حه‌فته‌ی ڕابردوو کچه لاوێکی بانه‌یی به ناوی ئه‌وین عوسمانی له کاتێکدا که له گه‌ڵ براو ده‌زگیرانی له جاده‌ی بانه به‌ره‌و مه‌ریوان به‌ڕێوه‌بوون، به بێ هیچ هۆکارێک ته‌قه‌یان لێکراو له ئاکامی به‌رکه‌وتنی ئه‌ویندا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ی بانه گیانی له ده‌ستدا.
له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه بۆ دووه‌م جاره که کچانی گه‌نج له ڕۆژهه‌ڵات به شێوه‌یه‌کی گوماناوی‌و هێرشبه‌رانه گیانیان له ده‌ست بده‌ن. مانگی ڕابردووش کچێکی خوێندکاری خه‌ڵکی مه‌ریوان له زانکۆ هه‌مه‌دان به کوژراوی له ژووره‌که‌یدا دۆزرایه‌وه‌و بۆ ماوه‌یه‌ک ناڕه‌زایه‌تیی خوێندکاره کورده‌کان زانکۆی هه‌مه‌دان‌و چه‌ند زانکۆی تری کوردستان‌و ئێرانی گرته‌وه.
به گوێره‌ی که‌مپه‌ینی چالاکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات مه‌ترسیی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی‌و پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی له بانه هانداوه تا ته‌رمی ئه‌وین به نهێنی‌و له شه‌ودا بنێژێت. به پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه پێش به‌خاکسپاردنی ئه‌وین، بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه که زانیاریی به هه‌واڵده‌رییه‌کان نه‌ده‌ن‌و به‌و مه‌رجه ئاماده بوون ڕێگه به برایه‌کی بده‌ن تا له پزیشکی دادوه‌ری بیبینێت.
بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وین ڕایانگه‌یاندووه ئه‌وین خۆی بۆ زه‌ماوه‌ندکردنی ئاماده ئه‌کردو ته‌نیا چه‌ند ڕۆژی تا ڕێوڕه‌سمه‌که مابوو. هاوکات له نه‌خۆشخانه‌و له نزیک بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وین چه‌ند به‌رپرسی ئه‌منیه‌تی ئاماده‌بوون‌و له زاری شایه‌تحاڵه‌کانه‌وه به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وین‌یان وتووه: ‘پێویست به‌وه ناکات، مانگی حه‌رامه‌و پاره‌ی خوێن دوو هێنده‌ی جارانه’.
له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا دوو شه‌ڕ له ناوچه‌ی بانه ڕوویداوه که له ئاکامیدا 5 ئه‌فسه‌ری سپای پاسداران له بۆ‌سه‌یه‌کدا کوژران‌و ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ش 4 چالاکی سیاسیی کورد به شێوه‌یه‌کی گوماناوی له ده‌وروبه‌ری بانه کوژران. دوابه‌دوای ئه‌وه ناوبه‌ناو بارودۆخی ئه‌منیه‌تی به سه‌ر شاره‌کانی سه‌ر سنووری باشووردا سه‌پاوه.
حه‌فته‌یه‌ک دوای کوژرانی ئه‌وین‌و سه‌ره‌ڕای بێده‌نگ بوونی شه‌قام‌و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کان، پۆلیس ڕایگه‌یاندووه: به هه‌ڵه ته‌قه‌یان له ئه‌وین کردووه‌و به‌ڕێکه‌وت کوژراوه.
وێنه: ئه‌وین عوسمانی، ئینتێرنێت