شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

زیاتر لە 1200 هێكتار لە دارستانەكانی زاگرۆس لە پارێزگای ئیلام سووتاون

لە ماوەی ئەمساڵدا ئاگركەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەكانی پارێزگای ئیلام ڕووی داوە بە جۆرێك كە تا ئێستا لە 41 حاڵەتی ئاگركەوتنەوەدا 1211 هێكتار لە لێڕەوا و لەوەڕگەكانی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە بڵێسەی ئاگردا سووتاون‌و بوون بە خەڵووز.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكان لەو پێوەندییەدا لێڕەوارەكانی “شلم”، “مانێشت” و “قلارنگ” لە شاری سیروان، دیناركێو لە ئابدانان، دێهلۆران، چوار، بەدرەو، ئەیوان، بە بەردەوامی لە جەهەنەمی ئاگردا سووتان‌و لەنێو چوون.

دەوترێ لە هێندێك لە حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی پارێزگای ئیلامدا هۆكارە مرۆییەكان هۆی سەرەكی بوون‌و لەم نێوەدا لاواز بوونی ژێرخانەكانی پارێزگای ئیلام‌و نەبوونی ئیمكانات وەك هێلیكۆپتێری تایبەت بە ئاگركوژێنەوە بوو بە هۆی ئەوەی كە ئاگرەكە زیاتر تەشەنە بكاو ڕوودانی هەر حاڵەتێكی لەم چەشنە تا چەند ڕۆژ كۆنتڕۆڵ نەكراوەو بەوەش پانتایی زیانەكان زۆر زیاتر بوون.

چالاكانی ژینگەپارێزی ئیلام دەڵێن سەرەڕای هەموو ئەو زیان‌و خەسارە گەورانەی بەر سروشتی ئیلام كەوتوە، بەڵا، كاربەدەستانی شارو پارێزگا ئاوڕێكی ئەوتۆیان لەم گرفتە جیددییەی پارێزگای ئیلام نەداوەتەوەو لە ئاگركەوتنەوەكانی ئەم دواییانەدا بیندراوە كە پاش ئاگركەوتنەوەی بەربڵاو ستادی قەیرانی پارێزگا زۆر بە كاوەخۆ داوای هێلیكۆپتێری ئاگركوژێنەوەی كردووەو تا ئەم فڕۆكەیەش لە تارانەوە بگاتە ئیلام كاتێكی زۆر بە فیڕۆ چووەو بەشێكی زۆر لە دارستانەكانی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی لەنێو چوون.

جێگای ئاماژەیە، پانتایی لێڕەوارەكانی پارێزگای ئیلام 640 هەزار هێكتارەو نزیكەی 90%ی ئەم دارستانانە لە داربەڕوو پێك هاتووە كە 170 هەزار هێكتاری ئەم لێڕەوارە كەوتوونەتە بارودۆخی قەیرانەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …