“ئاتنا فەرقدانی” تەمەن 29 ساڵ و كچە كاریكاتێریستی ئێرانی كە لەلایەن كۆماری ئیسلامیەوە بە 12 ساڵ و 9 ماتگ زیندان سزا دراوە، لەلایەن تۆڕی نێودەوڵەتیی بەرگری لە كاریكاتێریستانەوە خەڵاتی بوێریی ساڵی 2015ی زایینی پێ بەخشرا.
ئاتێنا فەرقدانی یەكەم ژنە كە بە تەنیا ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە وەردەگرێت و ساڵی پێشوو ئەو خەڵاتە بە هاوبەشی درایە دوو ژنە هونەرمەندی هیندی و فەلەستینی.
تۆڕی نێودەوڵەتیی بەرگری لە مافی كاریكاتێریستان هەموو ساڵێك خەڵات بەو كاریكارتێریستانە دەدات كە بەهۆی هونەرەكەیانەوە ژیانیان دەكەوێتەوە مەترسییەوە.
پێشتر دوو كاریكارتۆریستی دیكەی ئێرانی بەناوەكانی “مانا نەیستانی” لە ساڵی 2010 و “نیك ئاهەنگ كەوسەر” لە ساڵی 2011 ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.
ئاتێنا فەرقدانی كچە هونەرمەندێكی تەمەن 29 ساڵ و خەڵكی تارانە كەلە بەشی هونەری شێوەكاریی زانكۆی “ئەلزەهرا”ی تاراندا دەیخوێند، بەڵام بەهۆی كێشانی چەندین كاریكاتێری رەخنەگرانە لە حكوومەتی ئێران لە خوێندن بێبەش كرا و یەك ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر كرا و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە بە شێوەی كاتی ئازاد كرا.
پاش ئازادكرانی ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا گوتی كەلە زیندان سووكایەتیی پێكراوە، هەر بەو بۆنەیەوە جارێكی دیكە دەستبەسەر و پاش لێدان و كوتان گوازرایەوە بۆ زیندانی “قرچەك”ی وەرامین و پاش مانگرتن لە خواردن دیسان گوێزرایەوە بۆ زیندانی ئێوینی تاران.
لە ئەنجامدا لەلایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتەكانی “كۆبوونەوە لەدژی كۆماری ئیسلامی، چالاكیی تەبلیغی بەدژی حكوومەت، سووكایەتی بە رێبەری ئێران، سەركۆمار، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی بەندی 12ی ئەلف لە كاتی لێپرسینەوە” بە 12 ساڵ و 9 مانگ زیندان سزا درا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكانی ئێران یەكێك لە كارە هونەرییەكانی ئاتێنا فەرقدانی كە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو ماوە زۆرە زیندانەی بۆ ببڕێتەوە، كاریكاتێرێكە كە تێیدا پەرلەمانتارانی ئێرانی لە چەشنی ئاژەڵ وێنا كراون و خەریكن لەدژی مافەكانی ژنان یاسا پەسەند دەكەن.
ئەم كاریكاتێرە پاش پەسەندكردنی یاسایەك بۆ زیادكردنی حەشیمەتی ئێران بڵاو كرایەوە، لەبەرە ئەوەی بیرۆكە و بڕیاری خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی بوو، زۆر بە گرنگ و هەستیار وەرگیرا و ئەو سزا قورسەی پێدرا.
بڕیارە خەڵاتی بوێریی نێودەوڵەتیی بەرگری لە كاریكاتێریستەكان رێكەوتی 5 ـ 9 ـ 2015 لە رێوڕەسمێكی تایبەت و هاوكات لەگەڵ دانیشتنی ساڵانەی ئەنجومەنی كاریكاتێرەكانی چاپەمەنییەكانی ئەمریكا بە “ئاتێنا فەرقدانی” بدرێت.