پەنابەرێكی سیاسی كورد لە وڵاتی ئاڵمان دەستی دایە خۆ كوژیی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، شەوی پێنجشەممە 16ی مانگی رەزبەر “سیرووس رەسوولی” ناسراو بە (هێمن) كە ماوەی چەند ساڵ لە نێو ریزەكانی “كۆمەڵە” پێشمەرگە بوو و نزیكەی 2 ساڵە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ ببوو، لە رێگای خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
كەسانی نزیك لەو پەنابەرە كوردە دەڵێن، هێمن لەم دواییانەدا بە هۆی “رانەهاتن بە تەنیایی تاراوگە و وەرنەگرتنی مافی پەنابەرێتی لە لایەن دەوڵەتی ئاڵمان” تووشی خەمۆكی ببو و لە ئاكامدا شەوی رابردوو دەستی دایە خۆكوژیی.
شایانی باسە، ساڵانە بە هەزاران هاوڵاتیی كورد و ئێرانی بە هۆی نالەبار بوونی دۆخی ژیان و گوشارە ئەمنیەتیی و كۆمەڵایەتییەكان كە هۆكارەكەی بۆ دەسەڵاتدارییەتی خراپی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێننەوە، بە ناچار وڵاتی خۆیان بەجێ دەهێڵن روو غوربەت و تاراوگە دەكەن.