دووهەمین هەوڵی تیرۆریستی لە ماوەی 2 رۆژی رابردوو دژی كۆمەڵە ئەنجام درا، بەڵام هیچ یەك لەو هەوڵانە بە ئاكام نەگەیشت و شكستیان پێ هێنرا.
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست “زاگرۆس پۆست” كەوتوون، شەوی هەینی لەسەر شەممە 17ی مانگی گەلاوێژ هاوكات لەگەڵ ئەنجامدانی كردەوەیەكی تیرۆریستی دژی “رەزا كەعبی” جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەوڵێكی تیرۆریستی لە نێو بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ئەنجام درا و هەر دوو پیلانەكە پووچەڵ كرانەوە.
سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو لە بارەگای ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە زاگرۆس پۆستی راگەیاند، هاوكات لەگەڵ ئەوەیكە تیرۆریستێكی كۆماری ئیسلامی هەوڵی دابوو رەزا كەعبی تیرۆر بكات، لە بارەگای ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش بڕی 24 كیلۆ مادەی تەقینەوە (تی ئێن تی) لە چەند شوێنێكی ئەو بارەگایە لە لایەن كەسێك بە ناوی “عەلی فەتحی” ناسراو بە (عەلی سەوڵاوا) دانراوە.
سەرچاوەكە لە درێژەدا وتی، ئەو بڕە تەقەمەنیە كە بڕیار بوو شەوی رابردوو بتەقێتەوە چەند كاتژمێر پێشتر لە لایەن كۆمەڵەوە دۆزراوەتەوە و پاشان بە هاوكاریی هێزەكانی دژە تیرۆری باشووری كوردستان بۆمبەكان كە بڕیار بوو شەوی رابردوو بتەقێتەوە، پووچەڵ كراوەتەوە.
شایانی باسە، لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوو ئەمە دووهەمین هەوڵی تیرۆریستییە كە بەرۆكی كەسایەتی و بارەگاكانی كۆمەڵە دەگرێتەوە و چالاكانی سیاسی باس لەوە دەكەن، رێكەوتنی ئەتۆمی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژئاوا جارێكی دیكە مەترسی ئەوە زیاد دەكات كە هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی بە دژی نەیارانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەكان پەرە بستێنێت.