هه‌ینی 4 تشرینی یه‌كه‌م 2024

نێچیرڤان بارزانی ئازادکردنی شنگالی ڕاگەیاند

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازادکردنی شنگالی ڕاگەیاند و پیرۆزبابی لە تەواوی خەڵکی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

خۆشحاڵم كە هاوهەست لەگەڵ هەموو گەلی كوردستان و هەموو ئازادیخوازانی جیهاندا، بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرپەرشتیاری گشتیی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شنگال و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەو داستانە بكەم. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی كوردانی خۆشەویستی ئێزدی و میری ئێزدییان و بابەشێخ و ئەندامانی جڤاتی ڕۆحانی و هەموو خەڵكی دەڤەری شنگال دەكەم بەبۆنەی ئازادكردنەوەی دەڤەری شنگال، سەری ڕێزیش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو نەبەردییەی پێشمەرگە دادەنەوێنم و هاوخەمی كەسوكاریانین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

هەر لێرەدا زۆر سوپاسی سەرۆكایەتی و ئیدارە و سوپا و گەلی ئەمه‌ریكا دەكەین بۆ یەكدەنگییان لەسەر یارمەتیدانی پێشمەرگە و هاوكارییان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شنگالدا. زۆر سوپاسی هەموو وڵاتە بەشدارەكانی هاوپەیمانیی دژی داعش دەكەین و سوپاسی هەموو وڵاتە دراوسێ و دۆستەكان دەكەین كە پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە لە بەرپەرچدانەوەی داعش و دوورخستنەوەیان لە خاكی كوردستان و پشتیوانیكردنیان لە پاراستنی ئازادی و پێكەوەژیان لە كوردستان.

ئازادكردنەوەی شنگال بۆ ئێمە وەك گەلی كوردستان و هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤپەروەرانی جیهان، مانایەكی زۆر گەورەی هەیە. تیرۆرستانی داعش كاری زۆر وەحشیگەریانەیان لە سووریا و عێراق و ناوچەكەدا ئەنجام داوه‌، بەڵام كۆمەڵكوژی و وەحشیگەریی هەرە گەورەیان لە شنگالئەنجام دا. داعش ئەنفالێكی تازەی لە شنگال لە بەرامبەر نەتەوەی كورد ئەنجام دا، سەدان ئافرەت و كچی كوردی ڕفاند، هەرچەندە بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆریان ڕزگار كراون، بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆریان لەژێر دەستی داعشدا ماون و تاكو یەك ئافرەتی كوردی ئێزدیش لە دەست داعشدا مابێت، خەمی كۆمەڵكوژیی شنگال لە ناخ و هەستی ئێمەدا تەواو نابێت. ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ڕزگاركردنی هەموو ئافرەتاكانمان لە دەست داعش، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی درێژە پێدەدات بۆ ناساندنی كۆمەڵكوژیی شنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك جینۆساید.

لە ئەنجامی هێرشی وەحشیگەریانەی تیرۆرستانی داعش، شنگال دووچاری وێرانكارییەكی زۆر گەورە بووە. ئێمە پێشتریش لەسه‌ر مەزاری شەرفەدین لە دەڤەری شنگال ڕامانگەیاند و ئێستاش دووپاتی دەكەینەوە كە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی شاری شنگال و دەڤەرەكە بەگشتی، كارێكی لەپیشنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین هاوكارمان بن. هەروەها بە خەڵكی خۆشەویستی شنگال ڕادەگەیه‌نم كە هەموو هەوڵێك دەدەین لە ڕووی یاسایی و ئیدارییەوە پشتیوانی لە داواكاریی خەڵكی دەڤەرەكە بكەین بۆ ئەوەی شنگال بكرێتە پارێزگا.

دووباره‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زه‌یرانی هه‌رێمی كوردستان

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …