پێم شک نایە لەم جیهانە و لە سەرتاسەری کوردستان کەس نکۆلی بکات، دۆخی ئێمەی کورد بە لەبەر چاوگرتنی هەموو هەڕەشە و ئالۆزییەکانی وڵاتان و بە تایبەت وێرانی، ئاوارەیی، شەڕ، تێرۆر و لێقەوماویی لە لایەک و دیسان دابەشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و برینە چاوی زلهێزەکان و تەماحیان بۆ ئەم وڵاتانە، چەندە هەستیار و دیسان کەوتۆتەوە بەر دیاریی کردنێکی چارەنووسسازی مێژوویی.
دیسان پێم شک نایە هیچ مرۆڤێکی چاوکراوە و دڵسۆز نکولی بکات، لە کەش و هەوایەکی ئاوادا کوردستان چ قەیراناتێکی ناوخۆیی و دەرەکی یەخەی گرتوە، قەیرانی ناعەدالەتی، ئابوریی، کۆمەڵایەتی، کۆچ و ئاوارەیی، ناکۆکی سەرکردەکان، داخستنی پەرلمان، فەرهود و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵک، نایەکگرتوویی، قۆرخکردنی دەسەڵاتەکانی بەرێوەچوونی حکومەتی هەرێم و بێ متمانەیی و فێل و دۆژمنایەتی دەرو جیرانەکانی کوردستان هەر لە ئێران و عێراق و بگرە تا دەگاتە تورکیا، زۆربەیان گورگن و دەچنە ناو پێستی مەرەوە و هەموو دەزانین ئەم دۆژمنانە بۆ یەک کات و ساتێک ناکرێت و نایکەن کە دۆستمان بن. روون و ئاشکرایە سەران و دەوڵەتمەدارانی ئەمڕۆی ئێران و تورکیا و عێراق هەر وەک رەزا شا و حەمەرەزای کوڕی و کەماڵ ئاتاتورک و ژنراڵەکانی تورکیا و سەدام و دەسەڵاتە کۆنەکانی بەغدا، دژە کوردن و بۆیان بکرێت بە یەکجاری نامانهێڵن و دیسان کۆمەڵکوژمان دەکەنەوە.
جاران لە شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی گەلی کوردستان دەیان جار شکست ، نسکۆ، خەیانەت، سادەیی و سیاسەت نەزانی سەرکردە و حیزبەکان، ئاشبەتاڵ، ناهوشیاری خەڵک و بە فیرۆدانی خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلەمان بینیوە، لێ مخابن هەرگیز نەکرا و ئیزەن نەدرا بە نوخبە و رۆشنبیر و نەوەکانی دواتر هەڵوێستە و خەسارناسێک بکەن لە شکستەکان و هەمووجار دیزەبە دەرخۆنە کرا و هیچ شکستێکی کوردم پێ شک نایەت کەس خۆی کردبێتە خاوەنی. هەموو جار شکستەکەیان بەسەر وڵاتێک و هۆکاری دەرەکیدا هێناوە، وەک ئەوەی ئیتر کورد خۆی و سەرکردەکانی بێبەری بوون لە هەرچی پێی دەڵێن نەخوێندنەوە، سیاسەت نەزانی، نەبوونی ستراتیژ، تێنەگەیشتن لە حیزبایەتی، ئامادەنەکردنی کۆمەڵانی خەڵک، نەبوونی متمانە بە سەرکردەکان، ناعەدالەتی، خۆمە خۆمە و دەیان هۆکاری تر.
بوون خەڵکانێک لە هەمووی ئەم شۆڕش و شکستانە قسەیان هەبووە و رەخنە و سەرکۆنەی سیاسەتی چەوتی سەرکردەکانیان کردوە، بەڵام قسە و رێنوێنەکانیان بە دڵی رێبەر و کاربەدەستان نەبووە، یان دووریان خستونەوە و لە دەوریان خاریج کردوون یان بە دەستی “شوڕش”کان تێرۆر و لە ناو چوون. ئەم کردەوانە و ئەم راستییانە و ئەم دەنگانە بە هۆی نەبوونی ئامرازی پێراگەیشتن و میدیای ئازاد و بەربڵاو، کپ کراون و تەنانەت هەرە زۆریان وەک مێژووش، نەوەکانی دواتر لێی بێخەبەرن.
شک و گومان نییە ئەمڕۆ کورد دیسان لە دۆخێکی چارەنووسساز و مێژوویی دایە، هەلێک هەڵکەوتوە گەر بێتو نەقۆسترێتەوە و بە فیرۆ بدرێت، ئەوە دەبێ هەموو مل بدەین بە وەی نەوەکانمان بە لەعنەت و شەرمەزارمان بکەن و هەرگیز لێمان نەبوورن.
بە خۆشییەوە ئەمجارە کەوتووینە سەردەمێک نە نامە بە وڵاغ دەگات و نە نامیلکە و گۆڤار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە شەهید و قوربانی دەوێت، جاران بە دەیان ساڵ گەر رۆژنامەنوسێکی بیانی رێی لە کوردستان کەوتبا، بە دەیان رێگەی پڕ لە کەند وکۆسپ و شاخ و دەراندا، ئێستا بە سەدانیان رۆژانە بە فرۆکە دەگەنە کوردستان و بە هەزاران رۆژنامەنووس و بە ملیون فەیسبوک نووسمان هەست و مو لە ماست دەردێنن. جاران گەر دووسێ پیاوی کورد لە هەندەران بوون ئێستا بە سەدان هەزار کوردی هەندەران و پسپۆر و شارەزا لە دەرەوەی وڵاتن و زۆربەشیان شەو و رۆژ لە سەر خەتن و چاودێریی هەموو کەلێن و قوژبنی سیاسەت و چی لە کوردستان دەگوزەری دەکەن. جاران دوای هەر شکستێک هەرچی بەڵگە و ئارشیوی حێزب و ماڵان کە هەبوو لە ترسان دەسوتان و لەناو دەچوون، ئێستا شتێک پەیدا بوە پێی دەڵێن گوگل، چیت بوێت لۆت پەیدا دەکا، تەنانەت شەوە سورەکانی بەرپرس و گەندەڵکارانت بۆ نمایش دەکات، جا چ بگا بەوەی هەڵوێست و ئاکاری سەرکردەکان ئەمرۆ چییە و دۆینێ چ بوو!
لە کەش و هەوایەکی ئاوادا لە کەس شاراوە نییە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی بە سەرکردایەتی تاقە بنەماڵەیەک بە قەیرانی زۆر زەبلاحدا تێدەپەرێت، ناعەدالەتێکی بێرەحمانە و زۆر زەق و قێزەون باڵی بەسەر هەموو هەرێمەکەدا کێشاوە، کار گەیشتۆتە لێکترازان و نەخوێندنەوەی یەکتر و بیر چوونەوەی هەل و دەرفەتەکە.
ئەم بنەماڵەیە و بانگخوازەکانیان شەو و رۆژ بەو هەمووە دەزگا زەبەلاحانەی ئێعلام دەیڵێن و بانگەشە دەکەن هەموو شت باشە و چارەنووسی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە؛ ئەی هاوار لێگەرێن با کاک مەسعود سەرۆکی پارتی ئیشەکە و موهیمەکە بگەیەنێتە مەنزڵگەی ئارام و سەربەخۆیی کوردستان دەستەبەر بکات و میللەت ئازاد و خۆشبەخت بکات. شەرمەزاری و روورەشی بۆ هەموو ئەم کەسانەی ئەم موژدەیان پێ ناخۆش بێت!
لێ کاکە من و سەدان هەزار هاوولاتی کورد دەمێک ساڵە هیچ متمانەمان نەماوە و باوەڕ بە قسە و بەڵێنی ئێوە ناکەین و بە تایبەت کە زۆربەتان لە سایەی ئەم پارتی و سەرکردەکانی بە دەسەڵاتی مادیی و ئیجرایی بێ ژمار و بێ بن ئەوەندە موستەفید و خۆشگوزەران و سەرمەستن کە ویژدان و مۆرالتان دوور هەڵداوە و بە ژنێک رازی نەبون کردتان بە دوو وسێ، ویلایەک کرا بە چوار و پێنج، سەیارەیەک کرا بە دە و پانزدە، ملیون دوڵار کرا بە سەدان و ملیار، چۆنت متمانە پێبکەم کە تۆ ئاوا دەژی و خۆت بە خوای کوردایەتی دەزانی کە چی کور و کچە گەرمیانی و هەڵبجەیی شەو لە سەرمان و بێ موچەیی هەڵدەلەرزێن و کوڕانمان پوڵ پوڵ کۆچ دەکەن و خۆ بە دەریای رەشی مەرگی ئاوارەییدا دەدەن و لە چەنگانتان هەڵدێن!
پێمخۆشە و ئاسودە دەبم بە دڵێکی فراوانەوە متمانەت پێبکەم، لە لایان خۆم و سەدان هەزار کوردی ئەم هەرێمە، تەنیا یەک دێر بنووسن و بیدەنە دەم رەشەبای سلێمانی و با هەموو عالەم لێی ئاگادار بێت: “ئەگەر هاتوو ئەمجارە شکستمان بە کورد هێنا و دیسان سەودای تورک و عەجەم و عەرەبمان پێکرد، ئەوە تەنیا ئێمە بەرپرس و موستەحەقەی محکەمەی خەڵکین و روورەشی دایکی نیشتمان”. هەر ئەوەندە بڵێن زۆر دڵسۆز و رەخنەگر هەبوون ئیهانەمان کردن و تەشهیر و ناوزڕاندن، تێرۆر، دمکوت و دەرمانپەراندن، داوای لێبوردنیان لێ دەکەین. بێتو ئەمە بکەن من بەش بە حالی خۆم ئاسودە دەبم و شەرت بێ بێدەنگ، کە هاتوو کوردیش لە سەر دەستی ئێوە گەیشتە ئارامی و سەربەخۆیی، دێم و لە بەر دەم ئێوە و هەموو کورد سەر دادەنوێنم و رازی دەبم بە هەر حوکمێک کە بیدەن! (مەبەست هەموو تاکێکی وەک خۆمە)
نا! ئەمجارە ” شوکر وشیارە میللەت تێدەگا چیتر دنیا خەرابات نییە”، هەر ئەمڕۆ لەم فەیسبوکە بە دەیان جار دیتم قسەی سەرکردەیەکی دیار لە ٩٦ لە تەلەفزیونی “مێد” کەچی بە سەرانی ٣١ی ئاب نەدەگوت، بۆنی خوێنی لێوە دەهات، ئەمرۆژانە هەر ئەم “سەرکردەیە” تەنیشتی کاک مەسعود بەر نادات و بە سەرۆکی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئێ کاکە چۆنت دیسان متمانە پێبکەم؟!
بەڵام قسەی کورتی ئەمجارەم، ناکرێت ئەم دەرفەتە هەڵکەوتووییەی ئێستا بدەینە دەستی قەدەر و دیسان متمانە، سایکسبیکۆ رێک سەد ساڵی کێشا ئیتر کورد بەرگەی سەد ساڵی دیکە ناگرێت، هەموو دەزانین بنەماڵەیەک دەسەڵات و بریارەکانی ئەمڕۆی کوردیان لە دەستی خۆیاندا قۆرغ کردوە و نە بەقسەی کەس دەکەن و نەکەس بەشدار دەکەن لە چارەنووسی ئەم میللەتە، زۆر زیاتر لە لایەکی ئەم خەڵکە دەڵێن و هاوار دەکەن ئیتر تۆمان ناوێت و متمانەشت پێ ناکەین، بە سەدان هەزار و ملیۆن کۆمێنت رۆژانە لەم فەیسبوکە لە دڵ و هەناوی ئەم خڵکە دێتە سەر رووپەڕی موبایل و لاپتۆپەکان، کەچی هەر بە بای خەیالیان دا نایەت و هیچ حیسێبێکیان بۆ ناکرێت، بڵێی و نەڵێی، بنووسی و نەنووسی، هاوار بکەی و نەکەی، بۆ وان هەر وەک یەکە! کە وابوو رێگە چارە چییە؟!
یەک لەم شتانە کە ئۆپۆزیسۆن جاران هەرەشەی پێوە دەکرد عوسیان و تورەیی کۆمەڵانی خەڵک بوو، کە چی خۆیان ئەم چەکە پیرۆز و بەحەق و بە هێزەیان لەبار برد. ئەمڕۆ بە دەیان هەزار کوردی هەندەرانی زۆر تورە، هاوشاری وڵاتێکی ئوروپی و رۆژئاوایین، بە هەزاران خوێندکار و رۆشنبیر و نوخبە و مامۆستا و کارمەند هەن بەم قۆرغ کردنە رازی نین، هەموویان نووسیان و هاواریان کرد، خەڵکی فەقیر و هەژار گریان، هیچ نەبوو، با هەموو ئەم چین و توێژ و هاوڵاتییانە بریارێکی یەک لاکەرەوە بدەن، هیچ دەسکەوت و سەرکەوتنێک بە بێ قوربانی نەهاتۆتە دی، زۆرداران بۆ مانەوەی خۆیان و کورسێکانیان هەرگیز خۆیان نەپاراستوە لە کوشتن و گرتنی تەنانەت بە کۆمەڵیش، بەڵام خەڵکی ولاتان زۆر بوون کە زوڵم ئەستور بووە خۆیان داوەتە بەر توڕەیی، دژی زاڵمان. وەرن یەکجار رێپێوانێکی مێژوویی دەیان هەزار کەسی بەرەوە کۆشک و دەسەڵاتی هەرێم وەرێ بخەین، لە سلێمانی و کەرکوکەوە بە کۆیەدا و شار و گوندەکانی سەر رێ، بە گوڵ و بە بێ تەنیا یەک چەکیش، بە ئاگاداری ئەم وڵاتانەی کە وڵاتی دووهەمە، هەموو میدیا و دۆستانی بیانی، دەچێن بە پێیان بە گۆرانی و شادی، بە دڵێکی فراوانەوە وەک سەیران، هەمووی هەر دووسێ رۆژ دەبا، بۆ بەردەم بارگای کاک مەسعود، هەرچی قسەی دڵ و راستییەکانە پێی دەڵێن، با ئەو گوێ لە میللەت بگرێ و میللەتیش لە ئەو. ئەم تاقیکردەنەوەیە لە ئەمڕۆدا کە زۆربەی خەڵک لە دۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین، دڵنیام زۆر ئیجابی دەبێت، دوو رێگە زیاتر نییە، یان ئەوەتا پێشوازیمان لێدەکا و بە تەوازوعەوە داواکارێکانمان قەبوڵ دەکا یان ئەوەتا بەر گولە دەدرێین و خۆمان و هەموو میللەت و دۆستان لە راستی و واقعی کورستان ئاگادار دەکەینەوە. ئەم کارە زۆر جار لە مێژووی وڵاتان تاقی کراوەتەوە و زۆربەی جارەکان دەسکەوتی گەورە و سەرکەوتووی بووە، لەوانە خەڵکی هیندوستان و غاندی، چین و ماو و… لە کوردستانی خۆشمان لە رۆژهەڵات لە ساڵی 79 کاک فواد رێپێوانی گەورەی وەرێ خست لە مەریوانەوە بۆ سنە و لەوەش تازەتر و گەورەتر کۆچی بە کۆمەڵی باشوری کوردستان لە ٩١ کە بوو بە دانانی ناوچەی پارێزراو. لەم دووسێ مانگەی رابردووشدا دیتمان خوشک و برایانمان لە باکور بە کردەوەیەکی یێ وێنە و سەرکردەکان لە پێشی پێشەوەی ریزی ریپێوانەکە چۆن ئابلۆقەی جزیریان تێکشکاند، لە گەڵ ئەوەش تەرەفی ئەوان دەسەڵاتی تورکی وەحشی بوو!
ئەگەر ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەرەی ئۆپۆزیسۆنی جاران، ئیدعای هێنانی دەنگی خەڵک دەکەن بە سەدهەزار و چەند هەزار و چی و چی با خۆیان تاقی کەنەوە و بزانن لەو هەمووە سەدان هەزارە چەندیان بۆ دێتە ئەم رێپێوانە مێژووییە!
دڵنیام کوردێکی زۆری ئوروپا حازرن بۆ ئەم کارە و زۆریش زەحمەت دەبێ بریتانیایی و ئاڵمانی و سویدی و … بدرێنە بەر گرتن و ئازار و کوشتن!
هاتوو ئەمەم بینی لە میللەتەکەم، ئەوە سەد هێندەی ئێستا باوەڕ دێنم بە هوشیاری و ئیرادەی، گەر هەر چاوەرێ بوون و هەموو ئەم شتانەیان قەبوڵ کرد وادیارە بە درێژایی ئەم سەدان ساڵە کە بێگانە سەرکوت و بەکۆیلەی کردووین، بۆتە کولتور و عادەت، ئیتر فەرقی پێناکا زاڵم بێگانەیە یان خۆیی. خۆم لەوانەم گەر زوڵمی بێگانە جارێک ئازارم دەدا، زوڵمی خۆیی بە سەدان جار دەمکزێنێت!