سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

کۆچبەربوون لە وڵاتی خۆتدا / واڵتەر بنیامین/ و. لە فارسیەوە : پەیمان عەلیپوور

شەرحێکی پوخت و پاراو لە سەر چەند شێعرێکی بێرتۆلد برێخت
لە کۆمەڵەشێعری «کتێبی ڕێنوێنی بۆ دانیشتوانی شارەکان»

← لەبارەی شێعری یەکەمەوە (شوێن پێیەکان بسڕەوە)

ئارنۆڵد تێسوایگ لە جێیەکدا باسی لەوەی کردوە کە ئەم ڕیزە شێعرانە لەم ساڵانەی دواییدا مانای نوێی وەرگرتوە . بە بڕوای ئەو ، ئەم شێعرانە شار هەر بەو چەشنە پێناسەدەکەن کە تاکی کۆچبەر لە وڵاتی بێگانەدا ئەزموونی دەکات . ڕاستە ، بەڵام نابێ لە بیربکردرێت : کەسێک کە لە پێناو چینی چەوساوە بە شەڕ دێت ، لە وڵاتی خۆیدا کۆچبەرە . بۆ کۆمۆنیستێکی زیرەک ، پێنج ساڵی کۆتایی کاری سیاسی ئەو لە کۆماری وایماردا ، بە واتای جۆرێک لە کۆچبەری نهێنی بوو . برێخت ئەم ساڵانەی ئاوها ئەزموون کرد . ئەمە پێدەچێت هۆکاری گورجوگۆڵ نووسرانی ئەم کۆمەڵە شێعرە ببووبێت . کۆچبەری نهێنی لە حوکمی شێوەی سەرەتایی کۆچبەری ڕاستەقینەدا بوو ؛ شێوەی سەرەتایی نایاسایی بوونیش بوو [چالاکی سیاسی نایاسایی و بە شاراوەیی] .
شوێن پێیەکان بسڕەوە!
— پێشنیارێک بۆ نایاساییەکان [کرێکارە سیاسیەکان].
ئەگەر ئایدیاکەت لە لای کەسێکی دیکە دۆزێوە:
حاشای لێ بکە .
— پێشنیارێکی سەیر بۆ ڕۆشنبیرانی ١٩٢٨ ، پێشنیارێک بە ڕوونی بلوور بۆ ڕۆشنبیرێکی نایاسایی.
وریابە ، ئەوسا کە خولیای مردنتە
هیچ کێلێکت نەبێ و بەدەستەوەت نەدا ، کە تۆ لە کوێ خەوتووی
— تەنیا ئەم دانە پێشنیارە دەتواندرێت بە پوچەڵ بزاندرێت ؛ هیتلێر و پیاوەکانی ئەم پەرۆشییان لە ڕۆشنبیرانی نایاسایی ئەستاندەوە.
لەم کتێبەی ڕێنوێنیکردندا ، شار وەکو سەکۆ [یان سەرشانۆی نمایشکردن] ی بوون و ململانێی چینایەتی دەردەکەوێت . یەکێکیان دەرخەری ئەو ڕوانگە ئاناڕشیستیە کە ئەم کۆمەڵە شێعرە بە کۆمەڵە شێعری[Hauspostille نامەبەرەکانی ماڵ] دەبەستێتەوە ، وە ئەویدیکەیان پێناسەکاری ڕوانگەی شۆڕشگێڕانەیە کە ئاماژە بە شێعری دوابەدوای ئەوە واتا «سێ سەرباز» دەدات . لە هەر حاڵەتێکدا ، یەک شت دەست لێنەکەوتوو وە وەک خۆی دەمێنێتەوە : شارەکان گۆڕەپانەکانی شەڕ و پێکدادانن . ناکرێ هیچ چاودێرێک وێنابکردرێ کە بە هەمان ئەندازە کەمتەرخەم بێت سەبارەت بە سەرەنجڕاکێشی و سیحراوی بوونی دیمەنەکان کە چاودێرێک کە لە ڕووی ستراتیژیکەوە ڕاهێنەری خەباتێکە. ناکرێ هیچ چاودێرێک وێنابکرێت کە لەگەڵ سەرەنجڕاکێشی و سیحراوی بوونی شارەکان – لەگەڵ ئۆقیانوسی خانووبەرەکانی ، ریتمی هەناسەسوارکەری هات و چۆ لە نێو ئەودا – بە هەمان ئەندازە بێ بەری لە هەست ڕووبەڕوو ببێتەوە کە برێخت بووبوە . ئەم بێ هەستیاریە لە بەرامبەر دەرکەوتەی شار ، کە بەستراوەتەوە بە لە ئەوپەردابوونی زەوق ناسکی لە بەرامبەر ڕێبازە تایبەتەکانی کاردانەوەی شارنشینان ، ئەم کۆمەڵە شێعرەی برێخت لە تێکرای شێعرە لیرک و غەنایییەکانی پێش ئەو کە سەبارەت بە مەترۆپۆلەکان بوون جیادەکاتەوە . واڵت ویتمەن بە ئاپۆڕەی مرۆڤەکان سەرخۆش دەبێت ؛ لە برێختدا ئەم سەرخۆشبوونە بەدیناکرێت . بودلێر دەیڕوانیە جەوهەری دۆشداماوی پاریس ؛ بەڵام سەبارەت بە پاریسیەکان تەنیا ئەو شتەی بەدیدەکرد کە ئەوان ، بە نۆرەی خۆیان ، خەفەتی شوورەیی ئەم دۆشداماویە لە نێو ئەودا دەخەنەسەرشان . فێرهارێن لە هەوڵی بە ئیلاهیاتی کردنی شارەکان دابوو . بۆ گۆرگ هاییم ، شارەکان سیخناخبوون لە نیشانە نگریسەکانی ئەو کارەساتانەی کە هەڕەشەیان لە ئەوان دەکرد .
پشتگوێخستنی مرۆڤی شارنشین ، تایبەتمەندی زەقی شێعرە لیرکیە گرینگەکانی سەبارەت بە مەترۆپۆلەکان بووە . لەو شوێنەدا کە شارنشین ، هاوشێوەی نموونەی دێمێل ، دەکەوتە بەر چاوان ، تێکەڵەی وەهمەکانی وردە بروژواژی ڕەدووهاتێکی نەهامەتیانەی بۆ سەرپێکەوتنی شێعریانە بە دواوە هەبوو . برێخت پێدەچێت یەکەمین شاعیری لیرک و غەنایی گرینگە ، کە سەبارەت بە مرۆڤی شارەکی شتێکی بۆ وتن پێیە.

← لەبارەی شێعری سێهەمدا (قسەیەک لەگەڵ کڕۆنۆس)
دەرپەڕاندنی جوولەکەکان لە ئەڵمانیا (هەتا پووگوورم[کۆمەڵکوژی]١٩٣٨) هەر بەو ئاڕاستەیە پێکهات کە لەم شێعرەدا وەسف کراوە . ئاوها نەبوو لە هەر شوێنێک کە جوولەکەکان بەدەیبکەن ، بیانکوژن . لەگەڵ ئەوان بە گوێرەی ئەم بنەمایە هەڵسووکەوتیان دەکرد :
ئێمە نامانهەوێ وەجاغەکە خراکەین
ئێمە دەمانهەوێ مەنجەڵەکە لە سەر وەجاغەکە دانێین
خانوو،وەجاغ ، مەنجەڵ دەبێ بمێنەوە
وە تۆ بڕیارە دیارنەمێنی …
شێعری برێخت بۆ خوێنەری ئەمرۆکە ڕووناکی بەخشە . بە زیرەکیەوە نیشاندەدات کە ناسیۆناڵ سۆسیالیزم بۆچی پێویستی بە جووبێزی و دژەجولەکەیی هەیە . ئەو ئاڕاستەیەی بەرەوڕوی جوولەکەکان ، کە حاکمەکان بە شێوەی دەسکرد تەشەنەی پێدەدەن ، ڕێک هەر ئەو شتەیە کە بۆ چینی ستەمچێشتوو لە بەرامبەر حاکمەکاندا ئیشێکی سروشتی دەبێت . بڕیار وایە لەگەڵ جوولەکە – لەسەر ویستی هیتلێر – بە هەمان شێوە مامەڵە بکرێت کە دەبێ لەگەڵ چەوسێنەری گەورە مامەڵە کرابووبێت . وە ڕاست لەم ڕووەوە کە ئەم ئیشە لەمەڕ تاکی جوولەکەوە لە واقیعدا لایەنێکی جددی نیە ، لەبەر ئەوەیکە هیچ شتێک نیە مەگین وێنەیەکی خواروخێچ لە کردەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە ، ئەم یاریە ئاوێتە بە سادیسمیش دەبێت . پاڕوودی[Parody یان پێچەوانەبێژی] بە بێ سادیسم ناتوانێت کارێک بەروپێش ببات ، پاڕوودیەک کە ئامانجەکەی بە گەپجارگرتنی ئەم ڕستە وشە مێژووییە : لێ ئەستاندنەوەی خاوەندارێتی لە خاوەنداری لێ ئەستێنەکان .

← لەبارەی شێعری نۆیەم (چوار داواکاری لە پیاوێک /لە لایەنە جیاوازەکانەوە ، لە کاتە جیاوازەکاندا)11988334_10153127211382338_5696499855745622396_n

کتێبی ڕێنوێنی بۆ دانیشتوانی شارەکان ، هەر وەک ئاماژەی پێدرا ، کۆمەڵێک وانەی ئۆبژێکتیڤ و پراکتیکی لەبارەی چالاکی نایاسایی و کۆچبەری دەڵێتەوە . شێعری نۆیەم سەرقاڵی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتیە ، کە خاڵی هاوبەشی چالاکانی نایاسایی وە هەروەها کۆچبەران وە ئەو کەسانەیە کە تەسلیمی چەوسانەوە دەبن . شێعرەکە زۆر بە پوختی شیدەکاتەوە ، کە دەستبەتاڵبوون لە مەترۆپۆلدا بە چ مانایەکە . ئەم شێعرە لە هەمان کاتدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر یەکەمیش شێعری ئەم کۆمەڵە شێعرە
هەر کام لەو « چوار داواکاری لە پیاوێک لە لایەنە جیاوازەکانەوە ، لە کاتە جیاوازەکاندا » ڕێگەمان پێدەدات کە لە هەر حاڵەتێکی تایبەتی بارودۆخی ئابووری ئەم پیاوە تێبگەین . ئەو بەردەوام هەژارتر بووە . میواندارەکانی [خاوەن ماڵ] ئەم قسەیە قەبووڵ دەکەن ؛ ئەوان هەر دێو زۆرتر، لە پێدانی مافی شوێن پێ بەجێهێشتن لەگەڵ ئەو بە لەچەری و خەسیسی هەڵسووکەوتدەکەن . جاری یەکەم ، ئەوان هێشتا هۆشیان لەسەر شتومەکی نێو ماڵەکەیانە . جاری دووهەم ، تەنیا ئاماژە دەکرێتە سەر دەوری هی ئەو ، وە بە دوور دەزاندرێت کە ئەم دەوریەی بۆ خۆی هێنابێتی . وزەی کاری کرێچی لە پێشدا خراوەتە بەر دەستی خاوەنماڵ (دەتوانی لەگەڵ ئێمە ئیش بکەی لە حەوشەدا) . ئەو پیاوەی کە لە نۆڕەی سێهەمدا دەردەکەوێت پێدەچێت کە بە تەواوی بێ کارە . پانتایی خسوسی ئەو بە شێوەیەکی سمبۆلیک لە چوارچێوەی شوشتنی کەوچکێکی فافۆن دووبارە دەخرێتەوە ڕوو . داواکاری چوارەم ، لە لایەن سۆزانیەکەوەیە بۆ موشتەریەکی ڕاشکاوانە هەژار . لێرەدا ئیتر باس لە ماوەی کات لە ئارادانیە . ئەمە شوێنێکی حاوانەوەیە ئەوپەرەکەی بۆ شەوێک ، وە لەو شوێن پێیەی کە پیاوی بەردەنگ ڕەنگە لە دوای خۆی بەجێیبێڵێت ، وا باشترە قسەیەک نەکات . پێشنیاری شێعری یەکەم ، شوێن پێیەکان بسڕەوە ، بۆ خوێنەری شێعری نۆیەم لە دوتوێی ئەم پاشکۆیەدا تەواو دەکرێت : باشتر لەوەیە کە بۆت بسڕنەوە .
ئەوەی هەڵگری سەرنجدانە ئەو کەمتەرخەمیە هاورێییانەیە کە تایبەت بە هەر چوار داواکاریەکەیە . لەم ڕاستیەڕا کە زبری ئەم پێشنیارە داسەپاوە جێگە بۆ وەها هاوڕێییەتیەک دەکاتەوە ، تێدەگەین کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە دەرەوەڕا لەگەڵ مرۆڤ ڕووبەروودەبنەوە ،هەر وەک ئەمرێکی بێگانە لەگەڵ ئەودا . ئەو هاوڕێیەتیە یان دڵبە بەزەییەی کە بە یارمەتی ئەو ، حوکمی ئەم پەیوەندیانە لە لایەن هاوچەشنەکانی بۆ ئەوە دەگوازرێتەوە ، نیشان دەدات کە ئەوان لەگەڵ ئەم پەیوەندیانەدا هاودڵیان نیە . نەک تەنیا وەها بەدیدەکرێت کە پیاوی بەردەنگ مڵ بەو شتەی دەدات کە دەیبیسێت ، بەڵکو هەروەها ئەوانەی کە ئەو دەکەنە بەردەنگی خۆیانیش ناچارن لە میانەی ئەم پەیوەندیانەوە دەرکەون . نامرۆڤایەتیەک کە ئەوان پێی مەحکوم بوون ، نەیتوانیوە ڕەوشت باشیی هەڵقوڵاوی قوڵایی ناخ لە ئەوان بستێنێتەوە . ئەمە دەتوانێت پاساوێک بۆ هیوا یا هیوابڕاوی بێت . شاعیر بۆچوونێکی لەبارەیەوە دەرنەبڕیوە .
—————————————————————————————————-
*ئەم ناوونیشانە لە لایەن وەرگێری کوردی ئەم بابەتەوە دیاریکراوە .
تێبینی : بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی ئەم شێعرانە سەردانی ماڵپەری چراکان بکەن لە سەر ئەم ناوونیشانە: کتێبی ڕێنوێنی بۆ دانیشتوانی شارەکان – بێرتۆلد برێخت / وەرگێڕانی : پەیمان عەلیپوور
http://www.chrakan.com/?p=2701
—————————————————————————————————-
سەرچاوەی وەرگێڕان:
کتاب راهنما برای ساکنین شهرها – برتولت برشت / ترجمە امید مهرگان – سایت سرخ و سیاە

http://sorkhosiah.com/?p=1059

وەرگیراو لە ماڵپەڕی: داهاتوو

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …