بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كاسبكارانی كورد، 3 كاسبكار بریندار بوون و 100 سەر لە ئاژەڵە بارهەڵگرەكانیشیان كوژران.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا كاروانێك لە كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد لە ناوچە سنوورییەكانی شاری شنۆ كەوتوونە كەمینی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئاكامدا دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە.
لەو هێرشەدا 3 كەس لە كاسبكاران خەڵكی “سینگان”ی شنۆ برینداربوون و پاش زەوت كرانی بارەكەیان لە لایەن هێزە چەكدارەكانەوە، 100 سەر لە ئاژەڵە بارهەڵگرەكانی كاسبكارانیش بە گوللەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون.
شایانی باسە، بە شێوەی رۆژانە بەردەوام، كاسبكاران و كۆڵبەرانی كورد كە بە مەبەستی وەدەستهێنانی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان روو دەكەنە پیشەی پڕ مەترسی كاسبی لەسەر سنووەرەكان، لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێرش دەكرێتە سەریان و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵی دەبنەوە.