بە وتەی لێپرسراوی مانگی سووری پارێزگای ئیلام دوو شاخەوانی كورد كە باوك و كوڕ بوون، بەهۆی بەربوونەوە لە شاخی “مانێشت” یەكیان گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیكەشیان بە توندی بریندار بووە.
“حوسێن عارفی” بەرێوەبەریی ئیدارەی مانگی سووری ئیلام لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیسنا وێڕای پشتراست كردنەوەی ئەم هەواڵە وتی: “سەعات 11ی دوێنێ سێشەممە دوو شاخەوانی تەمەن 60 و 24 ساڵ كە باوك و كوڕ بوون لە شاخی مانێشتی نزیك ئیلان بەربوونەتەوە و باوكەكە بەهۆی برینی قووڵ لەسەری پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە بەهۆی شاخاوی و هەڵدێر بوونی شوێنەكە تیمی فریاگوزارییەكان پاش یەك سەعات گەیشتونەتە شوێن رووداوە و بەهۆی نەبوونی ئیمكانات و فڕۆكەی رزگاركەرەوە، دواتر لە كرماشانەوە فڕۆكەی تایبەتی شاخەوانی هێنرا و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، باوكە تەمەن 50 ساڵەكە پا و سەر و سكی بە قووڵی بریندار بووە و هەر ئەوەش بووە هۆی مەرگی.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە شارەزا نەبوونیان لە رێگە و هاتوچی شاخەكە بووەتە هۆی بەربوونەوەیان.
هەتا ئێستە سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران شوناس و ناوی ئەو دوو شاخەوانە كوردەیان رانەگەیاندووە.
مانێشت یەكێك لە بەرزرترین شاخەكانی پارێزگای ئیلامە كە لە باكووری ئەو پارێزگایە هەڵكەوتووە و 2629م بەرزە.