لە ماوەی مانگێك شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سپای توركیە دوو سەد كەس كوژراون.
“ئیدریس بالوكان”پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە ئاشكرایكرد لە ماوەی مانگێك شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سپای توركی 200 كەس گیانیان لەدەستداوە و 500 كەسی دیكەیش برینداربوونە.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئامەد، “ئیدریس بالوكان” پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە، كە بە سەرۆكایەتی شاندێكی پەرلەمانتارانی هەدەپە سەردانی ناوچەكانی شەڕیان كردووە و راپۆرتێكیان سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی توركیە و باكووری كوردستان ئامادەكردووە، رایگەیاند:” بێ جیاوازی سەرباز و پۆلیس و گەریلا و خەڵكی مەدەنی لە شەڕەكەدا بوونەت قوربانی و زەرەرمەندی یەكەمی شەڕ و ئاڵۆزییەكانیش خەڵكی توركیەن بە بێ جیاوازی”.
بالوكان هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: ” ئەو شەڕەی تا ئێستا بەردەوامە و ئەگەر پێشی پێ نەگیردرێت ژیانی خەڵكیكی زیاتریش دەكاتە قوربانیی، چونكە سپا لە هەموو ناوچەكانی باكووری كوردستان ئۆپەراسیۆن دەكات و خەڵكیش دەبنە قوربانی تیرۆری دەوڵەت”.
شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سپای توركیە لەدوای ئەوە دێت، كە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیە لە شەوی هەینی 25-7-2015 زایینی بۆ یەكەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانكردە سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان.