پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024
Image processed by CodeCarvings Piczard ### FREE Community Edition ### on 2016-05-16 08:30:57Z | http://piczard.com | http://codecarvings.com

باری ئابووری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران

پارێزگاکانی کوردستان لە بواری ڕێژەی بێکاری و کەم داهاتی خەڵک لە نێو ئێراندا لە زۆرترین ئاستدایە و ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوان و ئەو کەسانەی کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە پەرەی سەندووە و ڕووی لە زیاد بوونە.

خەلیل فەتحی:

پارێزگاکانی کوردستان لە بواری ڕێژەی بێکاری و کەم داهاتی خەڵک لە نێو ئێراندا لە زۆرترین ئاستدایە و ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوان و ئەو کەسانەی کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە پەرەی سەندووە و ڕووی لە زیاد بوونە، کار کردن لە نێو دام ودەزگا دەوڵەتیەکان زۆر ئەستەم بووە و لایەنەکانی پەیوەندیداری ڕژیمیش بۆ بنبڕ کردن و چارەسەری کێشەی بێکاری، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە و کەمترین پارە لە بواری پیشەسازی و کارگە لە پارێزگاکانی کوردستان تەرخان دەکەن. لەم نووسراوە هەوڵمان داوە کە تاڕادەیەک کێشەو گرفتەکان لە بواری بێکاری و چەواشاکاریەکانی ڕژیمی ئێران بە سەر کوردستاندا بخەینە بەرچاو.نەبوونی مەوزووع و چاودێڕی پێویست بۆ سەرمایە گوزاری، تواشاکردنی ئەمنیەتی لە گەڵ کەشێکی پڕ لە ترس و سەرکوت لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم، کە نە تەنیا برگریان کردووە لە هەموو جۆڕە سەرمایەگوزاریەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەڵکوو بووەتە هۆی چوونەدەدرەوەی سەرمایە ناوخۆیەکان ، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە سەرمایەکیان هەیە، زۆرتر بەشێوەی قاچاخ بە کاری بێنن.هەروەها هاوکات لە گەڵ ئەوە بووەتە هۆی لە ناو چوونی تواناییەکان و ئیمکانات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دزین و بە تاڵان بردنی سەرچاوەی ماڵی و دارایەکانی کوردستان.دەسەڵاتدارانی ڕژیم هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کار، تا ئێستا لە هەوڵی ئەوەبوونە کە بە هەموو شێوەیەک کوردستان لە ژێر کۆنترۆل و چاودێری ڕادستەو خۆی خۆیان بگرن.

ڕژیم بێجگە لەو داهات و سەرچاوەی ئابووریانەی کە حکومەتی ئێران بە دەستی دێنێت، بە شێوەیەکی ناعادڵانەش بووجە لە نێوان پارێزگاکان و ناوچە جیا جیاکانی ئێران دابەش دەکات.

ئەمڕۆکە پەیوەندی  بەرپرسیارەتی زۆری ئابووری ئێران شکستی خواردوە و هەروەها لە گەڵ قەیرانی قووڵ و بەربڵاوی درووست کراوی دەستی خۆی ڕووبەڕوو بوەتەوە.

ئەگەر باروودۆخی ئابووری پارێزگاکانی کوردستان لە گەڵ ئامارەکانی  بڵاو کراوەی گەشەی ئابووری هەڵسەنگێنین، دەبینین ئەو نەتیجەی کە بە دەست هاتووە لە گەڵ بارودۆخی ناوچەکانی دیکەی ئێران لە پاڵ یەک دایبنین،دەبینین کە ڕژیم نەک هیچ جۆرە سەرمایەگوزاری ئەساسی و ژێربینایی لە بەشەکانی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری لە کوردستان ئەنجام نەداوە،بەڵکو هەر بە پێی ئەو ئامارانە، کوردستان لە چاو پارێزگاکانیتر لە ئاستێکی زۆر خوارەوەدایە.

 

 

بە چاوخشاندنێک بە سەر داهاتی ساڵانەی پارێزگای سنە، زۆرتر جیاوازیەکان دەبین کە داهاتی سەرەکی هەر تاکە کەسێک بە پێ ئاماری ساڵی ٨٥ی هەتاوی نزیک بە یەک ملیۆن و پانسەد وهەفتا هەزار تمەن بووە،ئەمەش لە حاڵێکدایە کە داهاتی میلی تاکە کەس سێ ملیۆن و سێسەد و هەشتا هەزار تمەن بووە،بە پێی ئەم ئامارە کوردستان لە باری دەرامەدی سەرانەوە لە چاو پارێزگاکانی دیکە لە رەدەی ٢٩ی پارێزگاکانی ئێراندایە.

لە کاتی ئێستادا ئەگەر خەڵکی ئێران بە بۆنەی سیاسەتی ئابووری نادرووست و گەندەڵی زۆر، کە تەواوی داهاتی وڵات بە تایبەت لە لایەن لایەنی دەروونی ڕژیم (بەیتی ڕێبەری)، بێزار بوونە و لە بارودۆخێکی تاقەت پڕوکێن و بێ هیوایی بە سەر دەبەن.

لە ڕەوشی ژیان و ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان و ئەوی کە لە هیچ بوارێکدا، هیچ هەنگاوێک بۆ گەشە کردن و پەرەی ئابووری هەڵ نەگیراوە، بێجگە لە هەل و مەرجێکی زۆر نالەبار و ئیستراتژیکی، ناتوانی ناوێکی تری لە سەردابنی. هەر بۆیە ڕاستیەکانی کۆمەڵگای کوردستان ئەوەیە و بۆ دەر خستنی کێشەکان پێویستی بە ئامار نیە.

نەتیجەی ئەم هەومەوو هەژاری و دواکەوتووی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک دەر دەکەوێت کە چاوێک بخشێنین بە سەر پێچوونی تێکدان بە سەر کۆمەڵگا و بارودۆخی خراپی لە بواری دەروونی کۆمەڵگادا.

پێچوونی تێکدان وەکوو زۆر بوونی بێ هیوایی لە دواڕۆژ، بە تایبەت لە نێوان گەنجان و لاوان و لێبوونەەوان لە خوێندن،و ڕوو کردن لە کاری پڕ مەترسی وەکوو کۆڵبەری و کاری قاچاخ، هەروەها توش بوون بە هەموو جۆرە مادەی هۆشبەر،تێک چوونی شیرازەی بنەماڵەکان و زۆر بوونی ئاماری تەڵاق ، پەنا بردن بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە نێوان پسپۆران و خوێندەوارەکانی زانکۆدا،

زۆرتر لەوەیە کە ئامارەکانی نێو خۆی وڵات بڵاوی دەکەنەوە.

 

بۆ نموونە ئاماری بێکاری لە ساڵی ڕابردوو لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیە، سنە؛١٧.٤٪ و ئیلام ٢١،٧٪ و کرماشان ٢١.٧٪ هەروەها ئازەربایجانی ڕۆژ ئاوا ٢٠.١٪  بووە، کە چی ئامارەکانی پیشانددەری تەواوی ڕاستیەکان نین، بەڵام هەر ئەمەش لە بواری بێکاریەوە لە پارێزگاکانی کوردستان زۆر زیاتر لە ئاستی ئێران و جیهانیدایە.

ئاماری بێکاری تەنیا لە پارێزگای کوردستان زیاتر لە ٥٪ و بە داخەوە زۆرترین ئاماری بێکاری لە نێوان کەسانێکە کە خوێندنیان تەواو کردووە و ٩٦٪ی بێکارانی بە خۆیەوە گرتووە، کە ئەم ئامارە لە نێو ژنانی دەرچووی زانکۆ بۆ  ٢/٥  زۆرترە و بە جۆرێک کە بێکاری ژنان ٣٠/٨٪ و بێکاری پیاوان ١٤/٩٪ دایە.

لە بواری کەم داهاتی و نەبوونی کار و سەرچاوەی داهاتی خەڵک، هەروەها چەواشاکاری ئەمنی و سیاسی ڕژیمی ئێران لە پارێزگا کوردیەکان وای کردووە کە ڕێژەی بێکاری لەم ساڵانەی دوایدا تادێت ڕووی لە زۆر بوونە و هەر ئەم هۆکارەش بووتە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوژی، کە ڕێژەی خۆکوژیەکان لە نێو چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە ئەم ساڵی هەتاویدا ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ڕژیمەوە بڵاو بوونەتەوەزیاتر لە ١٢ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران یان خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە یان لەحاڵی خوێندندان.

ڕاستە کە ئەو ئامارانەی کە بڵاو بووەتەوە کە بێکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ستانداری جیهانیە،بەڵام ئەوەی گرینگە کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ناو کاریان هەیە و بە پێی بەرنامەی جیهانی بۆ بارودۆخی کاری و جۆری کاردکردنەکانی هەر کەسێک لە نێو کۆمەڵگا دەکەوێتە ئاستی بێکارانەوە.

چۆن زۆربەی ئەو کەسانەی کە بە جورێک لە سەر کاری باشدا نین و بۆ داهاتێکی زۆر کەم کە تەنانەت بنەماڵەکەشیان بە ڕێک و پێکی بۆ بە خێو ناکرێت، لە سەر کارن،کە ئەم جۆرە کارانە لە لایەن بەرپرسانی ڕژیمیش بە کاری قاچاخ و نایاسایی ناوی لێدەبرێت.

دەتوانین بڵێن مانای کارکردی ئابووری وەکوو فەکتەری گرینگ و سەربەخۆ لە بووژانەوە و پێگەیشتن و گەشەکردنی باری ئابوری تواشا نەکراوە، بەڵکوو بەردەوام بە پێی ئایدۆلۆژی و بینینی سیاسی دەزگای حاکم هیدایەت و بەرنامەی بۆ داڕژاوە.

هەر بۆیە لەم ماوەی چل ساڵەی حکومەتی ڕژیمی ئێران،گوزاری ئابووری لە گەڵ هەموو ئەو سەرچاوەی ئینسانی و ماڵیە نەیتوانیوە ڕواڵەتی ئێران بە گشتی بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو بگوڕێت،شتێکە لە ئێستادا زۆەرتر خۆی نیشان ئەدات و کۆمەڵگای تووشی سەدان کێشەی گەورە کردووە.

 

 

لە پەیوەندی لە گەڵ دواکەوتووی ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی نا عیداڵەتیەکان کە ڕووبەڕووی کوردستان بوەتەوە،لە لایەکەوە نەتیجەی سیاسەتی غەڵەت و بەرپرسیارەتی ناکارامە و لە لایەکی دیکەوە، خەڵکی کوردستان هیچ پێچوونێک یان تەسیری لە بەشداری کردن لە سیستەمی بەرپرسایەتی و سیاسەتی ئابووری وڵات بووە و نە نوێنەرانی پارێزگاکانی کوردستان لە مەجلسی ڕژیم توانیویانە ئەرکەکانی خۆیان بە سەرنج دان بە هەل و مەرجی ئێستادا جێبەجێ بکەن.

ئەو دەنگە ناڕەزایەتیانەی کە جار وبار لە ناوخۆی ئێران و کوردستان لە لایەن پسپۆران و نوێنەرانی کورد لە مەجلسی ڕژیم و شوراکانی شار و گوندەکان دەبیسین،کە کێشە و گرفتەکانی میللەتی کورد باس دەکەن، تەنیا گۆشەیەکی چکۆلە لەو هەموو قەیران و کێشەیە کە ئەمڕۆ داوێنی خەڵکی کوردستانی گرتوەتەوە.

بە سەرنجدان بە بابەتی سیاسی، ئابووری، دەتوانین وا تێبگەین کە تەواوی کێشە و قەیرانەکانی کوردستان، بە تایبەت لە بواری ئابووریەوە،تەنیا تایبەت بە کاری سیاسی و نیگای ئەمنیەتی ڕژیم سەبارەت بە کوردستان نیە.

بەڵکوو ئەم ڕژیمە بە تەواوی نە باوڕی بە مەسەلەی کورد بووە و نە داخوازی و مافی گەلی کوردی قەبوڵە و نە کوردستانیش بە بەشێک لەو وڵاتە زانیە. لە حاڵێکدا نە تەنیا بەشی ئابووری،بەڵکوو تەواوی ئیمکانات و بەرهەمەکانی یەک وڵات لە خزمەتی مەنفەعەت و تواوی خوازی گروپێکی ئیدۆلۆژیک کە بە شێوەیەک مافیایی حکومەتیان لە دەست گرتووە و ئیدارەی دەکەن، تا ئێستا بەشی کورد تەنیا سیاسەتی شەخسی کردن و بە تاڵان بردنی سەرمایەکانی بەشی چەوساوە و هەژار بووە.

هەروەها شایانی باسە کە زۆربەی خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان بۆ بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان ناچار دەبن ڕوو بکەنە کاری پڕ لە مەترسی کۆڵبەری، بەوشەوە هێزەکانی ڕژیم وازیان لێ ناهێنن و ڕۆژانە دەبینین و دەبیسین کە چەند کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم دەکوژرێن یان بریندار دەکرێن، شەوانە رۆژی لە رێگای  چەکدارەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانیانەوە لە شیو و دۆڵ وهەڵدێرەکان راستەوخۆ و بە شێوەکی هەرەمەکی و رەشکووژیانە تەقەیان لێدەکەن وگیانیان لێدەستێنن و ماڵ و سامانی هەژارانەیان بەتاڵان دەبەن.

 

 

لە ئاکامی سیاسەتی چەوتی کاربەدستانی دەوڵەتی و دزی و تاڵان و برۆی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە لایەک و،مەیل و سەرکێشی شێتانە و شەرەنگێزانەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و، داڵدەدان و پاڵپشتیکردن و پرچەککردنی تاقم و گرووپە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە لە لایەکیتروە،ئابووری ئێران بە تەواوی دارماوە و،وەرشکەستەیی و داخرانی ناوەندەکانی کارکردن و چوونەسەری سەرسوورهێنەری ئاستی هەڵئاوسان و رێژەی بێکاری تەنگی بە ژیانی دانیشتوانی وڵات هەڵچنیوە.ئەمڕۆژەش دەبینین لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری، شپرزەیی نێوخۆی دەزگای ده‌سه‌ڵات لە ئێران، هەموو ڕۆژێک ئاشکرا تر دەبێت.

خامنەیی داماوتر له‌وانی تر ئاسۆی ڕوون بۆ داهاتوی ئێران ٤٠ ساڵی دیكه‌ وەدوا خستووە و باس لە بوونی ئێران بە پێنجەمین هێزی دنیا لە ساڵی ١٤٤٤ دەکات، ئەویش لە حاڵێکدا کە نان و ئاوی خالی ئەمڕۆی دەیان ملیۆن لە خەڵکی ئێڕانیشی بۆ دابین نابێت. پۆستە دەوڵەتییەکان جەزابیەتی پێشویان نەماوە و هەموان نیگەرانی لەدەست دانی ئەو شتانەن تا ئێستا کۆیان کردووه‌تەوە. ژمارەیەکی زۆر لە مودیرانی باڵا لە دەزگا حکومەتیەکان خەریکی زەمینە سازی بۆ دەرچوون لەژێر باری بەرپرسیاریەتی و رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵاتن. نمونەی لەم جۆرە کە نیشانەی توند بوونەوەی قەیرانی حکومەتین، زۆرن.

لە ئاستێکی دیكه‌دا هەواڵی پێوەندیدار بە گەندەڵی ماڵی و دزی کردنی زۆر لە دەزگا ئیداریەکانی ڕژیمدا ئەوەندە زۆر بووە، کە خەڵک بە بیستنیان عادەتیان کردووە. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ یەکێک لەم کەسانە کە لە چەند مانگی ڕابردوو ڕاگەیەنراوەکانی نێوخۆیی بە ” سوڵتانی سکە”، ناویان لێی دەبرد  هێناوە، و ڕیز کردنی چەند تاوانبارێکتر تر لە پشت سەری ئەو ئیعدام کراوە، ناتوانێ ئاستی ئەم گەندەڵیە به‌رینه‌، په‌رده‌پۆشی بكات.

گەندەڵی ڕیشەدار لە سەرجەم ناوەندەکانی حکومەتی مەزهەبی، وەزاڕەتخانە و ئیدارەکان، قووەی قەزاییە، قووەی یاسا دانان، هەروەها هێزە نیزامییەکان، ئەمنییەتی و دەزگای سپای پاسدارانی ڕژیمدا، وەها ڕێشەی داکوتاوە كه‌ بە دیاردەیەک بێجگە لە شۆڕشی خەڵک و کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا لەبن دەرنایەت. گەندەڵییەکی ماڵی کە دەبێ گەندەڵی ئیداری و ئەخلاقی و سیاسیشی پێوە زیاد بکرێت تەنیویەتەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی ڕژیمیش.

وەها دیاردەیەک هەڵبەت گەلێک سروشتییە. چونكه‌ لە ڕاستیدا هەر ڕێکخراو و تەشکیلات و سیستەمێک، سەرئەنجام دەچێتە سەر شێوازی ڕێبەریەکەی. کاتێک دەزگایەک لەسەرەوە گەندەڵە، ژێر دەستەکانی و سەرجەم سیستەمی ژێر چاودێڕیش لە خوارەوە هاو شێوەی ڕێبەریەکەی شکڵی پێ ئەدات.

لەم بارودۆخەدا دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم بە دان پێنان بە چەند گۆشەیەک لە ناکامیەکانیان، هەوڵ ئەدەن ئاگری توڕەیی خەڵک دامرکێننەوە. لەم پێوەندەدا خامنەیی دیسان بە قسەی فریوکارانەوە دەڵێت:” بەرپرسان بێجگە لە بابەتی نیزامی، ئەمنییەتی و کاروبارێک کە پێوه‌ندی به‌ بەربەرەکانی له‌گه‌ڵ دوژمنه‌، دەبێ شەفاف بن و هیچ ڕازێک لە خەڵک نەشارنەوە.”

کۆماری ئیسلامی کەوتووه‌تە سەراولێژی کە کۆتاییەکەی لە دەستدانی توانایی حکومەت کردنە. ئەو قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە بەرۆکی ڕژیمیان گرتووە وەها قوڵ بوونەتەوە کە ئیتر ئاسۆیه‌ك بۆ دەرچوون لێیان به‌دی ناكرێ. لە وەها بارودۆخێکدا تەنانەت ئەگەر ستڕاتێژی ڕژیم بۆ مانەوە، سەرئەنجام سازش لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی لاچوونی گه‌مارۆکان بێت، بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەش و ستەم دیتوی ئێران هیوایەک بە گۆڕینی بارودۆخی ژیان لەژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمەدا بوونی نییە. خەڵک بە ئه‌زموون بۆیان دەرکەوتوە کە ناتوانن لە چاوەڕوانی مانۆڕەکانی ڕژیم و ئاکامی سات و سه‌ودا و دانوستانی ڕژیم لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا بن. درێژەی تەمەنی ئەم ڕژیمە بە واتای بەردوامی ژیان بەسەربردنە لە هەژاری و بێکاری و نائەمنی و پێشێل بوونی به‌رده‌وامی ئازادی و مافە سەرەتاییەکاندا. کرێکاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە بۆ دابین کردنی ژیانێکی شیاوی ئینسان و بۆ دیفاع لە دار و نەداریان و ژیانی خۆیان ڕێگایەکیان بێجگە لە خەباتی یەکگرتوانە و پەیگیر بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیە و دامەزراندنی حاکمیەتی خۆیان نییە.

کار و ئەمنییەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاری ، خواست و مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کرێکارانی لەسەر کار و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بەڵام ئەم مافە بە خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و هەڵبەت تەنیا بە بەرپا کردنی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیەک کە بە هۆی درێژەی قەیرانی ئابووریی، بەرینتر بوونەوەی بێکاری و داخوازیە هاوبەشەکان، دەکرێ بە خێرایی جەماوەری و بەهێز بێت. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ پیلانی بێکاری کە لە لایەن سەرمایەداران و دەست و پەیوەندیەکانی ڕژمی ئێرانەوە بۆ بەر فراوانترکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاردێنن، پۆچەڵ بکاتەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …