مەحمود ساڵەحی لە چالاكانی كرێكاریی كوردی بە 9 ساڵ زیندان حوكم درا.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی مانگی خەرمانان “مەحمود ساڵەحی” لە چالاكانی ناسراوی كوردی خەڵكی شاری سەقز، لە لایەن دادگای شاری سنەوە بە 9 ساڵ زیندان حوكم دراوە.
مەحمود ساڵحی وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەم هەواڵە بە “زاگرۆس پۆستی” راگەیاندووە، كە ئەمڕۆ كاتێ بە مەبەستی وەرگرتنی حوكمەكەم سەردانی دادگای شاری سنەم كرد، لەگەڵ دادنامەیەك بەرەوڕوو بوومەوە كە تێیدا 9 ساڵ حوكمم بۆ بڕاوەتەوە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: لە دادنامەكەدا باس لە هەموو چالاكیەكانم لە دەیەكانی 60 و 70ی هەتاویی هەتا ئێستا لە بواری خزمەت بە بزاوتی كرێكاریی كراوە و هەروەها لە دادگاشدا من بەرگریم لە هەموو ئەو چالاكیانە و خزمەت بە كرێكاران و زەحمەتكێشان و هەروەها هەوڵدان بۆ پێكهێنانی رێكخراوەی سەربەخۆی كرێكاریی كردووە.
ناوبراو لە ئەمڕۆوە بە ماوەی 20 رۆژ مەجالی ناڕەزایی دەربڕینی بەو حوكمە هەیە.
جێگای ئاماژەیە، مەحمود ساڵحی لەو چالاكە كرێكارییە ناسراوانەی كوردستانە كە ساڵەهایە سەرقاڵی چالاكیی لە بواری سەندیكایی و كرێكارییە و بەو بۆنەوە بەردەوام لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لە ژێر زەخت و گوشاردا بووە و تا ئێستا چەندین جار دەستگیر و رەوانەی زیندان كراوە و لە زیندانیشدا بە هۆی زەختی دەروونی و جەستەییەوە تووشی چەندین جۆر نەخۆشی لەوانە نەخۆشی گورچیلە (كولیە) بووە.