بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە شاری سنە، لانیکەم ٢٠ کەس لە هاووڵاتیانی کوردی ئەم شارە گیانیان لە دەست داوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست، بە هۆی ڕووداوی بەركەوتنی تانكرێكی بارهەڵگری نەوت و ئۆتۆبوسێكی نەفەرهەڵگر، لانیکەم ٢٠ کەس لە هاووڵاتیانی ئەم شارە توشی کارەسات بوون.
شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، تانكرێكی بارهەڵگری نەوت لە شەقامی “دوکتور حسێنی” لەگەڵ ئۆتۆبوسێكی نەفەرهەڵگری شیرکەتی “گیتی سەیر” پێکدادراون و کارەساتێکی دڵتەزینی لێ کەوتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە تانكرە بارهەڵگری نەوت و ئۆتۆبوسە نەفەرهەڵگرەکە ، ئاگریان تێ بەربووە و چەندین کەسیش لەم ڕووداوەدا سووتاون و گیانیان لەدەست داوە.
هەواڵنێری “زاگرۆس پۆست” لە شاری سنە باس لەوە دەکات کە ڕێژەی کوژراوەکان ٢٧ کەس بووە و ئاستی گەورەیی ئاگرەکەش زۆر چاوترسین بووە بە جۆڕێک کە بەرزی ئاگرەکە سەرووی ٢٠ مەتر ڕاگەیەنراوە.
پاش ڕووداوەكە هێزەكانی ڕژیم، بەجێگەی یارمەتی گەیاندن بە قوربانیان، دەستیان بە سەركوت کردنی خەڵكی ناڕازی كردووە كە دژی نائەمن بوونی رێگاوبانەكان و هاتوچۆی تانكەرەكانی هەڵگری نەوت هاتبوونە سەرشەقام و بەرامبەر بە خەڵك توندوتیژییان نیشان دا.
یەكەم جار نیە كە رووداوی لەوچەشنە بەهۆی تانكەرەكانی نەوت لە چەندین ناوچەی كوردستان رووئەدات و هەرجارە ژمارەیەك خەڵكی بێتاوان بوونەتە قوربانیو لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی رژیم نەك هەر قەرەبووی زیانبەركەوتوانیان نەكردوەتەوە، بەڵكو هەوڵیان بۆ بێدەنگ كردنی ناڕەزایی خەڵك داوە.