم دەوڵەتە سونیە دەخوازێت سونەکانی عێراق و سونەکانی سوریا لە جوگرافیایەکی سیاسیی نوێدا کۆبکاتەوە، شوناسی سونەبوون شوناسی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە دەبێت. ئەوانەشی ئەم دەوڵەت بەڕێوەدەبەن لانیکەم دوو ھێزدەبن، یەکەمیان کۆنە بەعساییەکانی ناو ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، دووھەمیان ھێزە ئیسلامییە سونەکان کە لە ئێستادا لەو ناوچەیدا ھەن. ئەم داعشەی ئێستا ھەیە لەناودەبرێت لەشوێنی ئەودا ”داعشێکی خەفیف” لە ھێزە دینییە سونەکانی وەک ئەحراری شام و جەبھەی نوسەرە و ئیخوانەکانی سوریا و عێراق دروستدەکرێت. خۆ ئەگەر ئەوەمان زانی کە کۆنە بەعسییەکان چیتر ھێزێکی نادینیی نین و حیزبی بەعس لە ساڵانی ١٩٩٠ ەوە بەخێراییەکی گەورە گۆڕاوە بۆ ھێزێکی دینیی یان نیمچە دینیی سونیی توندڕەو، ئەودەم دەزانین ئەو دەوڵەتەی کە دروستدەبێت تێکەڵێک دەبێت لە کەلەپوری بەعس و کەلەپوری ھێزە سونییە جیھادییەکانی ناوچەکە. ئەمەش لەباشترین حاڵەتدا شتێک دەردەچێت لە بابەتی سعودیە و لە خراپترین حاڵەتیشدا دەوڵەتەکەی تاڵەبان زائیدەن عەقڵیەتی بەعس. بە کورتی ئەم دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتێک لەیەککاتدا پڕ لە نەخۆشییە دینییەکانی ھێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ناوچەکە و پڕ لە نەخۆشییە عروبییەکانی ئەزموونی بەعس.

 

ئەی دۆخی کورد لەناو ئەم پلانەدا چیلێدێت؟ ئەوەی لەئێستادا دیارە ئەوەیە کە تورکیا و سعودییە و خەلیج یان ئەوەتا ھەولێر و دھۆک دەخنە ناو ئەم دەوڵەتە سونیە تازەیەوە و پێگەیەکی بەھێز بە بنەماڵەی بارزانی لەناو ئەم دەوڵەتەدا ئەدەن. ئەواتا بەئاشکرا دەبینین تورکیا کوردانی باشور وەک کورد سەیر ناکات، بەڵکو وەک سونە سەریریان دەکات، بۆیە دەچێت شونێنێکیان لەناو ئەم دەوڵەتە سونیە تازەدا بۆدروستبکات، بەڵام وەک وتم لەژێر سەرکردایەتی خێزانی بارزانیدا. یان ئەوەتا دەوڵەتۆچکەیەکی پاشکۆ و وابەستەی لاواز لە ھەوڵێر و دھۆکدا دروستدەبێت کە ھەموو بڕیار و سیاسەتەکانی دەکەوێتە ژێر چەپۆکی تورکیاوە. یانی شتێک لە ھەولێر و دھۆکدا دروستدەبێت وەک کۆڵۆنییەکی تورکیا. ئەرکی ژمارەیەکی ئەم کیانە کوردییەش بریتیدەبێت لە غاز و نەوتفۆرشیی بە تورکیا و ئەرکەکانی تری دەبێتە پێگەیەک بۆ بەگژاچوونەوەی ھەموو کەس و لایەنێک کە دژ بە سیاسەتی تورکیا لەناوخۆی تورکیا و ناوچەکەدا بجوڵێتەوە، لەپێش ھەمووانیشەوە پەکەکە. لەناو ئەم سیناریۆیەدا ئەزموونە سیاسییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان وێراندەکرێت و ئەو بەشەی کوردستان دەخرێتە ناو ئەو دەوڵەتە سونەیەوە کە تورکیا و سعودیە و خەلیج دەیانەوێت دروستیبکەن. بەڵام بێگومان ئەمە تاقە سیناریۆیەک نییە کە ھەیە، لەبەرامبەریدا سیناریۆی ئێران و سوریا و عێراق و ڕوسیاش ھەیە کە ھەموو شتێک دەکەن بۆئەوەی ئەم پلانە سەرنەگرێت.

 

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بوون بەبەشێک لەم پرۆژە سونییە، کە لەباشترین دۆخدا دو شاری ھەرێم لە شارە کوردییەکانی تری ھەرێم جیادەکاتەوە و بە کردەوە یان دەیانکات بە کۆڵۆنییەکی تورکیا، یان بە بەشێک لە دەوڵەتێکی ئیسلامیی سعودیی یان تاڵەبان ئاسا، ئەمە جگە لە وێرانکردنی ئەزموونی کوردانی خۆرئاوا و بەرپاکردنی جەنگێکی خوێناویش لەگەڵ پەکەکەدا. دەڵێم ئایا ئەمە پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیە، یان پرۆژەی وێرانکردنێکی ستراتیژیی مەسەلەی کوردە؟ ئەوەی لەم دۆخەدا بەئاشکرا دیاردە غیابی تەواوی ھەموو سیاسەتێکە کە بکرێت بە سیاسەتی کوردیی یان کوردستانی ناونووسیبکەین، ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونی خەیاڵی ھەندێک خێڵ و بنەماڵەی سیاسییە، بەھەندێک پرۆژەی ئیقلیمی کە ھەرچییەکیان لێسەوز ببێت دەوڵەتێکی کوردستانی قابیلی ژیانیان لێدروست نابێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …