هاوڵاتیەكی كورد لە حەوشەی فەرمانداریی سونقور دەستی دایە خۆكوژی و گیانی لەدەستدا.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆكوژیی ئەو هاوڵاتییە كوردە لە حەوشەی كۆڕی ئیداریی فەرمانداری سونقور كە ناوی “مەنسور كەیهانی” راگەیەندراوە، بەرپرسی جێگری سیاسی ئەمنیەتی پارێزگای كرماشان، هۆكاری خۆسووتاندنی ئەو هاوڵاتییە كێشەی دەركردنی ئیجازەی دروست كردن خانوو و كێشەكانی پەیوەندیدار بە شارەوانی ناو لێ بردووە.
“ئەمیر شاه ئابادی” رۆژی یەكشەممە لەوبارەوە وتی: بە پێی بەدواداچوونەكانی تیمی كارناسیی لە لایەن جێگری سیاسی ئەمنیەتی پارێزگاوە بۆ شاری سونقور و پاش توێژینەوەیەك، دەركەوتووە كە ئەو كەسە كۆچ كردووە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە داواكاریی سەبارەت بە ئیجازەی دروستكردنی خانوو و كێشە لەگەڵ شارەوانیی سونقور، لە حەوشەی كۆڕی فەرمانداریی دەستی داوەتە خۆكوژی.
ناوبراو وتیشی: پاش سەردانی بنەماڵەكەی، پاش دەركەوتنی شوناسی ئەو هاوڵاتییە تەمەنیشی 59 ساڵ راگەیەندراوە.
پۆلیس و پزیشكی یاسایی لە لێكدانەوە سەرەتاییەكانیاندا بە هۆی توندی ئاسەوارەكانی سووتانەوە، تەنیا ئەوە دەركەوتووە كە كەسەكە رەگەزی پیاوی هەبووە.
شاه ئابادی هەروەها وتوویەتی، ئەو هاوڵاتییە كە دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەستداوە، لە دەرگای سەرەكیەوە نەڕۆیشتووەتە نێو حەوشەكەو پێدەچێ لە دیواری پشتەوەی بیناكە كە زۆر بەرزیش نیە خۆی هەڵدابێتە ئەو دیو.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە ئەو هاوڵاتییە كوردە، چەندین جار بە هۆی جێبەجێ نەبوونی كێشەكەیەوە هەڕەشەی خۆسووتاندنی كردبوو، بەڵام هیچ وەڵامێكی پێ نەدرابوو.