دەربارەی بەشداریکردنی کورد لەپێشانگای فرانکفۆرت؛ دەمەو ێت بزانم چیدەکەن لەوێ ؟! دیاری دابەشدەکەن بەسەر یەکتردا، بەکامە پێوەر؟ خەڵاتی زێڕینی ئەم وەزارەتە چییە؟ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکان کراوە ؟ کوا ڕیڤیو لەسەر بەرهەمەکان و لەسەر کامە قەسیدە و چیرۆک و کاری داهێنان و گرنگیان چییە و چۆنە؟ بۆچی لەفرانکفۆرت؟ بۆچی وڵاتی خۆت بەسووک دەزانیت بۆ دابەشکردنی ئەو دیاریە، بۆ لەفرانکفۆرت، گرنگی فرانکفۆرت چییە لەڕوانگەی ئەم وەزارەتە؟ چەندە نێوەندە کولتوریەکانی ئەڵمانیا ئاگادارن و چۆن نمایشی ئەم خەڵاتە کرا و لەکامە کۆنسێپتی یونیڤێرسالیەوە؟
چەندە موحازەرەیان بەئەڵمانی لەوێ لەسەر باری ڕۆشنبیری کوردی و ڕۆمانی کورد پێشکەشکردووە؟! کوان بۆ چی نایانبینین ؟! بابەتەکان چۆنن و کوا گۆڤاریک بەزمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و کوردی کەچآلاکیەکانی ئەم چەند ڕۆژە بخاتە ڕوو!
چەندە رۆمانی کوردیان کردووە بەئەڵمانی و ئینگلیزی؟!
لەگەڵ چەندە دەزگای چاپی ئەڵمانی و میللەتانی دونیادا عەقدی وەرگێڕانیان ئیمزاکردووە؟
ئەو کتێبانەی لەوی دانراوون بەکوردی کێ لەزمانەکەی دەگات؟!
بەکورتی تەنها ڕووبەڕیکە بەکرێیان گرتووە و لەدواجاردا لەنێو خۆیاندا دیاری پیشکەشدەکەن بەخۆیان ! ئەمە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵیە لەوەزارەتێک کەناوەکەی هەڵەیە، نابیت وەزارەتی ڕۆشنبیری بێت، دەبێت وەزارەتی کولتور یێت ؛ کورد دەڵێت لەبێخەبەران کەشەک سەڵاوات!
* ئەمەش وەڵامێکی منە بۆ کاکە شەهاب دەربارەی وەزارەتی بەناو ڕۆشنبیری و وەزیرە حەیاتەکەی خوابیپارێزێت؛
کاکە شەهاب گیان من وەڵامت دەدەمەوە؛ ، کۆی ئەم وەزارەتە دوورو نیزیک پەیوەندی بەڕۆشنبیریەوە نییە ! ئەمە یەکەم .
دووهەم ناوی وەزارەتەکە هەڵەیە ، بەمانای گەر وەزیر و کۆی وەزارەت ناوەکانیان هەڵە بێت ئیتر دەبێت وەزارەتەکە چۆن بێت !.
سێهەم؛ وەزیر و وەزارەت باس لەڕۆشنبیری دەکەن کەچی ناخوێننەوە و کتێب بەئەوان نامۆیە، کوا فەرهەنگی یەکگرتووی کوردی؟ کوا ڕێنوسی یەکگرتووی کوردی؟ کوا زمانی ستاندارتی کوردی؟ حکومەت بەچ زمانێکی کوردی دەنوسێت؟!
چوارەم ؛ لەسەر ئاڕمەکەیان بە ئینگلیزی نوسراوە Minstery of Culture بەمانای وەزارەتی کولتور ، بەڵام بەکوردی نوسراوە وەزارەتی ڕۆشنبیری !
کولتور و ڕۆشنبیری دووشتی جیاوازن ؛
کەواتە دەبوایە ministry of intellectualism ، چونکە ڕۆشنبیری جاریێ مانای Aufklärung یان enlightenment ئەمەش ئەو ئێراو سەدەی هەژدەو نۆزدەیە کە سەدەی ڕۆشنگەری ناسراوە، ئەکتەرەکانی گۆڕانی گەورەیان لەدونیادا بەرپاکرد و ئەوانە بەڕۆشنبیر دەناسرێن بەتەعبیری ئەمیل زۆلا. تائیستا لەدونیادا وەزارەتی وەها نەبووە بۆ ڕۆشنگەری و ڕۆشنبیری، چونکە لەهەموو دونیایەک ڕۆشنبیر intellectual وەزارەتی نییە !
ڕۆشنبیر تۆیت کەچالاکیت ، خۆپیشاندەرێکە، کەسێکە بەدووی دونیایەکی دیکەدا دەگڕێت بەتەعبیری گرامشی، ڕۆشنبیر ئەکادیمی و تەنها خاوەن بڕوانامە ناگرێتەوە بەڵکو ئەکتەریکی چالاکە لەدونیایە و تامردن لەژیاندایە، (فۆکۆ) قسەی زۆرە لەسەر ئەم چەمکە …جا کەئەمە وشەیە ڕۆشنبیر وو ڕۆشنبیری قسە زۆر هەڵبگرێت ، چۆن وەزارەتێک دەکەی بەناویەوە؟!
جا وەرەوە وەزارەتێت هەیێت بۆ ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری ئەمە زۆر کێشەیە!
بەڵام بۆ کولتور کەهونەر دەگرێتەوە، ئەدەب، شانۆ ، تەنانەت بۆنە میللیەکان، خواردنی تایبەت و فۆلکلۆر و شتی دیکە ڕاستە …ئەمەم سەد جار گووتووە و لەچاوپێکەوتن و نوسیندا ئاماژەم پێداوە. کەچی ڕاستی ناکەنەوە و هاتوون لەعەرەبەوە بەسەقەتی سەقافەی عەرەبی بەڕۆشنبیری ناو دێنن.
ئیدی وەزیرەکانیشی جگەلەکەسی سەر بەحزب نەبێت هیچیتر نین ، ئەوەی پیشوو (خوابیپارێزێت) خۆی شیوعی بوو کەچی دکتۆرای لەشەریعەدا هەبوو! بە مەرجێک یەکەم مەرجی کۆمەنیستی ماتریالزمی دیالکەتیکە کەنەفی بوونی خوا دەکات !
ئەم برادەرەی یەکێتیش نازانم لەکوێی دونیای ڕۆشنبیریدایە، بەڵام بۆ خەڵات دابەشکردن عەیبی نییە .
والسلام علی من اتبع الهدی
* هەموو گۆڤار و سایتێک ئازادە ئەم سەرنجە خێرایەم بڵاوبکاتەوە .