ئەبو محەممەد عەدنانی ، وتەبێژی داعش، رایگەیاند، ئەنجومەنی شورای “دەوڵەتی ئیسلامی”(داعش) بڕیاریداوه بە دوورخستنەوەی ئەبو بەكر بەغدادی لە پۆستی خەلیفەی دەوڵەت و دانانی كەسێكی تر كە بە رەگەز خەڵكی وڵاتی عەرەبستانە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی عیراق قانوون، ئەبو محەممەد عەدنانی، وتەبێژی گروپی داعش لە تۆمارێكی دەنگیدا كە سایت و پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتیه کانی نزیك لە داعش بڵاویانكردووەتەوە رایگەیاند :” ئەنجومەنی شورا بڕیاری لابردنی ئەبو بەكر بەغدادی دەركرد و لە شوێنەكەی ئەو كەسێكی به رەگەز خەڵكی وڵاتی عەرەبستان دانرا”.
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوە هەواڵنێرییەكانی توركیە رایانگەیاندووە، كە برایەكی ئەبو بەكر بەغدادی و ئەمیندارەكەی لە سەرەتای مانگی رابردووەوە بێ سەروشوێنن و ئاماژە بەوەشدراوە كە بەغدادی 300 ملیۆن دۆلاری بردووە و لەگەڵ بازرگانەكانی كەنداو كاری وەبەرهێنان دەكات.
لە لایەكی دیكەوە هەواڵنێریی خەندان لە زاری سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بڵاوی كردووەتەوە، داعش بە 305 چەكدار لە سوریەوە هاتوونەتە ناو خاكی عیراق و لە ماوەی 4 رۆژدا تەواوی شاری موسڵیان داگیر كردووە.
هەروەها دەوترێ، لە یەكەم رۆژی هاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناو خاكی عیراق ، 305 چەكدار بوون، لە ناوچەی جەزیرە لە عین الحار لە سوریەوە بۆ توڵە سەندنەوە هاتوونە ناو خاكی عیراق.
سەرچاوەكە وتووشیەتی: دوای دوو مانگ مانەوەیان لە ناو شاری موسڵ نزیكەی 15 هەزار كەس چوونەتە ناو ریزەكانی داعش و توانیویانە لە ماوەیەكی كەمدا هەشت شار لەگەڵ 20 ناوچەی سەر بە ئیدارەی پارێزگای موسڵ بخەنە ژێركۆنترۆڵی خۆیانەوە.