پاش هێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی توركیە بۆ سەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە قەندیل، “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران” بە دەركردنی راگەیەندراوی جیاجیا، ئەو هێرشانەیان ئیدانە كرد.
لە راگەیەندراوەكەی كۆمەڵەدا هاتووە: ئەم هێرشەی سوپای توركیە بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بۆ سەر پەكەكە و خەڵكی ناوچەكە، لە حاڵێكدایە كە خەڵكی كوردستان بەگشتی چاوەڕوانی بە ئەنجام گەیشتنی پڕۆسەی ئاشتی بوون و ئەو هێرشەیان بە زیانی پڕۆسە ناولێبردووە.
كۆمەڵە وێڕای مەحكوم كردنی ئەو هێرشانە داوای لە توركیە كردووە كەئەو هێرشانە بوەستێنێ و بێتە سەر مێزی وتووێژ و هەروەها داوای لە هەدەپە و پەكەكە كردووە نەكەونە داوی سیاسەتی شەڕخوازی دەسەڵاتی توركیە و خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن و لە هەوڵەكانیان بۆ سەرخستنی پڕسەی ئاشتی بەردەوام بن.
لە راگەیەندراوەكەی حیزبی دیموكراتیشدا هاتووە: زۆر ئاساییە كە هەر جۆرە هێرش و پەلامارێك بە دوور لەوەی كە كام لایەن دەستپێشخەری كردووە، زەبری قورسی لە رەوتی ئاشتی دەدا كە كۆمەڵانی خەڵكی توركیە و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لەو وڵاتە بە ئومیدی چارەسەری كێشەكانیان هیوایان پێ بەستووە.
لە درێژەی ئەو راگەیەندراوەدا، حیزبی دیموكرات هیوای خواستووە هەر دوو لایەن بە هەست بە بەرپرسایەتی زیاتر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەنییە باڵاكانی گشتی و لە پێناو وەگەڕخستنەوەی رەوتی ئاشتی، لە هەر حەرەكەتێكی دژ بە دیالۆگ و ئاشتی خۆ بپارێزن.
شیانی باسە، رۆژی رابردوو فڕۆكە جەنگیەكانی توركیە هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی قەندیل لە باشووری كوردستان و بەو بۆنەوە لانیكەم 30 گەریلای پەكەكە و ژمارەیەك هاوڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.