سێ لایەنی کۆمەڵە لە قۆناغی کۆتایی یەکگرتنەوەدان

 سێ لایەنی “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ-هێڵی یەکگرتنەوە و رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە” لە قۆناغی کۆتایی یەکگرتنەوەدان و ئەندامێکی هێڵی یەکگرتنەوە رایدەگەیەنێت، ئەو یەکگرتنەوەیە لە دژی هیچ لایەنێک نییە و تەنیا ئامانجمان دامەزراندنەوەی کۆمەڵەیەکی راستەقینەی کوردستانییە نەک کۆمەڵەیەکی خیاڵی”.

هیدایەت قادری، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ “وشە” دەڵێ: “ماوەیەکە لیژنەیەکی هەماهەنگیمان لە هەر سێ لایەن پێک هێناوە بۆ دانیشتن و باسکردنی چۆنیەتی یەکگرتنەوەمان و ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی و لە مانگی داهاتووڕا دەست دەککەین بە پێکهێنانی سمیناری هاوبەش بۆ قسەکردن لەسەر ناو و سیاسەتە گشتییەکانی ئەو حزبە یەکگرتووە”.

قادری ئامانجە سەرەکییەکانی یەکگرتنەوەی ئەو سێ لایەنە دەگەڕێنێتەوە بۆ: “یەک لە بابەتە سەرەکییەکان، تێپەڕاندنی ئەو میکانیزمە سیاسیی و رێکخستنانەی ئێستایە کە لە کۆمەڵەکاندا هەیە و لەسەر ئەوە کۆکین کە دەبێ کۆمیتەی ناوەندی خاوەنی بڕیار بێت و ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی ناو رێکخستنەکە بێت و ئەو تابۆیە تێپەڕێنین کە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئاگاداری رووداوەکان ببن و تەنیا کەسێک لەسەرەوە بڕیار بدات و کۆمیتەی ناوەندیش وەک خزمەتگوزارێکی بێ ئاگا لە بڕیار و رووداوە حزبییەکان دەور ببینێت”.

دووپاتیشی دەکاتەوە: “ئامانجی ئێمە لەو یەکگرتنەوەیە بوژانەوە و دامەزراندنەوەی کۆمەڵەیەکی راستەقینەیە بە بیروباوەڕێکی چەپی کوردستانی و نیازی دژایەتی کردنی هیچ لایەنێکی سیاسی رۆژهەڵاتمان نییە، هەر بۆیە فەزای دانیشتنەکانمان زۆر دۆستانە بەڕێوە چووە”.

لەناو ئەو سێ لایەنەدا تاکە لایەنێک کە حزب و دامەزراوە و رێکخستنی هەیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە و خاوەندارێتی تێکەڵبوونەوە لەو دۆخەدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو حزبە و قادریش دەڵێ، تا پێکهێنانی کۆمەڵە ئێمە رێز لە سەروەری پێڕەو و پرۆگرامی ئەو حزبە دەکەین و ئاشکراشی دەکات: “لە کۆنفرانسەکانی مانگی داهاتووماندا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین بە زووترین کات کۆنگرە ببەستین، راستە ئێستا تەنیا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خاوەنی دامەزراوە و ئەساسنامەیە، بەڵام ئێمە لەو سیمینارانەدا دەستنیشانی ناوێکی تازە بۆ حزبە یەکگرتووەکە دەکەین، هەر ناوێکیشمان بۆ دەستنیشان کرد پاشگری کۆمەڵەی پێوە دەبێت و دەشبێ ئەو حزبە تەعبیر لە کۆمەڵەیەکی راستەقینە بکات کە بە درێژایی دامەزراندنی هی خەڵکی هەژار و چەوساوەی ناو خانووە قووڕاوییەکان بووە”.

 هیدایەت قادری روونیشی دەکاتەوە: ” کۆمەڵەی زەحمەتکێشان زۆر دۆستانە و بەوپەڕی سنگفراوانییەوە لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بووە و بەهۆی ئەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان حزبیان هەیە و کۆنگرەیان گرتووە و خاوەنی پێڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆن، لەکاتی تێکەڵبوونەوە تا بەرەو کۆنگرە دەچین، ئێمە رێز لە پێڕەوی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەوان دەگرین”.
وشە/هەولێر- هیدایەت جان

بابەتی هاوپۆل

«خدیجە مھدی پور» بە ٢٠ ماە حبس تعزیری محکوم شد

«خدیجە مھدی پور» بە ٢٠ ماە حبس تعزیری محکوم شد برپایەی گزارشھا؛ فعال زن کرد …