خالید عەزیزی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پشتڕاست کردەوە

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە نامەیەکدا روو بە ئەندامانی حیزبەکەی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سکرتێریی حیزبەکەی پشتڕاست کردەوە و هاوکات باسی لەوەش کردووە کە لە رێبەری “حدک”دا درێژە بە ئەرکە حیزبییەکانی دەدا.

دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی “خالید عەزیزی” لە پۆستی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە چەند رۆژەی رابردوودا کۆمەڵێک باس و خواس و لێکدانەوەی جۆراوجۆری  بەدوای خۆیدا هێنا. تا ئێستا “حدک” بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی نامەیەک کە “خالید عەزیزی” روو بە بەدەنەی ئەو حیزبە نووسیویەتی و بەهۆی نهێنی نەبوونی ناوەرۆکی نامەکە، تەنانەت لە دیواری فەیسبووکی بەشێک لە ئەندامانی “حدک”یش بڵاو بووەتەوە، ناوبراو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پشتڕاست کردووەتەوە .

دەقی نامەکەی خالید عەزیزی:

بۆ هاوڕێیانی حیزبی

وێڕای سڵاو و ماندوو نەبوونی.

1- لە پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی لە  ڕێکەوتی 2016/10/15    وازهێنانی خۆم لە پۆستی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕاگەیاند. دوای باس و موناقشەیەکی زۆر، پلینۆم دەفتەری سیاسی ڕاسپارد کە کار بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی سی مانگدا کۆمیتەی ناوەندی کۆ بێتەوە و سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکا.

٢- بۆ ئاگاداری ئێوە و بە شاهیدی سەرجەم ئەندامانی ڕێبەری، ساڵێک پێش گرتنی کۆنگرەی شازدەهەم ڕامگەیاندبوو کە نە بە تەمای پۆستی سکرتێریم و نە بە دروستیشی دەزانم پێرەوی نێوخۆیی حیزب بۆ ئەو مەبەستە بۆ من بگۆڕدرێ.

٣-  لە کۆنگرەدا بەداخەوە کەش وهەوایەک دروست بوو و زۆربەی ئەندامانی کۆنگرە ساڵۆنی کۆنگرەیان چۆلکرد و داوایان ئەوە بوو کە من لە پۆستی خۆمدا بمێنمەوە. بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و تەنیا بۆ بەرگریکردن لە شێوانی کۆنگرە و لە ڕوی مەجبووری و هەست بە مەسئولییەت‌کردن، پێشنیارم کرد کە ڕێبەری وەک خۆی بمێنێتەوە.

٤- پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرەش موافقین و موخالیفینی من بە تێکڕایی سکرتێری منیان قبوڵ بوو. بۆیە داوا لە ئەندامانی حیزب دەکەم لە تەفسیر و تەعیبری ناپێویست و سناریۆی جۆراوجۆر خۆبپارێزن. هەمووی ئێمە بەرانبەر بە یەکڕیزی حیزب و پاراستنی یەکتر و کەسایەتییەکانی حیزب بەرپرسیارین.

٥- من لە پۆستی سکرتێری حیزب وازم هێناوە و وەک تەعهودی حیزبی و ڕێز لێنان لە دەنگ و متمانەی هاوڕێیانی حیزبی و کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەمێنمەوە و بە پێی توانا و ئیمکان لە تێکۆشانی حیزبی بەردەوام دەبم.

٦-  بە پێی پێڕەوی نێوخۆیی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی سکرتێر هەڵدەبژێرێ و لە پلینۆمی داهاتودا دەتوانین سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکەین. بۆ ئەو مەبەستە حیزبی ئێمە پێویستی بە کۆنفرانس و کۆنگرەی پێش وەخت نییە. بۆیە داوا دەکەم لە کاتی ئێستا و بۆ دیاریکردنی سکرتێر، باسی کۆنفرانس و کۆنگرە نەکەین.

٧-   ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی شازدەهەم کە کۆمەڵیک ڕێکاری فرەڕەهەندیشی بۆ کار و تێکۆشان دەستنیشان کردووە، نیشاندەری عەقڵییەتێکی فرەچەشنی و واقیعبینانەی هەمووی ئێمەیە . بە وازهێنانی من ئەو گوتارەی حیزب کە بەرهەمی کار و تێکۆشانی هه‌موومانه‌، بی گومان هەر لە جێگەی خۆیدا دەمێنێته‌وه‌. من وەک سکرتێری حیزب تەنیا وتەبێژ و ئادرەسی ئەو گوتارەی حیزبەکەمان بوومە.

٨-  لە سایه‌ی هەوڵ و تێكۆشان و فیداکاری ئێوە‌، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە وەک سکرتێر و کەسی یەکەمی حیزب کارم کردووە، هەستم بە شانازی و ئیفتخار کردووە. وێڕای پێزانین، سپاسی هەموو لایەکتان دەکەم. لە هەمان کاتیشدا بێ گومان کەسێکی بێ هەڵە و پەڵەش نەبوومە و لەو پێوەندییەدا ڕەخنەشم لێگیراوه‌ و گلەییشم هاتووه‌ته‌ سه‌ر، کە لە کاری جەمعی و حیزبیدا بە شتێکی زۆر ئاسایی دەزانم.

بە ڕێز و حوڕمەتەوە، براتان  –   خالید عەزیزی

2016 / 11 /07

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …