ژیان زۆر لە خەسڵەتەكان دەگرێتە خۆ وەكوو ئازار و شادی و هتد… پێویستە هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم رەوڕەوەی ژیان تێپەڕێنین. ژیان وەك بازنەیەك وایە و مرۆڤ دەخاتە نێو چەرخی رۆژگار .
بۆ مرۆڤ ئەوە گرنگە چۆك دانەدات لە بەردەم ئازارەكان و بەو شێوە ئازاری خۆشیەكان نەدات، هەروەها لە بازنەی ژیان دەرنەچێت.
ئەوە گرنگە كە مرۆڤەكان ئیزن نەدەن كە ژیان دوو لەتیان بكات، بەڵام دەكرێ بڵێین زۆرێك لە مرۆڤەكان ئەمرۆكە دوولەت كراون.
ئەو جۆرە مرۆڤانە نیواو نیون، لە هەركوێ سەرچۆپی بگیردرێت ئەوان وەكوو ئەو دەسەسڕە دەستاودەست دەبن و لە هەر كوێش شین و شیوەن هەبێ ئەوان دوورەپەرێزن.
بۆیە لەم كاتەدایە دەبێ پێداگری لە سەر ئەوە بكەینەوە كە پێیوستە عەقڵیەت و بیروباوەڕمان تەندروست و تۆكمە بێت و ئەوەش پێویستە كە لە هەموو تۆز و خۆڵێكدا دەست بە چاوانتا بهێنی تا تۆز و خۆڵی تێ نەچێت. پێویستە خۆتان بكەنەوە بە یەك پارچە تا وەچەكانتان دوو كەرت نەبن و ئەمەش بەو مانایە كە كەسێكی بە ئەمەگ و كارا بین و وەكوو ڤایرۆس نەكەوینە گیانی كۆمەڵگا و ئەسڵ و ئەساسی خۆمان كە مرۆڤایەتی و مرۆڤ دۆستیە ونی نەكەین و نەیكەینە دەستەچیلەی حەز و ئارزووگەلێك كە ژیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسیەوە.
راسیتەیكانی كۆمەڵگای ئەمڕۆ ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە مرۆژی سەردەم هەر ئەو مرۆڤە دوو لەت كراوەن كە هەر دەمێك و بە شێوازێك خۆیان دەرەنگێنن و هەر ساتەو خۆیان لە قاوەخی كەسایەتیەكدا دەبیننەوە و سەقامگیرییەكی دەروونی لە نێو مرۆڤی ئەم سەردەمەدا بەداخەوە زۆر كەمەوە بووتەوە و بە هۆی ئەوەیكە سیستەمی ژیان گەلێك یاسا و رێسای تێدایە بۆیە ئینسانەكان بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ئەو یاسا و رێسایانە رێكبخەن یان لەدەستیانەوە رزگاریان ببێتە بەردەوام ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخان بەسەر ژیانیاندا دەهێنن و زۆرجاران ئەم گۆڕانكارییانە ناپێویست و نادروستە.
زۆرجار كەسایەتی و پێناسەی تاكەكانی كۆمەڵگا دەرخەری راستیەكانی ئەو كۆمەڵگایە كە مرۆڤەكان تێیدا باڵغ دەبن و گەورە دەبن. كاتێك كە زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەكان لە كۆمەڵگایەكدا پێڕەوی لە چەشنێك لە بایەخ و ئەمەگی باو دەكەن، دەرخەری ئەوەیە كە ئەو نەتەوەیە كە پێكهاتەی كۆمەڵگاكە پێكدەهێنن هەموویان ئەو چەشنە ئەخلاق و هەڵسوكەوتانەیان تێدایە و بەم چەشنە دەكرێ كەلتوور و كەلەپوور و بنەما ئەخلاقی و دەروونیەكانی كۆمەڵگایەك كە وەكوو بایەخێكی مەزن لە نێو خەڵكەكەیدا سەیر دەكرێ پێناسە بكەین.
پیاوسالاری ئازار و ئەشكەنجە و توندوتیژی كۆمەڵایەتی بەتایبەت بە دژی منداڵان، دژی ژنان، دژی زیندانیان و دژی ناڕازیان و نەیاران باس لەوە دەكات كە ئەو كۆمەڵگایە تووشی دابڕانی بنەڕەتی بووە و تەنانەت ئەو كەسانەش كە ئیدعای رزگاریی لەو چەشنە فەرهەنگە باوەیان هەیە كە زۆر جار لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە سەپێندراوەتە سەر كۆمەڵگادا، لە ناخی خۆیاندا پێڕەوی دەكەن بەڵام زات ناكەن كە راستیەكانی ناخی خۆیان دەرببڕن و ئەمەش دەرخەری دوو كەرت بوونی مرۆڤەكان. واتە تۆ ناچاری لەبەر هەندێ بەرژەوەندیی لە بڕێ لە كاتەكاندا خۆت بە كەسێك چاك لەقەڵەم بدەیت و لە راستیشدا ئەو شتە لە دەروونی تۆدا بە شێوازێكی دیكە مامڵەی لەسەر دەكرێ. ئەمەش بەو مانایە كۆمەڵگای ئێمە ناتەندروستە و ئەو مرۆڤانەی كە تێیدا دەژین كەسانێكی نەخۆشن و بە گشتی بنەما سەرەكیەكانی كۆمەڵگا كە لەگەڵ تاكەكاندا دەستەویەخە دەبێـەوە پێویستی بە چاكسازی و گۆڕانكاریی هەیە.
قۆڵ هەڵكردن و كەوتنە گیانی ئەم كەلتوور و فەرهەنگە دزێوانە زۆر جار پێویستی بە تابۆ شكێنی و یاخی بوونێك هەیە تا بتواندرێ ئەو دوو كەرت بوونە لە كۆمەڵگادا بسڕێتەوە، بەڵام ئەوەیكە تا چ ئاستێك كۆمەڵگا و بەتایبەت تاكەكان ئامادەی بوون بە قوربانی تێپەڕین لە كەلتووری خراپ بەرەو كەلتوورێكی رەسەن و باشن، زۆر گرنگ و جێگای تێڕامانە. گۆڕینی كەڵتوور و ساغ بوونەوە لەسەر كەسایەتیەكی راستەقینە بێ گومان پێویستی بە قوربانیدانە، كۆمەڵگای وامان هەیە كە بە تاقمێكی بچووك لە تاكەكان ئەو گۆڕانكاریەی تێدا دەكرێ، بەڵام هەندێ كۆمەڵگا كە كەلتوورەكە بووەتە بەشێكی بەرین لە ژیانی مرۆڤەكان، پێویستی بە ماندووبوون و قوربانیدانێكی زۆرە تەنانەت زۆر جار هەڵدەگرێ كە جیلێك لە مرۆڤەكانی ئەو كۆمەڵگایە ببنە قوربانیی بۆ ئەوەیكە جیل و توێژەكانی دوای ئەوان لەسەر بنەمایەكی راستەقینە و ژینگەیەكی تەندروست ساغ ببنەوە. بۆیە دەبێ كۆمەڵگا دواكەوتووەكان و بەتایبەت تاكە پێشڕەوەكانی كۆمەڵگا خۆیان لەسەر ئەوە ساغ بكەنەوە كە توانای بوون بە كەسایەتیەكی تابۆ شكێنیان هەیە و بەو شێوازە هەنگاوەكانیان بۆ ئاڵووێری بنەڕەتی لە نێو كۆمەڵگادا قایم و پتەوتر بكەنەوە.