کوشتنی ژنان لە بێدەنگی و قەتڵە نامووسیەکان/ گەلاوێژ عەبدیکانی

قەتڵە نامووسیەکان وەکوو یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان، بە بیانووی بەرگری لە کەرامەت و شەرەفی بنەماڵە ئەنجام دەدرێت. بەشێکی زۆر لە ژنان بە هۆی دەسەڵاتی دواکەوتووانەی ئیسلامی لە خوێندا گەوزاون و جیا لەوەی تاقە بەرگریکارێکیان نەبووە، کۆماری دژە ژنی ئیسلامی بە ئاشکرا پشتگیری لە تاوانکارانی قەتڵە نامووسیەکان دەکات.

لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی وەک سیستەمێکی دژە ژن، یاساگەلێکی پێشێلکارانە لە دژی ژنان لە یاسای بنەڕەتی پەسەندکرا کە بە کردەوە مەیدانێکی ئاوەڵای بۆ توندوتیژی دژی ژنان پێکهێنا. بە پێی بەندی 630 لە یاسای سزادانی ئیسلامی، هەرکات پیاوێک ژنەکەی خۆی لەکاتی ئەوەی پێی دەوترێ  ( زنا ) لەگەڵ کەسێکی دیکە چاوپێکەوت، دەتوانێ دەستبەجێ هەردووکیان بکوژێت. هاوکات بە پێی بەندی 208 لە یاسای سزادانی ئیسلامی هەرکەس تووشی تاوانی کوشتنی کەسێکی دیکە هات و شایەدحاڵێکیش بوونی نەبووە و لێبوردنی بۆ دەرچووبێت، کەسی تاوانبار بە 3 ساڵ تا 10 ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت. بە پێی یاساکانی پەیڕەوکراو لە کۆمەڵگای بە تەواوەتی دژە ژنی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی، باوک و براو هاوسەر مافی کوشتنی ژن، کچ یان ئەو خۆشکەی هەیە کە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی کەرامەت و شەرەفی بنەماڵەکەی داوە.

لە ئێران بە کردەوە هیچ یاسایەک بۆ پاراستن و پشتگیری لە ژنان لە بەرانبەر ئەو دیاردەیە نیە و هاوکات توێژی پیاوان دەزانن کە یاسایەک بۆ سزادانیان نیە و لە لایەکی دیکەشەوە کلتووری ناو کۆمەڵگا بە گشتی پشتگیری و پێشوازی لە تاوانباران دەکات و بکوژەکان بە شیاوی کوشتن دەزانن. لە راستیدا توندوتیژی لە دژی ژنان مێژووەیەکی کۆنی هەیە و چونکە لەم نێوەدا پرسی شەرەفی بنەماڵە لە نێواندایە زۆر تاوان لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت کە کۆی کۆمەڵگا لێی ئاگادار نیەو زۆرێک لەو تاوانانە لە بێدەنگیەکی تەواودا بەڕێوە دەچێت. لە کۆمەڵگا سوننەتیەکاندا ژنان خاوەنی سەربەخۆیی خۆیان نین و ئەوە پیاوانن کە بڕیار لە چارەنووسیان دەدەن، بۆیە ئەم ناسەربەخۆییە لە راستیدا لە رەوتی کۆمەڵگا ژنان دەکاتە کۆیلە، بە جۆریکە پیاو دەبێتە خاوەنی کۆی بوونی ژن. کلتووری کۆمەڵگای دواکەوتووانەو عەشیرەیی بە جۆرێک داڕێژراوە کە خاوەندارێتی لە ژن دەکاتە بەشێکی گرینگی پێناسەی پیاوان و هەرجۆرە لادان لەو کلتوورەش دەبێتە هۆی سەرکۆنەکردنیان. بە پێچەوانەی قەتڵەکانی ئاساییەکانی دیکە کە روودەدەن، لە قەتڵی نامووسیدا ئەوەی کە تاوانەکە ئەنجام دەدات هیچ هەوڵێکی بۆ خۆدزینەوەو دەربازبوون نیە و بە شانازیشەوە پشتگیری لە کردەوەکەی دەدات. بۆیە تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتیدا پێک نەیەت و هاوکات کۆی کلتووری پیاوسالارانەی دژە ژن لە کۆمەڵگا کۆتایی پێ نەیەت، ئەم کارەساتانە بەردەوام دەبن.

لە لایەکی دیکە دەسەڵاتی ئەم جۆرە بیرکردنەوە لەسەر ئەوە پێناسەکراوە کە مادام پیاوێک لە دەرەوە کار دەکات و ئەرکی بژیوی ژیانی بنەماڵەی لەسەر شانە، کەواتە مافی خاوەندارێتی هەیەو دەتوانێ هەر جۆرە توندوتیژیەک بەرانبەر ژنەکەی ئەنجام بدات. وە لەوێوە کە توندوتیژی بەرانبەر ژنان و کوشتنیان بە بیانووی شەرەف ئاسایی بوەتەوەو هیچ یاسایەک بۆ بەرگریکردن لەوبارەوە نیە، لە درێژەی خۆیدا ئەم بابەتە کۆمەڵایەتی دەبێتەوەو دەبێتە کردەوەیەکی شیاوو پەسەند لە کۆمەڵگا.

لە ئێراندا بە هۆی سێبەری رەشی ئایینی مەزهەبی لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی و بە پشت بەستن بە ئایین و شەریعەت، بەشێکی هەرە زۆری ئەم تاوانانە ئەنجام دەدرێت بە بێ ئەوەی یاسایەک بۆ لێپرسینەوە ببێت کە لێکۆڵینەوە لەم جینایەتانە بکات. ئەم جۆرە تاوانانە لە راستیدا سوننەتێکە لە هیچ سنوورێکی نیە، بۆیە بە مەبەستی بەرگریکردن لەم جۆرە کارەساتانە و کۆتایی پێهێنانی، پێویستە سەرەتا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە یاساکاندا پێک بێت بە جۆرێکە ماف بە شێوەی بەرانبەر و یەکسان بگەرێتەوە بۆ ژنان وەک توێژێکی گرینگ لە پێکهاتەی کۆمەڵگا. هاوکات بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری لە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ مافەکانی ژنان بابەتێکی گرینگ و کارتێکەرە کە دەتوانێ بەرچاو روونی ببەخشێتە جەماوەری خەڵک. هەرەوەها بابەتی پەروەردە و بارهێنان وەک سەرەتایەکی گرینگ و چارەنووسساز بە مەبەستی ئامادەکردنی منداڵان بۆ هاتن و بەشداریکردنیان لە نێو کۆمەڵگا، لایەنێکی گرینگی ئەم بابەتەیە، واتە دەبێ لە بنەڕەتەوە بارهێنانێکی دروست و یەکسان بوونی هەبێت بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە توندوتیژی دوور بخاتەوەو یەکسانبوونی نێوان ژن و پیاو لە هەموو ئاستەکاندا بە کردەوەو لە پرۆسەی بارهێناندا بکاتە میکانیزمێکی فیکری بۆ رووبەڕوو بوونەوەی بیری توندئاژۆ.

ژنان کە نیوەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن دەبێ لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە شێوەی یەکسان بەشدار بن و دەرفەتی یەکسان بۆ دەرکەوتنیان لە هەموو بوارەکاندا بۆ بڕەخسێت، واتە بە کردەوە دەبێ ببێتە بەشێک لە ئیدارەو دروستبوونی کۆمەڵگا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …