دوو رێكخراوی مافپارێز لەوانە “كانونی بەرگری مافی مرۆڤ لە ئێران و كومیتەی بەرگری لە مافی قەوم و نەتەوەكانی ئێرانی” بە دەركردنی راگەیەندراوێكی هاوبەش، كوشتنی كۆڵبەرانیان بە توندی مەحكوم كردووە.
لەو راگەیەندراوەدا كە نوسخەیەكی بە دەستی “زاگرۆس پۆست” گەیشتووە، هاتووە: هەموو نەتەوەكان مافی خودموختارییان هەیە، بەڵام كوشتن و برینداركردنی چینێك لە خەڵكی هەژار و دەسكورت و بەشمەینەتی كوردستان واتە كاسبكارانی سەر سنوور (كۆڵبەران) یان بەتاڵان بردنی كەلوپەلەكانیان بووەتە یەكێك لە ئەركەكانی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەكان و بەداخەوە تا ئێستا ئەم بابەتە لەگەڵ كەمتەرخەمی لایەنگرانی مافی مرۆڤ و رێكخراوە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بەرەوڕوو بووەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم گرووپە لە خەڵكی كوردستان لە ریزی ستەم لێ كراوترین چینەكانی كۆمەڵگان، كە هیچ كەسێك بۆ گیان و ژیانی ئەوان بایەخێك دانانێت و هێشتاكە لە هەبوونی لایەنگر و پشتیوانێكی دڵسۆز بێبەرین.
شایانی باسە، رۆژانە و بە شێوەی بەردەوام كۆڵبەران و كاسبكارانی سەر سنوور لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بەرەوڕووی هێرش دەبنەوە و گیان و ماڵیان دەكەوێتە بەر مەترسی لەنێوچوون.