هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ورمێ چالاكوانێكی مەدەنی و فەرهەنگیی كوردیان دەستگیر كردووە.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ ڕژاونەتە ماڵی كەسێك بە ناوی “فەرهاد عەلیزادە” و ناوبراویان دەستگیر و راپێچی شوێنێكی نادیار كردووە.
فەرهاد عەلیزادە خەڵكی شاری شنۆ و ماوەی پێنج ساڵ دەبێ لە شاری ورمێ نیشتەجێیە و سەرقاڵی كاری هونەری و فەرهەنگیی بووە.
ئەو هاوڵاتیە كوردە لە شوێنە فێركارییەكانی ورمێ راهێنانی ژەنیاری بە لاوەكان كردووە و هاوكاتیش لە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبیەكاندا شێعری خویندووەتەوە.
ئەو چالاكە فەرهەنگییە پێشتر لە ساڵی 2013دا جارێكی دیكە دەستگیر كراوە و پاش هەفتەیەك راگرتنی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ئازاد كرابوو.
دەوترێت فەرهاد بە تۆمەتی “پروپاگەندە بە دژی كۆماری ئیسلامی” دەستگیر كرابوو.
لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا شەپۆلێك لە گیران و دەستگیركردنی چالاكوانانی سیاسی، مەدەنی و لاوانی كورد بە دەستی هیزە ئەمنیەتییەكانی ئێران لە كوردستان دەستی پێكردووە و چارەنووسی بەشێكیان هەتا ئێستاش نادیارە.