رێكخراوی فەرهەنگی، ئەدەبی مەولەویی كوردی سنە، كۆڕێكی رێزگرتن لە كار و تێكۆشانی ئەدەبیی “جەلال مەلەكشا” شاعیری گەورەی كورد بەڕێوە دەبات.
رێكخراوی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەولەویی كورد كە زیاتر لە 22 ساڵە دامەزراوە و خزمەتی زمان و ئەدب و رەوتی فێركاریی زمانی كوردی دەكات، لە نوێترین چالاكییاندا كۆڕێكی گەوەر بۆ رێزلێنانی جەلال مەلەكشا شاعیری ناسراوی كورد رێك دەخەن.
بەپێی پۆستەری یادەكە، ئەو كۆڕە كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 12ی مانگی خەرمانان لە هۆڵی فەجری شاری سنە بە بەشداریی ئەدیب و نووسەر و شاعیرانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
جەلال مەلەكشا شاعیرێكی بەناوبانگی كوردە و سالی 1330 ی هەتاوی (1951ی زایینی) لە گوندی “مەلەكشا”ی سەربە شاری سنە هاتووەتە دونیاوە.
هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە كراوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.
جەلال وەكوو مروڤێكی ئاشتیخواز نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و چەندی ساڵ ئازاری زیندانی كراوە .
لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆكی دەنووسی و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی كتێبی چاپكراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی «كانوونی نووسەرانی ئێران».
پاش ساڵی 1357ی هەتاوی (1979ی زایینی) قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی كوردی و لە كوردیشدا سەركەوتنێكی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی 14 ساڵ وەكوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی كوردی ئەدات.
شیعرەكانی جەلال تا ئێستا بە زمانەكانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و… وەرگێڕدراون.
جەلال ئێستە لە شاری سنەیە و ھەرچەند كەوتوەتە بەر تووكەشەقی چارەنووس، بەڵام بێگومان جەلال لەو نووسەرە دەگمەنانەیە كە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات. دوو شیعری «ھەتا لووتكە چەندی ماوە؟» «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەكانی جەلال مەلەكشان.
هەتا ئێستە دوو بەرهەمی بەناوەكانی كۆمەڵە شیعری “زڕەی زەنجیری وشە دیلەكان و كۆمەڵە چیرۆكی كارەسات” چاپ كراون و چەند بەرهەمی دیكەشی لە بواری شیعر، چیرۆك و وەرگیڕان بە زمانەكانی كوردی و فارسی ئامادەی چاپن.