بە پێی راپۆرتی ستادی خەبات لەگەڵ مادەهۆشبەرەكان لە ساڵی 93ی هەتاویی 556 تۆن مادەی هۆشبەر لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە و 354 هەزار كەس لەو پەیوەندەدا دەستگیر كراون و ژمارەیەكیشیان رەوانەی زیندانەكان كراون، بەچەشنێ كە 44% لەو كەسانەی دەڕۆنە زیندان بە هۆی مادەی هۆشبەرەوەیە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتیی فارس، ستادی خەبات لەگەڵ مادەی هۆشبەر كە سەرۆكایەتیەكی لە دەستی سەرۆك كۆماردایە، بە بۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە راپۆرتێكی سەبارەت بە هەوڵەكانی یەكساڵی رابردووی خۆیان بڵاو كردووەتەوە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا و بە پشت بەستن بە دوایین راپۆرتی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی زیندانەكان لە ساڵی 2012ی زایینی هاتووە: ئێران بە 290 كەس زیندانی لە هەر 100 هەزار كەس دانیشتووی ئەو وڵاتە، لە پلەی چلی جیهان و چوارەمی قاڕەی ئاسیا پاش وڵاتانی توركەمەنستان، تایلەند و ماڵدیو دایە.
ئێران لە بواری رێژەی زیندانیانیش لە پلەی هەشتمی جیهان و چوارەمی ئاسیادایە و پاش وڵاتانی چین، هێند و تایلەند جێگای گرتووە.
بە پێی راپۆرتە پشتڕاست كراوەكان لە ئاكامی توێژینەوەی ناوەرۆكی دۆسیەكانی تاوان و كێشە كۆمەڵایەتییەكان، 45% لەو زیندانیانەی لە پەیوەند لەگەڵ تاوان گیراون، پەیوەندییان بە مادەی هۆشبەرەوە هەیە.
مادەی هۆشبەر بە شێوەی راستەوخۆ لە سەرهەڵدانی 25% لە جۆرەها تاوان و كێشەی كۆمەڵایەتی كاریگەریی هەیە، بەچەشنێ كە 65% لە ئازاردانی هاوسەر، 55% تەڵاق، 30% ئازاردانی منداڵ، 25% قەتڵی ئەنقەست و 23% شەڕ و تێكهەڵچوون پەیوەندییان بە مادەی هۆشبەرەوە هەیە.
رێژەی ئەو كەسانەی كە بە هۆی تاوانێكەوە لە ساڵی 1393 كەوتوونەتە زیندانەكانی ئێران لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی 1392 بە ریز 5 و 3% بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینیوە.
لە ساڵی 1393 نزیكەی 44% لە زیندانیەكان و 25% لەو كەسانەی كە دەڕۆنە زیندانەكان لە پەیوەند لەگەڵ مادەی هۆشبەردا بوو.
تا ساڵی 1392 لە كۆی 7 ئۆردوگای مادەی 42 لە 7 پارێزگای ئێران بە گەشەی فیزیكی نێوەنجی 86%ی دروست كراوە كە پاش تەواو بوون، جێگای وەرگرتنی 38 هەزار زیندانیی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەریان هەیە.
لە ساڵی 1393ی هەتاویی 280 میلیارد ریاڵی دیكە لەم پەیوەندەدا كۆكراوەتەوە.