ژنێكی كوردی خەڵكی ناوچەی شنۆ لە رێگای خۆهەڵواسینەوە دەستی دایە خۆكوژیی و لەو رێگایەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، ژنێك بە ناوی “زارا مەجیدی” تەمەن 40 سال و خەڵكی یەكێك لە ئاواییەكانی سەر بە شاری شنۆ بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە دەستی داوەتە خۆكوژیی و لە ئاكامدا گیانی لەدەستداوە.
ئەو ژنە ماوەی یەك ساڵ لەمەوبەر لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و لە ماڵی باوكی دەژیا و دەوترێت كە لەم دواییانەدا ئەو ژنە ویستبووی بگەڕێتەوە لای مێردەكەی، بەڵام ماڵی باوكی “زارا” دژایەتیان لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ لای مێردەكەی كردووە و چەندین جار لێیان داوە و هەر بەو هۆیەوە زۆر كەوتووەتە ژێر زەخت و گوشار و شەوی رابردوو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جێگای ئاماژەیە، نەهامەتیی و كێشەكانی ژیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران وای لە ژیانی هاوڵاتییان كردووە، كە چەندەها گیر و گرفتی جیاجیا بەرۆكی پێیان گرتووە و زۆر جار بە هۆی ئەم گرفتانە و نەریتی بوونی كۆمەڵگا، پەنا بۆ دیاردەی نەشیاوی خۆكوژیی دەبەن و لەم نێوەشدا كچان و ژنان یەكەم قوربانییانی ئەم دیاردەیەن.