وەزارەتی ناوخۆی وڵاتی بەحرەین رایگەیاند: ئەگەری ئەوە هەیە تەقینەوەكەی ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەی بەحرەین، دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەپشت بێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، ئەو مادە تەقەمەنییەی كە لە بۆمبەكەدا بەكار هاتووە هاوچەشنی ئەو مادەیە بووە كە لە تەقینەوەكەی هەفتەی رابردوودا بەكار هێنراوە.
پۆلیسی بەحرەین ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە چەند كەسێكی بە گومانی دانانەوەی بۆمب لەبەردەم قوتابخانەی كچانەی گوندی “سترە” لە وڵاتی بەحرەین دەستبەسەر كرد و هەر ئەوكات وەزارەتی دەروەی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كرد كە ئەو كردەوەیە دەستی وڵاتێكی دراوسێی لەپشتە.
ماوەیەك لەمەوبەریش وڵاتی بەحرەین بە نیشانەی دژكردەوە بە لێدوانەكانی عەلی خامنەیی رێبەری حكوومەتی ئیسلامی ئێران و دەستێوەردانەكانی ئەو حكوومەتە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی، باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگ كردبوویەوە.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەحرەین چەندین جار پەرچەكرداری بە وتەی بەرپرسانی ئێران نیشان داوە. ئێران بە بەردەوامی باس لە “نەتەوەی مەزڵوومی بەحرەین” كە مەبەستی شیعەكانە دەكات.
چەند رۆژ لەمەوبەریش وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا هۆشداریی توندی دابووە حكوومەتی ئێران و داوای لێكردبووە كە كۆتایی بە دەستێوەردانەكانی لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی بهێنێت.