سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

ئوستورەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزمی سۆفیستانە / پەیمان عەلیپوور

 ١. لە ڕۆژگاری ئەمرۆکەدا پرسیاری «ڕێفۆڕم چییە؟» نەک بە تەنیا پرسیارێکی بنەڕەتی ڕەق و تەقی بواری زانستە مرۆییەکان نیە ، بەڵکو وەڵامەکەی ڕاستەوخۆ چارەنووسی تاکەکەسیانە و بە کۆمەڵی سەرجەم مڕۆڤەکان دیاری دەکات . بەڵام هەر چەشنە وەڵامێک کە نەیهەوێ خۆی تخونی پرسیاری «ژوورنالیزم چییە؟» بکا ، دواجار نیوەچڵ و سەقەت و لاواز دەردەکەوێت . لە بەر ئەوەیکە ئەگەر قسەکردن لە سەر دوانەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزم وەکو ناوەڕۆک و فۆڕم  ئەستەم بێ ، ئەوە بەدڵنیایەوە لە سەروبەندی نیۆلیبرالیزم و پۆست مۆدێڕنەدا ، شان بە شانی یەک و تێکەڵکێش بە یەک باڵیان بە سەر بارودۆخی مرۆڤایەتیدا کێشاوە . بە یەکەوە وە هاوکاتانە ، وەڵامدانەوە بەم دوو پرسیارە ناتوانێ بە گوێرەی پرنسیبەکانی تۆژینەوەی ئاکادێمیک بێ ؛ چوونکە ئاکادێمیا بۆ بەخشینی ئاوەڵناوی «زانستیبوون » بە وتارێک ، سوورە لە سەر لێکۆڵینەوەی بابەتیانە و دیاریکراوانە و حاڵەتیانەی دۆخەکان و شتەکان و چەمکەکان لە ڕێگەی مامۆستایان و زانایانی «پسپۆڕ»ەوە کە پابەندی لۆژیکی «خەسارەناسی » بووبن . ئاکامی ئەم جۆرە تۆژینەوانە جگە لە قورسترکردن و سیخناخ کردنی بارگەوبنەی کەلتوری وە هەروەها لە خۆبایی کردن و خۆبەزل زانکردنی تۆژەر ، ڕەدووهاتێکی ئەوتۆی دیکەی بە دواوە نیە  . لە بەرامبەردا جەخت کردنەوە و شێلگیربوون لە سەر ڕانانی «یەک وەڵام »  بۆ «دوو پرسیار »  ، خۆی لە خۆیدا هەوڵدانە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ڕەخنەی ڕادیکاڵ و کۆنکرێت . وەڵامدانەوەیەکی یەکانگیر بۆ دوو پرسیار ، لە لایەکەوە شۆڕبوونەوەیە بۆ بنج و بنەوانی هەر دووک پرسیارەکە کە لە ئاکامدا ناچارە هەستێ بە دەربازکردن و  نەجات دانی هیوا چەپێندراوەکانی ڕابردوو ؛ وە لە لایەکی دیکەشەوە ئاوڕدانەوەیە بۆ باگراوەندی مێژوویی و زەمینە ماددی هەر دووک پرسیارەکە ، کە لە دەرەنجامدا ئەمری پاژەکی و خۆجێی لە پەیوەست بوونێکی دیالێکتیکی بە ئەمری تێکڕایی و جیهانیدا دەخوێنێتەوە .

 

٢. جیهانی دوای ساڵی «١٩٩١ » تەنیا دنیای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و دامرکانەوەی  شەڕی سارد نەبوو؛ بەڵکوو ساتەوەختی شاگەشکەبوونی لیبراڵ دیموکراسی بوو ، بۆ جاڕدانی جەژنی سەرکەوتن کە دەموودەست یەکەم بەیاننامەی خۆی لە ڕێگەی یووشی هیرۆ فرانسیس فۆکۆیاماوە ( Yoshihiro Francis Fukuyama:1952 – -) خوێندەوە : «کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ». ئاهەنگ گێڕان دەستی پێکرد ، ئاهەنگی کۆتایی هاتن بە حەقیقەت ، ئایدۆلۆژیا ، شۆڕش ، گۆڕان وە بە زمانێکی سەرڕاستتر ، کۆتایی هاتنی هەتاهەتایی بە هەر چەشنە «دەستپێکێک» . «کۆتایی مێژوو » بەو واتایەیە کە چی تر لە بنەماکان و بارودۆخەکان پێشکەوتن پێکنایەت وە سیستمی لیبراڵ دیموکراسی «دوایین» چارەنووسی مرۆڤایەتیە . ئەو چارەنووسەی کە لە بەژنی شۆخ و شەنگی «نیۆلیبرالیزم»دا خۆی نمایش کرد : زاڵکردنی یاساکان و ڕێساکانی بازاڕی ئازاد بە سەر تێکڕای بوارەکانی ژیاندا . بە «ئەوپەر» گەیاندنی قازانجی تاکەکەسی و بەرژەوەندی شەخسی ، ئەو پرینسیبە زێڕینیانەی نیۆلیبرالیزم بوون کە کۆمەڵگایان «تەقاندەوە» وە لە میانەی تاکی ئەتۆمیزەکراو بە دەستی خاوەندارێتی خسوسی و کەرتی تایبەتەوە  ، جیهان بە کردەوە کرایە بە بازاڕێکی گەورەی ئازاد . بازاڕی ئازاد هەمان یۆتۆپیای سەرمایەیە ، کە هەمووشت گورجوگۆڵ دەکا بە «کاڵا» ، کاڵای :خۆراک ، پەروەردە ، تەندروستی ، خزمەتگوزاری ، پارە ، سروشت ، زانست ، هونەر ، ئەوین ، مێژوو ، سیاسەت … . کاڵا یان بتی پیرۆزی بازاڕ بەس یەک وەسفی هەیە : ڕەپێش کەوتنی بەهای سەودا و گۆڕینەوە بە سەر بەهای بە کارهێنان و مەسرەف کردن . بە وتەی ئالێن بادیۆ(Alain Badiou:1937–) لە دنیای ئەمڕۆدا ، زانست کراوە بە تێکنۆلۆژیا ، هونەر بە کەلتور ، ئەوین بە سێکس و سیاسەت بە کارگێڕی کردن . بۆ ئەوەی بازاڕ لە جۆش نەکەوێ و ڕەوتی کەڵەکەکردنی سەرمایە نوشوست نەکا ، هیچ شتێک لەم «چوارچێوەیە»دا نابێ نەگۆڕ و پیرۆز و هەتاهەتایی بێ ؛ هەموو شتێک دەبێ خێرا خێرا گۆڕانی بەسەردا بێت جگە لە خودی «چوارچێوەکە»!  وەڕگێرانی بێ گرێوگۆڵی ئەم دیمەنە یەک ڕستە زیاتر نیە : جەوهەر و زاتی نیۆلیبرالیزم ، فۆڕم و ستراکتوری بازاڕی ئازادە ؛ وە چوونکە مێژوو کۆتایی پێهاتوە کەوایە ئەم ستراکتورە ، هەتاهەتایی و گۆڕانکاری هەڵنەگرە . بەم شێوەیە هەڕ چەشنە مشتومڕێک لە سەر ستراکتوری ئابوری لەم دیموکراسیە لانیکەمیەی نیۆلیبرالیزمدا ، دەردەهاویشترێتە دەرەوە .  بەڵام سیاسەت کە بەرپرسە لە ڕێگەی «ڕێفۆرم»وەرگۆڕانی بنەڕەتی لە سیستمی ئابوریدا ساز بکا لە بەر ئەوەی پێشتر ژەهرەکەی لێگیراوە وە بۆتە بە عەقڵانیەتی دەستەمۆ و کەشخەی «کارگێڕیکردن» ، ڕێفۆرمێک کە لە هەوڵی بەدیهێنانیدایە یەک ئاواڵناوی بریقەداری زۆرتر نیە ئەویش : «گەشەی ئابوری»یە ؛ کە لە ڕێگەی پڕۆژەکان و پڕۆگرامەکانی «هەموارکردنەوەی ستراکتوری ئابوری»دا هەڵدەستێت بە لابردنی سەرلەبەری کۆسپەکان و لەمپەرکان و بەربەستەکانی بەردم تاودرانی سەرمایە لە چوارقوڕنەی جیهاندا . بەڵام ئەوشتەی کە لە کایەی نیۆلیبرازم «دەرهاویشراوەتە دەرەوە»  بۆتە بە «تارمایەک» و بە ئاسمانی سەریدا دەسوڕێتەوە ؛ ئەو تارمایە تارمایی «بەدیل»ە . بەڵام نیۆلیبرالیزم کە هەمووشتێک هەڵدەلوشێت و پێی قەبوڵناکرێ کە هیچ شتێک لە دەرەوەی ئەودا ئامادەبێ و بوونی هەبێ ، هەڵدەستێت بە پەلکێشکردنەوەی هەر هەمان ئەوشتەی کە لە کایەکانی خۆیدا «دەریکردوە»  بەڵام ئەوەی «وەدەرنندراوە»جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ نێو کایەکە وە بە هیچ کلوجێک دانی پێدانانێت . هەر بۆیە لە پێناو تاراندنی سێبەری قورسی ئەم تارمایە سیستم هەڵدەستێت بە سازکردنی «داوڵ»ێک لەو شروشاڵاتانەی کە لە «بەدیل» هەڵوەریون و ناوی لێدەنێت «ڕێفۆرمی پەتی و پاراو»کە ئەوەندە ئەفسانەیی و خەیاڵاویە کە دواجار خۆی وەک «ئوستورەی ڕیفۆرم» نماییش دەکات . ئوستورەکان ئەو حەکایەتە گشتیانەن کە ئامانجیان بە گشتیکردنی سەرجەم بوارەکانی ژیان و جیهان و هەمووشتەکانە لەگەڵ یەک ، لە پێناو پڕکردنەوەو ئاخنینەوەی کەلێنەکان و قەڵشتەکان وە شاردنەوەی ناتەباییەکان و ناکۆکیەکاندا . هەمان قەڵشتەکانی نێوان زۆرینەکان و کەمینەکان ،تێرەکان و برسیەکان ، خاوەن بەشەکان و بەشخوراوەکان ، دەسمایەداران و هەژاران ، خاوەنکاران و کرێکاران … . هەربۆیە ئوستورەکان دوو دیویان هەیە : دیوێکی ڕووەو خاوەندارانی بارودۆخە ، کە هەمان تەشەنەدا بە هیوای وەهماوی  بەردەوامی بەخشین بە بارودۆخەکەیە ، وە دیوەکەی دیکەی ڕووەو بەشخوراوانی بارودۆخەکەیە ، کە هەمان بەخشینی هیوای درۆزنانەیە بۆ باشتر بوونی بارودۆخەکە ؛ لە بەر ئەوەی کە دەرەنجامی ئوستورە ئیفلیخ کردنی بیرکردنەوە و چەسپاندی گێلێتیە بە سەر مرۆڤدا . ئەگەر هەر ئوستورەیەک ئارەزویەکی شاراوەی لە پشت بێ ، ئەوە ئارەزوی شاراوەی پشت ئوستورەی ڕێفۆرم دەبێ چ بێ ؟ نیۆلیبرالیزم نەک پێی خۆش نەبێ بەڵکوو هیچ چارەسەرێکی بۆ لێکەوەتە سەرەکیەکانی بازاڕی ئازاد واتە جەنگ ، هەژاری ، هەڵاواردنی ڕەگەزی ،خەمۆکی ، نەخۆشی ، ئاوارەیی …. نیە ، «ئوستورەی ڕێفۆرم» دەیهەوێ لە ڕێگەی گرێدانەوەی ئەم «لێکەوتانە» بە زات و سروشتی خودی مڕۆڤەوە بەڵێنی «هێندێک کەمکردنەوەیان»بدات لە بەرامبەر ئەو چارەسەریە ڕیشەییەی کە «تارماییەکە» دەیخاتە ڕوو .

٣ . چەندین دەیەیە کە پێشبینیەکەی مارشاڵ مەکلۆهان (Marshal McLuhan:1911-1980) وەڕاست گەڕاوە وە ئێمە ئەمڕۆکە بە کردەوە نیشتەجێی گوندی جیهانین (Global Village) . تێزە سەرەکیەکەی مەکلۆهان کە  «میدیا خۆی بۆ خۆی پەیامە» ئەمڕۆکە سنورەکانی خۆشی بەزاندووە و لە واقیعدا ، میدیا بۆتە سازدەری واقیعیەتیش ؛ بە جۆرێک کە سێگۆشەی ناوەڕۆکی هەواڵ ، هۆیەکانی گواستنەوەی هەواڵ ، وە وەرگرەکانی هەواڵی بە تەواوەتی هەڵلوشیوە . «گوند» ئەو شوێن-ژینەیە کە جیهان دابەشدەکات بە بەڕێوەبەر و جێبەجێکەر یان هەمان دەرەبەگ و کرمانج . لەم ئانوساتەی جیهاندا  «میدیا»لە ڕاستیدا هەمان دەموچاوی دەرەبەگی ، دەوڵەت و سەرمایە و بازارە .

لە ساڵی ١٧٧٤ دا ئێدمۆند بورک (Edmund Burke:1729-1797) نووسەر و مافزان و پەرلەمانتاری بریتانیا وتی : ئێستا لە نێو هۆڵی پەرلەماندا سێ دەسهەڵات ئامادەیە ، بەڵام دەسهەڵاتێکی چوارەم (Furth-state) لە تەلاری پەیامنێراندا ئامادەیە کە لە دەسهەڵاتەکانی دیکە گرنگترە . مەبەستی بورک لە دەستەواژەی «دەسهەڵاتی چوارەم» هەمان هێز و کاریگەری خەڵکی هەژار و بەشخوراو بوو کە لە ڕێگەی تاکە میدیای ئەوسا واتە ڕۆژنامەکانەوە تەنگیان بە حوکمڕانان هەڵچنی بوو . لە پشت ئەم ناودێرکردنە عەقڵانیەتی دابەشکردنی کار و بە پسپۆریکردنی ئیشەکانی بورژوازی ئامادەبوو ؛ بە چەشنێک کە لە تەنیشت پیشەکانی پاشایەتی ، حاکم ، دادوەر ، پارێزەر و پەرلەمانتاردا ، ئەو هێزەی کە بە دواداچونی بۆ مافەکانی بەشخوراوان دەرکرد وەک پیشەی «ژوورنالیزم» پێناسەکرا وە خرایە ناو گەمەی دیموکراسیەوە . بە پیشەیی کردنی ئەرکی ژوورنالیزم دەرخەری ئەو پەیامە بوو کە چی تر «هەموو کەس» بۆی نیە لە خۆیەوە بێتە نێو پڕۆسەی دەستنیشانکردن ، ئامادەکردن ، گواستنەوە ، شیکردنەوە و بە دواداچوونکردن بۆ هەواڵەکان . ئەمە لە ڕاستیدا زەبرێکی سیستماتیک بوو کە حوکمڕانی سەدەی هەژدە لە «ژوورنالیزمی جەماوەری» وەشاند لە تەک زەبرە تاکتیکیەکانی سانسۆری توندۆتۆڵ و باجی قورس و گران . لە درێژایی ئەم دوو سەدەیەدا کە سیستمی سەرمایەداری ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە تەواوی جیهاندا داکوتاوە ، دیموکراسی لیبراڵی وەکو شێوە و شێوازی ژیانکردن لەم سیستمەدا پێشکەشکردوە . عەقڵانیەتی سیستمی سەرمایە کە بریتیە لە قازانجی زۆرتر و کەڵەکەکردنی بەربڵاوتر، ئەو لۆژیکەی هێنایە کایەوە کە ئیتر هیچ شتێک زیانبەخش ، بێکەڵک ، دزێو وە زبڵ نیە وە لە ڕێگەی بە کاڵاکردنەوە بەهرەمەندی ئەوەی تێدایە کە بکرێتە سەرچاوەیەکی پاشەکەوتکردنی قازانج و سەرمایە . لە لێکەوتەکانی گەشەی سەرمایە داری ، بە جیهانیبوونی ئابووری بوو کە لە ئەنجامدا تێکەڵاوی و نزیکایەتی کەلتورەکان و خەڵکەکان هاتە کایەوە، وە بوو بە هۆی لە دایکبوونی لۆژیکی کەلتوری سەرمایەداری کە ناوی «پۆستمۆدێرنە»ی بۆ دەستنیشانکرا . پۆستمۆدێرنە بوو بە ئاڵا هەڵگری ئەو ئاسۆیە کە لە ئەودا هیچ بیر ، باوەڕ، کردەوە ، دۆخ و ویستێک نالەبار ، ناشایان ، نادرووست وە ناڕاست لە ئارادانیە وە هەموو شتێک «پشک»ێکی لە «حەقیقەت» وەبەر دەکەوێ ؛ بە زمانێکی بێگرێوگۆڵ پۆستمۆدێرنە بریتیە لەو ڕەوشەی کە حەقیقەت تێیدا هەپرون هەپڕون و وردوخاش دەکرێ وە ئەوەی لە پاشی بەجێدەمێنێت  ڕێژەگەرایی ڕەهایە . لە سەر ئەم بنەمایە پێشکەوتووترین مۆدێلی ژوورنالیزم کە گەڵاڵە دەکڕێت و دەستبەجێ هەمەگیر دەبێ «ژوورنالیزمی سۆفیستیانە» یە . دروشمی جەوهەری ژوورنالیزمی سۆفیستانە پێماندەڵێ : ئێمە بێ هیچ ناوبژیوانێک و ڕاستەوخۆ بەس هەواڵەکان دەگوازینەوە بۆ بەردەنگ ؛ دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژی ، لایەنگری و هۆگری بۆ بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک . کەوایە مەرجی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی ئەو درووشمە هەڵکەندن و سڕینەوەی «هەواڵ»ە لە زەمینەی ماددی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەی . هەواڵ هەمان لایەنی «ڕاگەیاندنەکی» بارودۆخەکان و ڕووداوەکانی نێوان ئاژەڵە سیاسیەکانە ، کە لە پێناوی گەشەدان بە کوالێتی ژیان بڵاودەبێتەوە . ژوورنالیزمی سۆفیستانە لە ڕێگەی مێتۆدەکانی دۆزینەوە ، وروژاندن ،داڕشتن و تیفتیفەدانی هەواڵ ، هەوڵی ئەم هەڵکەندنەی هەواڵ لە ئەو زەویەی کە ڕیشەی تێدا داکوتاوە دەدات . بەم جۆڕە «هەواڵ»  نەک لە بەر ئەوەیکە گێڕەوەی بەسەرهاتی هەلومەرجێک و ئایدۆلۆژیایەک و بیروباوەڕێک و دنیابینیەکە بەڵکوو «هەواڵ لە بەر ئەوەیکە بەس هەواڵە» یان «هەواڵە لە پێناو هەواڵدا» وەکوو «بەرهەمی»  ناوازەی ژوورنالیزمی سۆفیستانە دەبێتە خاوەن «بەها» ؛ وە ئەمە هەمان پڕۆسەی بەخشینی خەسڵەتی سەودا و گۆڕینەوەیە بە هەواڵ ؛ کە بە زمانێکی سەرڕاست هەمان بە کاڵاکردنی هەواڵە . «هەواڵ» کە پێشتر لە ڕێگەی «ئاگاداربوونی پەیوەست بە پراکسیس»  مەسرەف دەکرا و کەڵکی لێوەردەگیرا ، ئەوە لەمەوبەدواە «کاڵای هەواڵ» لە ڕێگەی «زانینی پەیوەست بە گۆڕینەوە»  سوودی لێوەردەگیرێت وە دۆخێک دێنێتە کایەوە کە تێیدا کاڵای هەواڵ دەبێتە بە «فەتیش» ، وە بە ناوی بتی «زانیاری» لە بەردەمی چۆکدادەدرێت و دەپەرەسترێت تا ئەوڕادەیەی کە دواجار سەردەمی « شۆڕشی زانیاری»( information revolution)ڕادەگەیەندرێت .

ئەفلاتوون لە وەسفی «فەیلەسوفە سۆفیستاییەکان»دا دەڵێ : ئەوان دووکاندارگەلێکن بە کاڵای مەعنەویەوە ، هەر بەم پێیەش دەتوانین بڵێن کە «ژوورنالیزمی سۆفیستانە» کاروکاسپیەکە بە کاڵای هەواڵەوە ؛ چونکە ئەوانیش وەک فەیلەسووفەکانی سۆفیست ئامادەن کە تواناییەکان و شارەزاییەکانیان لە ژێر ناوی «ژوورنالیزمی ئازاد» ڕادەستی خاوەندارانی سەرمایە و پارەبکەن .

ڕێتۆریکی ژوورنالیزمی سۆفیستانە لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە کە کاتی پرسیارە گەورەکان بەسەر چووە ؛ ئەو پرسیارە زاتناسەکی و جەوهەر تۆژینەوانەی ، کە باس لە چیەتی دەوڵەت ، ئابووری ، سیاست ،سەرمایە وە بازار … دەکات چیتر باویان نەماوە ؛ وە پێیوایە ئێستا کات کاتی وەڵامدانەوە بە پرسە گچکە و پاژەکی و خۆجێیەکان وە جەخت کردنەوە لە سەر ڕاست و دروست بوونی ئەوانە ، وەکو ئەوەیکە : ئایا پالێوڕاوەکانی پەرلەمان لێهاتون ؟ ، ئاماری قوربانیانی جەنگ چەندی مەدەنی و چەندی سەربازیە ؟ چۆن بزانین لێکەوتەکانی بێکاری لە نێو گەنجاندا چیە ؟ ئایا ڕێژەی بە کاربەرانی ئەنتەرنێت لە ئافریقا زۆرترە یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ؟ ئایا لە هەسارەی مەریخ ئاو هەیە ؟ ژیان و بەسەرهاتی فیسارە ئەکتەر و یاریزان و نمایشکاری جلوبەرگ چۆن چۆنیە ؟….

خەسڵەتی بنچینەیی ڕێتۆریکی ژوورنالیزمی سۆفیستیانە داکۆکیکردن لە لۆژیکی «بێلایەنیە» کە لە لێکەوتەکانی ئەم لۆژیکە ، بە «بۆچونی شەخسیکردن»ی هەر چەشنە هەڵوێست و بیروباوەرێکە . هەر بەو جۆرەی کە سلاڤۆ ژیژەک(Slavoj Žižek:1949- –) لە وتارەکانی خۆیدا لە پێناو ڕەخنە گرتن لە سەرمایەداری لیبراڵدا باس لە «قاوەی بێ کافئین» دەکات لە سەر بنەمای ئەو بەڵگاندنەی کە سەرمایەداری وازی لە بێ مەترسیکردن و گرتنی ژەهری شتەکانە . ژوورنالیزمی سۆفیستانەش لە ڕێگەی تەقدیس و ستایشکردنی «بێلایەنی» دەیهەوێ بە ئاماجی باڵای خۆی بگات کە هەمان نەزۆککردن و خەساندن و لەباربردنی هەواڵەکان و بیروباوەڕەکانە لە ژێر ناوی ڕێزگرتن لە بۆچۆنی شەخسیدا . ئەم ژوورنالیزمە بۆ پێکانی ئەم ئامانجە ستراتیژیکە ، ڕێبازی «شیکردنەوەی فرەڕەهەند » یان «بینین لە گشت لاوە»ی هەواڵەکان و ڕوداوەکان و دۆخەکان و چەمکەکان دەخاتەگەڕ . دنیابینی ژوورنالیزمی سۆفیستانە لە سەر ئەوە ساغبۆتەوە کە بۆ ئەوەی حەقیقەت کەشف بێ دەبێ لە هەموو لایەکەوە سەیری شتەکان بکەین لە بەر ئەوەیکە پێیوایە بینیی ئۆبژەیەک و ڕوواداوێک لە گشت گۆشە نیگاکانەوە ، سەیرکردنێکی بێ قسور و ڕەهایە کە لە پێناو ستراتیژی «بێلایەنی»دایە . بەڵام مووریس مێرلۆپۆنتی(Maurice Merleau-Ponty:1908-1961) لە سەر ئەم بڕوایەیە کە ، ئەوەیکە ئێمە لە ڕووی ناچاریەوە شتەکان بەس لە یەک لاوە دەتوانین سەیر بکەین نەک قسور و کەموکوڕی بینین نیە بەڵکو لە ڕاستیدا مەرجی خودی بینینە . لە سەر ئەو بنەمایە ئەم ژوورنالیزمە هەرچەشنە «تێڕوانینێکی» پروپوچ و سەقەت و کاڵفام بانگهێشتی پڕۆسەی «بینینی هەمەلایەنە»دەکا و نازناوی «جودابیر»ی پێدەبەخشێت ؛ هەتا بە ئارەزووی گەورەی خۆی کە هەمان دیزەبەدەرخۆنەکردن و پەردەپۆشکردنی  حەقیقەتی ڕووداوەکانە بگات . چونکە لە ڕاستیدا هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لە هەموو لایەکەوە ببیندرێن ، هەوڵدانە بۆ نەبیندرانیان ، لە بەر ئەوەیکە لە یەک ڕەهەنەدەوە سەیر کردن مەرجی ڕاستەقینەی خودی بینینە .

٤. لە میانەی ئاوێتەبوونی یەکێک لە دەورگێڕانی نێو کایەی لیبراڵ دیموکراسی لەگەڵ «ئوستورەی ڕێفۆڕم» یان «ژوورنالیزمی سۆفیستیانە»ەوە کۆمەڵێک بکەر و کارەکتەر دەخوڵقێن . بۆ نموونە بە بارگاوی بوونی بکەری «بەرێوەبەر» بە خەونی ئوستورەی ڕێفۆڕمەوە ، فیگۆری پەرلەمانتاری رێفۆرمیست و کارگێڕی رێفۆرمیست دێتە سەر شانۆ . هەروەها لە ئاکامی تێوەگلانی «چالاکوانان»ی مەدەنی بە ئیشی ژوورنالیزمی سۆفیستانەوە ، توێژەری ژورنالیست و داکۆکیکاری ژورنالیستی مافەکانی مرۆڤ لە دایکدەبێت . بەڵام لە سەر بنچینەی پابەندبوون بە گەڕان بە دوای یەک وەڵام بۆ ئەو دوو پرسیارەی کە سەرەتای ئەم وتارە ورووژاندوویەتی دەبێ ئاوڕبدەینەوە لە کارلێکی ڕاستەوخۆی «ئوستورەی ڕێفۆرم» و «ژوورنالیزمی سۆفیستانە» لەگەڵ یەک ، وە تێکەڵکێش بوونی ئەم دوانەیە لەگەڵ یەکتردا ، کە ئەویش هەمان بکەر یان توخمی ناوازە و نوێی « رۆشنبیرانی تێکنۆکرات»ە لە نێو کۆمەڵگادا.

دمیتری مەندەلیێڤ (Dmitri Mendeleev:1834-1907) زانای بە توانای بواری کیمیا ، خولیایەکی لە ڕادەبەدەری بۆ ڕێکخستنی توخمە کیمیایەکان لە دوتۆی خشتەیەکدا هەبوو بە چەشنێک کە زۆرینەی هەدادانی زانستی ئەوی داگیرکردبوو . ئەو دوای ساڵیانێک دراساتی قوڵ بۆی دەرکەوت کە هۆکاری بەدینەهاتنی خەونەکەی بۆ ئەوەی دەگەرێتەوە کە هەر کات خەسڵەتێک یان دۆخێک لە توخمەکان بە بنەما وەرگیرێت ، لە ئەنجامدا هیچ دیمەنێکی ڕێکوپێک لە پەیوەندی نێوان توخمەکان خۆی نمایشناکات . هەر بۆیە دواجار مەندەلیێڤ هەستا بە ڕەچاوکردنی «دوو بنەما» بە شێوەی «هاوکاتانە» و «بە یەکەوەیانە» بۆ دراسەکردنی توخمەکان . ئەو بە لە بەرچاوگرتنی زیادبوونی کێشی ئەتۆمی (atomic mass)  هەر توخمێک لە لایەکەوە وە هاوکات لە لایەکی دیکەوە بە سەرنجدان بە هاوتایبەتمەندیەکانی توخمەکان لەگەڵ یەک ، توانی نەزمێک لە ناو توخمەکاندا بدۆزێتەوە کە بە « خشتەی خولی» (Periodic Table )ناوبانگی دەرکرد. گرنگایەتی ئیشی مەندەلیێڤ لە سەرێکەوە لە سەر ئەوە وەستاوە کە ، ئەو نیشانی دا کە تایبەتمەندیەکان و خەسڵەتەکان لە توخمێکە بۆ توخمێکی دیکە چۆن چۆنی وابەستەی پێکهاتەی ناوخۆیی ئەتۆمەکان یان هەمان کێشی ئەتۆمیە بە جۆرێک کە بە شێوەی خول دووبارە دەبنەوە ؛ لە سەرێکی دیکەوە مەندەلیێڤ دەرەتانی پێشبینیکردنی هەبوونی کۆمەڵێک توخمی نەدۆزراوەی ڕەخساند کە هەتا ئەوسا کەس هیچی لە بارەیانەوە نەدەزانی بەڵام مەندەلیێڤ خەسڵەتە کیمیای و فیزیاییەکانی ئەوانی دەستنیشانکرد و چوارگۆشەی تایبەتی لە خشتەکەدا بۆ ئەوان بەتاڵ هێشتەوە وەک توخمی گالیوم ،سکانیدۆم وە ژێرمانیۆم . لەم خشتەیەی کە مەندەلیێڤ خستیەروو : کۆڵەکەچوارگۆشەکان ناوزەدکران بە گروپ ، واتا ئەو توخمانەی لەم چوارگۆشانە لە ژێر یەک دەگیرسێنەوە لە ڕووی تایبەتمەندیەوە هاوخەسڵەتن وە بۆ نمونە کۆڵەکەی یەکەم یان گروپی یەکەم سەرلەبەریان لە لایەن توخمە پۆڵاییە قڵیایەکانەوە پڕدەبنەوە . هەر وەها ڕیزە چوارگۆشەکان کە پاڵیان بە پاڵی یەکەوە داوە بە خول ناودێرکران لە بەر ئەوەیکە لە چەپەوە بۆ ڕاست توخمەکان لە ڕووی زیاد بوونی کێشی ئەتۆمیان لە تەنیشت یەک ڕیزکران بە چەشنێک کە ئەم ڕەوتەی ڕێکوپێکی زیادکردنی کێشی ئەتۆمی لە هەموو ڕیزەکاندا دووبارە دەبێتەوە ، یانی توخمی یەکەمی هەر خولێک یان ڕیزە چوارگۆشەیەک ماددەیەکی ڕەقەی زۆر کارلێکخواز لە خۆدەگرێت و دوایین توخمەکەشی گازێکی بێکاریگەرە .

ئێستا ئەگەر نەختێک سەربزێوبین و بڕێک بوێری وەبەر خۆمان بێنین ئەوە دەتوانین لە ژێر بەرچاوڕوونیەکانی تیۆری سەرهەڵدانی ڕۆشنبیران لای ئەنتۆنیۆ گرامشی(Antonio Gramsci:1891-1937) هەوڵبدەین بۆ خستنەڕووی  نەخشەیەکی ژیۆگرافی ڕۆشنبیران یان بە زاراوەیەک پەیوەست بە ئیشی مەندەلیێڤ ، خشتەی خولی ڕۆشنبیرانەوە . گرامشی پێیوابوو کە ڕۆشنبیران گروپێکی سەربەخۆ و خۆسەرپشک نین وە خۆ ماندووکردن بۆ گەڕان بە دوای پێوانەیەکی یەکانگیر لە پێناو وەسفکردنی سەرلەبەری چالاکیە جۆراوجۆر و پەرتەوازەکانی ڕۆشنبیران  لە سەر بنەمای ماهیەتی زاتی چالاکی فکری و هزری ، هەڵەیەکی باوی مێتۆدی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدایە . گرامشی لە وتاری  «سەرهەڵدانی ڕۆشنبیران»دا دەڵێ : هەموو مڕۆڤەکان ڕۆشنبیرن بەڵام هەموو مڕۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگادا بەکارهاتی تایبەت بە ڕۆشنبیرانیان لە ئەستۆ نیە ؛چوونکە ئەو لە سەر ئەم بڕوایەیە کە لە واقیعدا هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی کە پێدەنێتە نێو دنیایەکی نوێی بەرهەمهێنانی ئابوریدا ، لەگەڵ خۆیدا بە شێوەی سروشتی و ئۆرگانیک کۆمەڵێک ڕۆشنبیر دێنێتە کایەوە ؛ کە لە پلەی یەکمدا ئەم ڕۆشنبیرانە نەک بەرهەمهێنەری بوونیادنەر بەڵکوو دووبارە بەرهەمهێنەوە و برەوپێدەر و قابیلی قەبووڵ و پڕبایەخ نیشاندەری پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ئابوری زاڵ و باروخۆی باو لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدان ، کە گرامشی بە زاراوەی  «هەژموونی» پێناسەی وردی بۆدەکات.

ئێستا دەتوانین لە ژێر ڕۆشنایی ئایدیای گشتی مەندەلیێڤ ، بە ڕەچاوکردنی هاوکاتانە و یەکڕایانەی  «دوو بنەما» لە دراسەکردنی کارەکتەری ڕۆشنبیران لە پێناو کێشانەوەی نەخشەی تۆپۆگرافیەکەیاندا ، هێدی هێدی بەرەو ئاسۆی دۆزینەوەی خشتەی خوڵی ڕۆشنبیران هەنگاو بنێین . بنەمای یەکەم ، هەمان هاوشێوەیی وە هاوتایبەتمەندیە بەکارهاتیەکانی ڕۆشبیرانە – ئەو هاوتایبەتمەندیانەی کە بە وتەی گرامشی وادەکات ئێمە لە نێوان ڕۆشنبیران و ناڕۆشنبیراندا قایل بە جودایی بین – وە بنەمای دووهەم ، وێناکردنی هەژموونی وەکوو کێشی ئەتۆمیە ، واتا لە بەرچاوگرتنی هەژموونی وەک پێوانەیەک بۆ ڕادەی قورسایی ڕۆشبیرێک لە نێو تاقمی ڕۆشنبیرانی ڕەنگاوڕەنگی چینێکی دەستنیشانکراودا . ئەوسا دەتوانین وەک مەندەلیێڤ خشتەیک پێکهاتوو لە ژمارەیەک کۆڵەکە و ڕیز  ، کە بە سەر  چوارگۆشەکاندا دابەشکراون بکێشینەوە . لەم خشتەیەدا کۆڵەکەچوارگۆشەییەکان ، دەرخەری هاوشێوەیی و هاوتایبەتمەندیبوونی ئەم پۆلە ڕۆشنبیرانەن کە لە ژێر یەکەوە گیرساونەوە ؛ بۆ نمونە کۆڵەکەچوارگۆشەی یەکەم ، تەنیا ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خاوەن تایبەتمەندی ئۆرگانیکن لەخۆدەگرێت. ڕیزەچوارگۆشەییەکانیش تەعبیر لە سەردەمێکی دیاریکراوی شێوازی بەرهەمهێنانی ئابووری دەکەن بە چەشنێک کە ڕۆشنبیرانی هەر سەردەمێکی دیاریکراو بە گوێرەی ڕادەی زیادبوونی ڕۆڵ یا قورساییان لە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی  لە زۆرەوە بۆ کەم وە لە چەپەوە بۆ ڕاست بەدوای یەکدا و لە تەنیشت یەک تردا ڕیزدەکرێن .بە جۆرێک کە لە چوارگۆشەی یەکەمی هەر ڕیزێکدا ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیک(organic intellectuals) دەگیرسێنەوە . لە بەرئەوەیکە خاوەن زۆرترین ڕۆڵ یا قورسایین لە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونیدا . بە وتەی ئێدوارد سەعید (Edward Wadie Said:1935-2003)تایبەتمەندی سەرەکی ئەم ڕۆشنبیرانە ئەوەیە کە زۆر چالاکانە لە کۆمەڵگادا ئامادەن وە ماندوونەناسانە لە هەوڵی سازدانی گۆڕانکاری لە بیروڕای کۆمەڵانی خەڵکدان لە پێناو ڕەوایەتی بەخشین بە بارودۆخی زاڵ و هەبوو دا (بەراوردی بکەن لەگەڵ توخمی یەکەمی هەر ڕیزەچوارگۆشەیەکی خشتەی خولی مەندەلیێڤدا) . بەڵام دوایین ڕۆشنبیری هەر ڕیزەچوارگۆشەیەکی ئەم خشتەیە ، ڕۆشنبیرانی نەریتیە (traditional intellectuals) کە دەمووچاوەکانی بریتین لە مامۆستایان ، قەشەکان ، ئەدیبان …هتد. بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی لە نێو ئەم ڕۆشنبیرانەدا توشی جۆرەیەک ڕەقبوون بووە وە بە بڕوای ئێدوارد سەعید ڕۆشنبیرانی نەریتی کەمتاکورت لە شوێنێکدا حەجمیون و جموجوڵێکی ئەتۆیان لێ بەدی ناکرێت وە ساڵ دوازدەی مانگ خەریکی ئەنجامدانی ئیشێکی دووپاتەین .( بەراوردی بکەن لەگەڵ توخمی کۆتایی هەر ڕیزەچوارگۆشەیەکی خشتەی خولی مەندەلیێڤدا) . گرنگایەتی ئەم خشتەیە لەوە دایە کە سێ بابەتمان پێنیشاندەدات : یەکەم ئەوەیکە دیمەنێکی گشتی لە ڕۆشنبیرانمان بۆ دەخاتەروو کە لە سەر بنەمای دۆخی ماددی و ئابووری ڕێکخراوە وە تێماندەگەیێنێت کە ڕۆشنبیران خاوەن ڕەچەڵەکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسین کە لە میانەی ململانێی چینەکان و توێژەکان لەگەڵ یەکتر ، دەگوورێن . لە لایەکی دیکەشەوە بۆمان دەردەکەوەوێت کە هەر سەردەمێکی تایبەت بە شێوازێکی ئابووری یان خود هەر چینێک ، خاوەن تۆنالیتەیەک(tonality) لە ڕۆشنبیرانە لە ئۆرگانیکەوە هەتا نەریتی کە ئەم تۆنالیتەیە لە نێو هەموو چینەکان و سەردەمە ئابووریەکاندا دووپات دەبێتەوە . سێهەمیش ئەوەیە کە دەتوانین پێشبینی تایبەتمەندیەکان و خەسڵەتەکانی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران بکەین وە لە  نێو خشتەکەدا چوارگۆشەی بەتاڵیان بۆ تەرخانبکەین کە هێشتا سەریانهەڵنەداوە بەڵام دڵنیاین لەوەیکە دواجار سەردەمی ئەم ڕۆشنبیرانەش دەگات واتا  ڕۆشنبیرانی سەردەمی ئابووری یەکسانیخواز و هەرەوەزیانە . بەڵام ئەوەی ئەم خشتەیە پەیوەست بە ئەم نووسراوەیە دەکات ، ئەوەیە کە لە ڕیزەچوارگۆشەی ئەم خشتەیەدا کە تایبەتە بە سەردەمی «کەپیتالیزمی دارایی»ەوە ، لە چوارگۆشەی یەکەمدا توخمێک لە ڕۆشنبیرانیی ئۆرگانیک گیرساوەنەتەوە کە ناوە زانستیەکەیان « ڕۆشنبیرانی تێکنۆکرات»ە؛ کە دەتوانین لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ«خشتەی خولی ڕۆشنبران» لەگەڵ بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندیەکان و خەسڵەتەکانیان ئاشنا بین.

جیاکەرەوەی « تێکنۆکرات» بۆ ئەم گروپە لە ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیک تەنیا لە سەر نازناوێک بۆ خۆ تیفتیفەدان نەوەستاوەتەوە ئەوەندەی پشت ئەستوورە بەو بڕوا و قسەیەی  کە دەڵێت : چۆن دەبێ بۆ نموونە درووستکردن و چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل ئیشی پسپۆڕان و خاوەن تەکنیکەکانی مکانیک بێت بەڵام کۆمەڵناسی و مڕۆڤناسی ئیشی هەڕەمەکی و ناپسۆرانە بێت ؟! بۆیە ئەوان لە تەنیشت کۆی تەکنۆلۆژیەکان داکۆکی لە « تەکنۆلۆژیای بیرکردنەوە» دەکەن کە پێوستی بە فێربون و شارەزابوون هەیە . کەوایە وابەستەیی ئەم ڕۆشنبیرانە بە ئاکادێمیا و بڕوانامەی زانکۆ بۆ ڕەوایەتی بەخشین بە ئیشی بیرکردنەوە و چالاکی کۆمەڵایەتی ، ئەمرێکی حەیاتی و زەرووریە . چۆن چۆنی لە سەدەکانی ناوڕاستدا ، کڵێسەکان و قەشەکان ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکی خۆیان بە ناوی مژدەدەری مەسیحی پەروەردە دەکرد لە پێناو برەودان بە ئایین و حکومەتی مەسیحیدا ، ئێستاکەش زانکۆکان و مامۆستایان خەریکی پەروەردەکردنی ئاکادێمیسیەنن بە ناوی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکڕاتەوە لە پێناو جێخستن و سەقامگیرکردنی ڕێخستنی لیبراڵ دیموکراسی لە نێو کۆمەڵگادا . ئەم ڕۆشنبیرانە لە سەر ئەم بڕوایەن کە تەعبیری تەکنیک ئاسا  لە بیرکردنەوە و هەڵسورانی کۆمەڵایەتی، کێشەی «دەروەستبوون » وە «پابەندبوون» بە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت تێدەپەرێنێت ؛ چونکە پێیانوایە ئەگەر پسپۆڕی بێتە پێشەوە ئەوە دەمارگرژی پاشەکشەدەکات و بۆیدەردەچێت وە ئەوسا دەتوانین بە گوێری فۆرمولەی «کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو » کۆمەڵگا بخەینە سەر ڕەوڕەوەی گەشەونەشەی خۆی . ئەم وێنا میکانیکیەی کە ئەوان لە گۆمەڵگا دەیخەنەڕوو ، بەو ئاقارەدا دەڕوات کە دەکرێت زۆر بە سانایی ئانتاگۆنیسمەکان کە ئەوان بە گرفتە کۆمەڵاییەتێکان لێکیدەدەنەوە وەکو بڵێی جیرە جیری ڕێسمەی دەرگا بن ، لە ڕێگەی چەورکردنیان بە ڕۆنی «ئازادی ڕادەربڕین» ڕەوان و چارەسەردەبن.

ئەوەی لە دراسەکردنی هەر چەشنێک لە ڕۆشنبیران ئەستەم دەردەکەوێت ، جووڵەناسی ئەوانە .جووڵەناسی نەک بە واتای لێککردنەوەی ڕۆشنبیران لە ناڕۆشنبیران بەڵکو بە مانای نیشاندانی شێوازی هەڵسووکەوت و جمووجوڵی ڕۆشنبیرانی تایبەت بە چین و فۆڕمێکی ئابووری دیاریکراو. دژواری پتری ئەم کارە دەکەوێتە سەر ئەوهەلومەرجەی کە جیهان ئەوڕۆکە تێیدا دەژیت ؛ چوونکە لە دۆخی سانسۆڕەوە کە تێیدا بە زەقی حەقیقەت سەرکوت و کپ دەکرا ، کەوتوینەتە نێو سەروبەندی ڕێژەگەرایی ڕەهاوە کە هەموو شتێک بە پێش مەرجی «ئیفلیجبوون» وە«کەمئەندام بوون»  مۆڵەتی خۆدەرخستنی پێدراوە! بە هەر حاڵ ئەوەی دەسبەجێ لەگەڵ بیستنی ناوی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکرات لامان درووست دەبێ وێنەیەکی ئەوانە لە نێو زەینماندا . ئەم وێنەیە ، وێنەیەکی سێڵفی و لە ناکاو نیە کە ئەوان لە خۆیانیان گرتبێت وە ڕاستەوخۆ ڕادەستی کۆمەڵگایان کردبێ بەڵکوو وێنەیەکە کە ژیرانە و بە زانابوونەوە درووستیانکردوە ؛ کە لە هونەری فۆتۆگرافدا پێدەوترێت « ژێست» . ژێست لە هونەری فۆتۆگرافدا وەکو دەرخستنەوەی کەسایەتی و کارەکتەری خاوەن فۆتۆکە  شرۆڤەی بۆ دەکرێت . فۆتۆ لە پێناسەیەکی مکانیکیدا بریتیە لە سەقامگیرکردنی جووڵە لە چرکەساتی خۆیدا بە جۆرەیەک کە فۆتۆکان دەلالەت لە هەڵپاچ هەڵپاچ کردنی جووڵە و بزاوتن دەکەن .بۆیە کاتێک کۆمەڵێک فۆتۆی بە دوای یەک ، لە جووڵەیەک دەگرین وە بە خیرایی بە دواییەکدا تەماشای دەکەین  شتێک کە دەیبینین  چی تر فۆتۆ نیە بەڵکو فیلمە ! فیلم ئەو دیمەنەیە کە جمووجوڵ و بزاوتن تۆمار دەکات و نیشانماندەداتەوە .ژێست وەکو بەرجەستەکەرەوەی کارەکتەری سوژە لە هونەری فۆتۆگرافدا دەگوازرێتەوە بۆ نێو هونەرەی سینەما و فیلمیش بە چەشنێک کە  شێوازی دەورگێرانی ئەکتەرەکانی فیلمی خامۆش یان نابگۆ (silent film) بە گەمەی ژێست ئاسا تەعبیری لێدەکرێتەوە . جیاوازی فیلمی نابگۆ لەگەڵ فیلمی بێ دەنگ لەوەدایە کە لە بنەڕەتدا فیلمی نابگۆ سەبارەت بە دەنگ کەمترخەمە چوونکە بێ قسە و دیالۆگە ، وە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی هەست بە پێویستی دیالۆگ ناکات بەڵکوو لە ڕێگەی کۆمەڵێک جووڵەی جەستە و ئەندامەکانی لەش یان بە زمانێکی سینەمایی بە هۆی ژێستەوە ، پەیام و چیرۆکەکەی خۆی ڕادەستی بینەر دەکات . ژێست فۆرمێکی پەیوەندیگرتنی نازمانی و بێ قسەو دیالۆگە وەکو ئەوەی کە لە سروشدا دەیبینین کە ئاژەڵی نێرینە چۆن بۆ سەرنج ڕاکێشانی مێینە یان تۆقاندنی دوژمنەکەی ، کۆمەڵێک جمووجوڵ بە لەش و لاری سازدەکات. لە فیلمی نابگۆدا هەر جووڵەیەکی ئەکتەر بریتیە لە نمایشی ژێستێک بە ئاڕاستە و دەلالەتی تایبەتەوە ؛ واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەکتەر خەریکی لاساییکردنەوەی جووڵەیەکی دنیای ڕاستەقینە و واقیعیە ، بۆ نموونە لە فیلمی شەقامی هێمنی چارڵی چاپڵیندا ، چاپڵین دەیهەوێ ژێستەکانی پۆلیسێکی کارامە دووبارە نمایشبکاتەوە کە ئاکامەکەی وەپێکەنین کەوتنی بینەرە . بەڵام شێوازی دەورگێڕانی ناتۆرالیزمانە و ڕیالیستانە لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی گەمەی ئەکتەرەکانی فیلمی بگۆیە(sound film) . ئەم چەشنە لە سینەما کە لەگەڵ داهێنانی تۆمارکردنی دەنگ لەگەڵ فیلمدا ، دیالۆگ و ئاخاوتنی خستە نێو چەقەی هونەری فیلمسازیەوە وە چەند قات سینەمای لە واقیعیەت نزیکترکردەوە وە نیشانیدا کە فیلمی بگۆ گەشە و پێشکەوتنی فیلمی نابگۆ نیە وە لە ڕاستیدا جۆرەیەکی تەواو جیاوازە لە سینەما و هۆنەری ئەکتەریە.

بە کارهێنانی زاراوەی « ژێست» لە قسەکردن سەبارەت بە جمووجوڵی ڕۆشنبیرانی تەکنۆکڕات هەڵگری دوو ئاڕاستەیە : یەکەمیان بە دیوە فۆتۆگرافیەکەیدایە ، چونکە ئەم ڕۆشنبیرانە بیچمێکی جیاواز لە خۆیان پێشکەش دەکەن کە دەلالەت دەکات کە سەر بە چ چینێکن وە شێوازی هەڵسووکەوتیان چلۆنە بۆنمونە کۆمەڵێک لە نیشانەکانی ژێستی ئەوان بریتیە لە : پۆشتە بوونی جلوبەرگ ، نەرمونیانی لە ئاخاوتن ، هەڵنەچوون لە دمەتەقەکاندا ، بەڵگاندن بە گوێرەی داتا ئاماریەکان ، ڕێزگرتن لە باوەری ئەوانی تر وەک بۆچۆنی شەخشی ، داکۆکی کردن لە نەشکاندنی پیرۆزیەکان….هتد . بەڵام بە دیوە سینەماییەکەیدا کاتێک « ژێست» وەکو پێناسەی جمووجوڵی ئەوان بە کاردەبین مەبەست ئەوە نیە کە بڵێین «قسەکردن» لە ئاکاری ئەواندا نائامادەیە ، چوونکە هەموومان بە باشی هەست بە نوقم بوون لە لافاوی زۆربڵێیەتی ئەوان دەکەین کە لە ڕادیۆ ، تەلەفیزیۆن ، ڕۆژنامە ، خوێندنگە ، زانکۆ ،نەخۆشخانە،دەوڵەت، کڵێسا ، خانەقا …هتد لوزەوی بەربۆتە سەرمان . لە ڕاستیدا پێکچواندی ژێستی سینەمایی لەگەڵ فۆرمی جمووجوڵی ئەم ڕۆشنبیرانە لە سەرێکە لە سەر ئەو ڕاستیە وەستاوە کە ئەوانیش بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی خۆیان هەست بە پێویستی دیالۆگ ناکەن چونکە پێیان وایە حەقایەتە گەوڕەکان هەرەسیان هێناوە کەوایە «پانتۆمیم » باشترین فۆرمی بەشداریکردنە لە نێو کایە کۆمەڵایەتیەکاندا کە هەمان بەدواداچوونکردن بۆ سەرجەم مافەخوراوەکان و ستەمە داسەپاوەکانە بە ڕێڕەوە یاساییە زاڵەکاندا بە شێوەی شێنەیی و بەکاوەخۆیی ، وە درووستکردنی کرانەوەی کۆمەڵایەتی لە سەر دەستی سمینار و کۆنفراسە ئاڵواڵ و پڕخەرجەکانەوە . لە سەرێکی دیکەشەوە ژێست بوونی جووڵەی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکرات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆیان هیلاک دەکەن هەتاکوو «لاسایی» ڕۆشنبیرانی فیگۆراتیڤ بکەنەوە وە خۆیان بە خەمخۆری خەڵک و داکۆکیکاری دادپەروەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نیشان بدەن . ڕۆشنبیرانی فیگوراتیڤ وەک هونەرمەندانی فیگۆراتیڤ کە بەرنگاری هونەری ئەبستراک دەبنەوە وە لە هەوڵی دەرخستنەوەی جیهانی ڕاستەقینە و واقیعیدان ، ئەوانیش بەرنگاری هەژموونی زاڵ دەبنەوە وە  لە پێناو داکۆکی کردن لە خەڵک و حەقیقەتدا دژە هەژموونی دەوەستنەوە. بەڵام ئاکامی ئەم لاسایی کردنەوەی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکڕات یان هەمان ژێستی ئەوان ، وەپێکەنین کەوتنە ! چوونکە جیاکەرەوی تێکنۆکڕات بۆ ئەم ڕۆشنبیرانە ، دواجار ئەوان بە دەزگایەکی ناجەماوەری دەبەستێتەوە کە داکۆکیکاری دۆخی ئابوری زاڵە ، ئەویش دەوڵەتی تێکنۆکڕاتیکە .

ئەم ڕۆشنبیرانە ئەگەرچی بە ناوبژیوانی فۆڕمی ئایدۆلۆژیای خۆیان واتە ژێستەوە هەڵسووکەوت دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەم فۆڕمە هیچ شتێک نیە جگە لە پێوە ڕەقهەڵاتنی ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژیاکەیان بە سەر ، سەرجەم ئاموشۆکانیانەوە ؛ بۆیە لە میانەی «تەبدیلکردنی»  جووڵە بە دەنگ ، گوێبیسی غەڵبەغەڵبێک دەبین کە خۆیان ناویان لێناوە  «گوتاری سەردەم» . گوتاری سەردەم ، گوتاری جێگیر بوونی حەقیقەتی مێژوویی و شاڵاوی  «مانا»یە . ئەم گوتارە پێیوایە زمان وەکو دال و واقیعیت وەکو مەدلول هەڵگری پەراگەندەییە وە خستنەپاڵی هەر ڕاستیەکی جەوهەری بە ئەم ئاشوبە بە کۆنەپەرەستی وێنادەکات. دەنگی دلێری ئەم گوتارە لە بڵیندگۆی پەسنی سەرشێتانەی تاکگەرایەوە بە باشی دەبیسترێت . ئەو دەنگەی کە هەموو ئەمرە کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعیەکان لە ئەدەب و هونەرەوە بگرە هەتا ئایین و سیاسەت و ئابوری ، لە کۆمەڵگا دادەماڵێ و دووریدەخاتەوە لە پێناو سازدانی کۆمەڵگایەکی تەندرووستدا ! ئەو تەندرووستیەی  کە تێیدا شێعر تەنیا سۆزێکی ناسکی شاعیرە و نیگارکێشانەوە تروسکەیەکی هەستی نیگارکێش و ئایین کڵپەیەکی نزای بڕوادار وە ئابوری تامەزڕۆیەکی تاک بۆ قازانج کردنە . ئەم گوتارە بە پێچەوانەی ئەوەیکە تەنها وەسفکار و شەرحدەر بێت هەڵگڕی زمانێکی ڕەخنەگرانەشە . ڕەخنەگری ئەم گوتارە بەلایەکدا دەچێتەوە سەر توانج لێدان و تەوس و تەشەرهاویشتن لە تەگەرەکانی بەردەم جێگیربوونی لیبراڵ دیموکراسی وە دەستەبەرنەبوونی مەلزوماتی هاتنە کایەی بازاری ئازاد و…هتد ؛ وە بەلایەکی دیکەدا رێتۆریکی ڕەخنەگری ئەم گوتارە بریتیە لە هاودڵیکردن لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و ناتەباییەکانی سیاسی و نایەکسانیەکانی ئابوری کە بە ئیستعارەی  «هەڵچون بە پەیژە دا» یان هەمان هەنگاو بە هەنگاو وە بە شێنەیی بەرەوە شوێنی مەبەست چوون ، دەست پێدەکات وە بەوەی کۆتایی پێدێت کە لە سایەی سێیانەی پیرۆزی دیموکراسی ، مافەکانی مرۆڤ وە سەرمایەداریدا ، چارەنووسی سەرلەبەری فەرتەنەکان ئاسۆی ڕوونی هێمنی و هێوریە.

ئەوەی ڕاست بێ ئاواڵناوی « سەردەم» پڕ بە پێستی گوتاری ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکی نیۆلیبرالە چونکە ئەوان بەڕاستی دەرخەری ڕۆحی زمان و سەردەمی هەنووکەن ؛ بەڵام بە هەمان ئەندازەش ئەم ڕۆشنبیرانە « ناهاوچەرخ»ن ! جۆرجۆ ئاگامبێن(Giorgio Agamben:1942 –) لە وانەوتاری کرانەوەی فەلسەفەی تیۆریک لە زانکۆی IUAV لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەڵێت : «هاوچەرخ» ئەو کەسەیە کە چاوی لە سەردەمی خۆی بڕیوە بەڵام نەک بۆ بینینی ڕووناکاییەکان ، بەڵکو لە پێناو تێگەییشتن لە سەرلەبەری ڕەشاییەکان و  تاریکاییەکانە . ئەم ڕۆشنبیرانە  لە بەر ئەوەی لە ڕادەبەدەر بە سەردەمی خۆیانەوە نووساون وە لە بەر ئەوەی بە تێروتەسەلی  و بە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەگەڵ زەمانەی خۆیان گونجاون ، بە وتەی ئاگامبێن بۆیاننیە خۆیان بە هاوچەرخ ناودێربکەن چوونکە گرشە و تروسکەی ڕووناکاییەکانی سەدە ئەوانی« کوێر» کردوە وە هەرگیز ناتوانن «ڕەشبین» ببن ! بینینی تاریکاییەکان و ڕەشاییەکان شێوەیەک لە سرەوتن(Inertia) یان پاسیڤ بوون نیە وە ئاگامبێن بە یارمەتی فیزیۆلۆژی دەمارەکانی بینین توانای ڕەشبینی وەکو چالاکیەکی ئاگامەندانە شرۆڤە دەکات . فیزیۆلۆژیستەکانی دەمار سەلماندوویانە کە  نەبوونی ڕووناکایی دەبێتە هۆی چالاکبوونی کۆمەڵێک خانەی نێو تۆڕینەی چاو کە ناویان off-cell ە بە شێوەیەک کە  دەستدەکەن بە چالاکی و چەشنێکی تایبەت لە سۆما و بینایی دێنە ئاراوە کە هەمان بینینی تاریکاییەکانە . ڕۆشبیری هاوچەرخ ئەو کەسەیە کە ڕەشبینە ، واتا لە هەمان کاتدا کە ڕق و نەفرەتی لە سەردەمی خۆیەتی بەڵام بە هەرحاڵ دەزانێ کە ناتوانێ لێی ڕابکات و بە ناچاری پێیەوە بەسراوەتەوە. کەوایە هاوچەرخ ئەو کەسەیە کە «تاریکاییەکان»ی سەردەمی خۆی وەکو شتێک سەیر دەکات کە پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە وە بێوچان داوای «ڕۆشنبوونەوە»ی لێداەکات ، وە هەر بۆیەشە  دواجار سەرکەوتوو دەبێت کە چاوی بە «سەروبەند»ی خۆی بکەوێت.

ڤێرژەنی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکراتی نێو کۆمەڵگای «ئێمەمانان»  بە ناوەکانی مامۆستا ، دکتۆر ، خەمخۆر ، دڵسۆز ، بڕواپێکراو ، متمانەپێکراو ، هەڵسوراو ، جودابیر و هتد خۆیاندەردەخەن وە مزگێنی  بەدیهاتنی ژیانێکی خۆشبژیوانە و ئاسوودە بڵاودەکەنەوە. ئەم ڕۆشنبیرە «خۆماڵیانە»  کە هێشتا بیرکردنەوەیان  ماسیەکانی نێو مەلەوانگەی دەرەبەگایەتییە ، کەچی خۆیان بە خشڵی خەسڵەتەکانی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکی نیۆلیبرالیزم ڕازاندوەتەوە وە بە شێوەی پێڕەوکەیی و دارەدارەیانە خەریکی پراکتیزە کردنی ئەم ڕێبازەن لە نێو کۆمەڵگاکانی ئێمەماناندا . ئەگەر توانیمان جووڵەناسی ڕۆشنبیرانی تێکنۆکڕات بە یارمەتی ژێستی کایەی ئەکتەرەکانی سینەمای نابگۆ تا ڕادەیەک شیبکەینەوە ، ئەوە شرۆڤەی جمووجووڵی ئەم  ڕۆشنبیرە خۆماڵیانە ، خۆ لەگەڵ ماندووکردنێکی ئەوتۆی  ناوێت وە لە ڕێگەی ژێستی مارشاڵەکانی هێزی فرۆکەوانی سەربازیەوە بە باشی دەتوانین  تاوتوێی بکەین . چۆن چۆنی مارشاڵەکان یا سەرپەرشتیارانی فڕین و نیشتنەوەی فرۆکە سەربازیەکان لە نێو باندی فرۆکەخانەدا لە ڕێگەی ژێستەکانی جەستەیانەوە وە بە دەست و قاچ و ئەوە تابلۆیانەی پێیانە ڕێنمایی نیشتنەوەی فڕۆکەکان دەکەن ، ئا بەم شێوەیە ئەم ڕۆشنبیرە خۆماڵیانەش لە میانی تەعبیری ڕۆمانسیانەی «سەرمایە وەک باڵندە» وە لە ڕێگەی جووڵەی فۆلکۆریانەی «دوودەسماڵە» و بە لۆژیکی عەوامانەی «کۆتربازی»یەوە هەڵدەستن بە هەوڵدان لە پێناو پێوەکردن و هەڵنیشتاندنی «مەلی سەرمایە » لە سەر گوێسوانەکانی کۆمەڵگای جیهانی سێهەم . لە بەر ئەوەیکە ئەوان پێیان وایە تەنیا فریادڕەسی ئێمەمانان بۆ ڕزگاری لە دواکەوتویی و چارەڕەشی  بازاری ئازاد و سیستمی پەرلەمانتاریە ، بە جۆرەیەک کە بە دابەستە بوونی کەرتی تایبەت و قەڵەو بوونی بانکەکان و لەر و لاوز کردنی دەوڵەت ئەوا بەختەوەری کۆمەڵایەتی دەڕسکێت . ئەم بیر و باوەڕەی ئەوان پشت ئەستوورە بە تێزی «گەشبینی» یان هەمان«ئایدۆلۆژیای نکوڵیکردن» . ئایدۆلۆژیای نکوڵیکردن یان گەشبینی ڕۆشنبیرانی خۆماڵی لە سەر بنەمای متمانەی بێئەملاوئەولا بە سیستمی زاڵ بە سەر جیهاندا وە هەر وەها پشتگوێخستن و چاوپۆشیکردن لە دەرهاویشتە وەحشیانەکانی نیۆلیبرالیزم  دارێژراوە . بەڵام لە پێناو داکۆکیکردن لە خۆیان  ئەم ڕۆشنبیرە گەشبینانە ئیدەعای ئەوە دەکەن کە ئەوان «عەلائەدین»ێکی زیت و وریان کە تەلەسم و باربەژنی دێوی قۆری نیۆلیبرالیزمیان بە دەستەوەیە و دەستبەجێ دوای بەدیهێنانی سێ ئاواتە گەورەکەی خۆیان واتە وەگەڕکەوتنی سەرمایە و مافەکانی مڕۆڤ و دیموکراسی ، جارێکی دیکە دێوەکە لە نێو قۆڕیەکەدا تەلەسم دەکەنەوە وە بەم شێوەیە ناهێڵن ڕەدووهاتە دڕندەکانی بەرۆکی ئێمەمانانیش بگرێت . هەر بۆیەشە ئەم ڕۆشنبیرە خۆماڵیانە لە بەژنی جەنگاوەرانی بەجەرگی شەر لەگەڵ دواکەوتووی و چارەڕەشی دەردەکەون بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانین هەمان تەعبیری  کتێبی « ئایدۆلۆژی ئاڵمانی» سەبارەت بە هیگڵیە لاوەکان دووبارەبکەینەوە وە  بڵێن ئەم ڕۆشنبیرە خۆماڵیانە هەمان ئەو مەڕانەن کە ئێستاکە خۆیان لە کەوڵی گورگ خزاوندوە ! چوونکە مایەپووچ بوونەوەی ئەو مزگێنی و بەڵێنییانەی کە دابوویان دواجار دەیخەنە سەر ئەستۆی دواکەوتوویی و کاڵفامی «خەڵک»ەوە . نەقڵ و نەزیلەیەکی نیمچە نووکتەئامێز هەیە کە دەگێرێتەوە : پیاوێک هەبوو کە ماوەیەک بوو هەستی دەکرد ژنەکەی دەنگی نابیسێت و کەڕبووە بەڵام لە بەر ئەوەی ئاستێکی مەیلەو ڕەسمی و ئەخلاقیاتێکی تۆکمە بە سەر پەیوەندی هاوسەریایەتیاندا زاڵبوو لە ڕووی هەڵنەدەهات و بۆی جێبەجێ نەدەبوو کە ئەم کێشەیە لەگەڵ هاوسەرەکەی بێنێتەگۆڕێ . ناچار ئەم مەسەلەیە لای دکتۆرێکی پسپۆڕ دەدرکێنێت و دکتۆڕەکە بۆ دڵنیا بوون لە کەڕ بوون یا نەبوون پێشنیارێک بە پیاوەکە دەکات ، لە سەر ئەو بنەمایە کە لە چەندین مەودای جیاواز هەرای ژنەکەی بکات و ئەگەر هاتوو لە نزیکترین مەودادا هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت ئەوە دڵنیابێ کە ژنەکەی کەڕ بووە . پیاوەکە دەچێتەوە ماڵەوە و لە بەر دەرگاوە بانگی ژنەکەی دەکات و دەڵێ : خانم چت لێناوە . بەڵام وەڵام وەرناگرێتەوە . لە چەندین مەودای نزیکتر ئەم کارە دووپات دەکاتەوە بەڵام هەر ڕەنجەڕۆ دەبێ ، هەتا دەگاتە پاشە سەری ژنەکەی و هاوار دەکا : ئەرێ خانم چت لێناوە ! ژنەکە یەکبەخۆی بە تووڕەییەکی شەڕئەنگێزەوە دەزریکێنێت و دەڵێ : سندان ! سندان ! هەزار کەڕەتم وەڵام دایەوە ! و پێموتی پڵاومان هەیە پڵاو …خۆشکور ئەوە کەڕیش بووی؟! وەڵا بیستن لە پڵاوخواردن خۆشترە!… ڕێک ئەم ڕۆشنبیرە خۆماڵیانەش لە وەها وەهمێکدا دەژین و پێیانوایە  خەڵکی کۆمەڵگای ئێمەمانان و جیهانی سێهەم بە هۆی کەمخۆراکی و خراپخۆراکی کەلتوری و مێژووییەوە ، کەڕ بوون و توانای بیستنی دەنگی ئەوانیان نیە  بەڵام ئەو ساتەوەختەی کە «شەقام» یەکبەخۆی دەنگهەڵدەبڕێت و وەڵامیان دەداتەوە ، ئەوسا حاڵیدەبن کێ کەڕبووە و کێ گوێی لە هیچ نابێت! ئەم دیمەنە سەربووردەی کۆمیک و تراژیکی  ، جەوهەری پەیوەندی و مامەڵەکردنی ئەم ڕۆشنبرە خۆماڵیانە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکمان پێنیشاندەداتەوە  بە جۆرەیەک کە هەرگیز  لە بەرامبەر بە هەڵە دەرچون و پووچەڵ بوونەوەی خەونەکان و بیرەکان و هەڵوێستەکان و لێکدانەوەکانیان نەک تەریق نابنەوە  و سڵی لێناکەنەوە بەڵکوو ڕووقایمتر لە سەریان سوورتر دەبن . چۆن چۆنی دوابەدوای سەرهەڵدانی سینەمای بگۆ و خاوەن دیالۆگ ، سینەمای نابگۆ بە تەواوی پاشەکشەی کرد و گۆشەنشین بوو ، ئاوهاش لە میانەی تۆخکردنەوەی کەرتی یەکەمی تێزەکەی گرامشی کە دەڵێت «هەموو مرۆڤەکان ڕۆشنبیرن» دەتوانین بڵێن لەگەڵ هاتنە کایەی«شەقام» یان هەمان ڕۆشنبیرانی بگۆ و خاوەن دیالۆگ ، ڕۆشنبیرانی تێکنۆکڕات پەکیان دەکەوێ و بە تەواوەتی دادەمێنن . چونکە دواجار «کۆمەڵگا»  ئەو ڕۆشنبیرانەی کە هیچ کات لە هەڵوێست و ئاکارە نالەبارەکانیان تەریق نابنەوە ، دەست دەشواتەوە و پشتیان تێدەکات وە  لە بەرامبەردا ئەو شەقامەی کە هێستا هێزی و بڕستی شەرمەزارکردنی تێدایە نەک تەنیا پێی هیوادار دەبێ بەڵکوو بەروپیریشی دەچێت.

وەرگیراو لە ماڵپەڕی: داهاتوو

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …