كۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكی پەیام نووری شاری مەریوان بە دەركردنی راگەیەندراوێك، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر هەوڵە تیرۆریستیەكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلام بەرامبەر بە “رەزا كەعبی” بەرپرسی دەستەی كارگێریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و هەروەها بۆمبڕێژ كردنی بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەربڕیوە.
دەقی ئەو راگەیەندراوە بەمچەشنەیە:
پەیامی كۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان بە بونەی هەوڵە تیرۆریستیەكانی رژیم
لە ماوەی ئەم چەن ساڵەی ڕابردوودا هەندێك گۆڕانكاری لە پارچەكانی دیكەی كوردستان(باكوور، باشوور، ڕۆژئاوا) هاتووەتە ئاراوە و كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها ئاستی جیهانیشدا پێی ناوەتە قۆناغێكی دیكەوە.دیارە هەركام لە پارچەكانی باشوور،باكوور و ڕۆژئاوا لەم چەن ساڵەدا ئەتوانین بڵێین هەندێك دەسكەوتیان لێ كەوتووەتەوە و تەنها ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە كە بە نیسبەت بەشەكانی دیكەوە بێدەنگی هەڵبژاردوە.
لەم ماوەیەدا كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥دا ڕێكەوتووە و خەریكە فشارە دەرەكییەكان لەسەر خۆی كەم دەكاتەوە، هەروەها حزبە ڕۆژهەڵاتییەكانیش كە دیارە لە هەوڵی ئەوەدان خەبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببەنە قۆناغێكی دیكەوە و لەو مەنگییەی كە ڕژیم لە ماوەی ئەم چەن ساڵەدا بەسەریدا سەپاندووە دەر بێنن.
هەر بۆیە ڕژیم بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ناوچەكەدا هاتووەتە ئاراوە، ئەو مەترسییەی بە نیسبەت خۆیەوە هەست پێ كردووە و دیسان دەستی داوەتە كاری چەپەڵی هەمیشەیی خۆی، واتە تێرۆر و تەقینەوە و زەختوگوشاری سێدارەش بۆ چالاكانی ناوخۆ.
ئەمجار هەوڵی ڕژیم بۆ تێرۆری كەسایەتیی سیاسی و جێگیری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كاك ڕەزا كەعبی، و هەروەها هەوڵی تەقاندنەوەی بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كورستانی ئێران.
دیارە ئەم پیلانە نگریسە بە هاوكاریی چەن خۆفرۆشێك هەوڵی بۆ دراوە كە بەخۆشحاڵیەوە هیچكام لەو دوو پیلانەی ڕژیمی خوێنڕێژ نەگەیشتە ئەنجام.
ڕژیمی كۆماری سێدارە و تێرۆری ئیسلامیی ئێران ئەمە یەكەمجاری نییە كە بەجێگەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی داخوازییەكانی گەلی چەوساوەی كوردی ڕۆژهەڵات دەستت دەداتە تێرۆر و شەهیدكردنی كەسایەتییە ناسیاو و تێكۆشەرانی كورد.
لەوانە: د.عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو، د.سادقی شەرەفكەندی و كاك سدیقی كەمانگەر و چەندین تێكۆشەری دیكە و سەدان پێشمەرگەی بەئەمگ بە رێبازی ئازادی.
هەر بەو بۆنەوە ئێمە وەكوو كۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان ئەم كردەوە قیزەونانەی ڕژیمی تێرۆر و سێدارە مەحكووم دەكەین و پێی ڕادەگەیەنین كە ڕۆڵەكانی كورد هیچكات بە كوشتن و لەناوبردن و ئەشكەنجە و تێرۆر و تەقینەوە لە ڕێبازیان وەرناگەڕێن و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهەستێكی بەخورۆشترەوە ئەم ڕێگایە دەپێون.
هەروەها ڕژیم پێویستە ئەوەش بزانێ كە چی دی ئەم كردەوانە ناتوانێ ئێمە لە داخوازییەكانمان پاشگەز بكاتەوە. حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وان لە نێو دڵی خەڵك و جەماوەردا و پێوسیتە ڕژیم باش بزانێ كە ئێمە بەدرێژایی مێژوو ئامادەی گیانبەخت كردن بووین لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و تا بەدیهاتنی واز ناهێنین.
سەركەوتن بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد
كۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان
٢٧١٥.٥.٢١