ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە مەحكووم دەكات كە حەوتووی ڕابردوو كرابوونە سەر كۆمەڵە و داوای ڕاگرتنی “هەوڵی توندوتیژی” لە نێوان حیزبە كوردییەكان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەكات.
لە لێدوانێكدا كە لە سایتی ڕەسمیی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، ئاماژە بە هەوڵی تیرۆری جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان “ڕەزا كەعبی” و دانانەوەی بۆمب لە بنكەكانی ئەو حیزبە دەكات و بە “هەوڵی ناسەركەوتووی تیرۆریستی” ناوی لێ دەبات.
ڕێكخراوەكە، وێڕای مەحكووم كردنی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە و وەسفكردنیان وەك “هەڵسوكەوتگەلێك كە نابەخشرێت” بە نیگەرانیشەوە باس لە پێكدادانە نیزامی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزە كوردییەكان و چەكدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەكا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، لەو بارەوە، وێڕای دەبڕینی نیگەرانیی خۆی لە “گەشەسەندنی توندوتیژیگەلی لە كۆنتڕۆڵ نەهاتوو”، داوا لە “لایەنە بەشدارەكان” دەكات كۆتایی بە توندوتیژییەكانیان بێنن.
داوا لە بەرپرسانی سیاسی و نیزامی دەوڵەت و ڕێبەرانی حیزبەكانی كوردستان دەكەین، بۆ چارەسەریی پرسەكانی كوردستانی ئێران، كەڵك لە ڕێكارگەلی سیاسی، ئاشتیخوازانە و وتووێژ وەربگرن؛ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان وای نووسیوە.