دوو چالاكی كرێكاریی كورد لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بانگهێشتی دادگا كران و لێپرسینەوەیان لێ كرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، ئەمڕۆ شەممە 17ی مانگی گەلاوێژ “مەحمود ساڵەحی” لە چالاكانی كرێكاریی خەڵكی شاری سەقز و ئەندامی كومیتەی هاوئاهەنگیی بۆ یارمەتیدان بە مەبەستی پێكهێنانی رێكخراوە كرێكارییەكان، بە تۆمەتی ئەندامیەت لە كۆمەڵە بانگهێشتی لقی یەكی دادسەرای شاری سنە بە سەرۆكایەتی قازیی “سەعیدی” كراو خرایە ژێر لێپرسینەوە، بەڵام بە هۆی رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتە لە لایەن ساڵەحیەوە، بەدواداچوونی دۆسیەكەی خرایە كۆبوونەوەیەكی دیە.
هەروەها “كورش بەخشەندە” یەكێكی دیكە لە لە چالاكانی كرێكاریی شاری سنە بانگهێشتی دادسەرای گشتیی و ئینقلاب كرا و بە تۆمەتی ئەندامیەت لە كۆمەڵە، پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی، تێكدانی ئەمنیەتی گشتیی، نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و ئەندامیەت لە كومیتەی هاوئاهەنگی، لێپرسینەوەی لێ كرا، بەڵام ناوبراو تەنیا ئەندام بوون لە كومیتەی هاوئاهەنگی قبوڵ كرد و لەو بارەیەوە بەرگریی لە ئەو رێكخراوە سەربەخۆە كرێكاریی كرد.
دەبێ بوترێ، مەحمود ساڵەحی و كورش بەخشەندە لە ریزی ئەو چالاكە كرێكارییانەن كە تا ئێستا چەندین جار دەستگیر و رەوانەی گرتووخانە و زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی كراون.