سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

عەباس وەلی: رێبەرایەتی حزبەكانی رۆژهەڵات فكریان مردووە

 وشه:* بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای كوردستان، پرسی كورد لە هەرسێ بەشی رۆژاوا و باشوور و باكور، لە رۆژەڤدایە، تاكە بەشێكی كوردستان كە هیچ دەنگێكی لێ نابیسترێ و وەك بەشێكی لەكاركەوتووی ئەو مەكینە سیاسییە هەژمار دەكرێ، رۆژهەڵاتی كوردستانە، حزبەكانی رۆژهەڵات بیانوویان بۆ ئەو كپبوونە، هەلومەرجی سیاسی و شێوەی حوكمڕانییە لەو وڵاتەدا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو دۆخەی رۆژهەڵات تیایدا بەسەر دەبات چییە؟ بەڕای ئێوە ئەو پاساوانەی لەلایەن حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە دەهێندرێنەوە لۆژیكین؟.
عەباس وەلی:ئاماژەت بە وشەیەكی زۆر گرنگ كرد، ئەوەی كە بۆچی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژەڤدا نییە، ئەوە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی رۆژەڤ شتێك نییە كە یەكێك دابنیشێت و بینووسێت. دانانی رۆژەڤ خۆی ئەنجامی خەباتێكی دەسەڵاتییە، ئەگەر هێزە كوردییەكان نەچووبن بۆ ناو ململانێی خەباتی دەسەڵاتخوازانە لەگەڵ دەسەڵات، جێگەی سەرسوڕمان نییە پرسی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژەڤدا نەبێت، ئەجێندای رۆژەڤی سیاسەت هەمیشە ملمالنێ لەگەڵ دەسەڵات و پێوەندییەكانی هێزی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیە رۆژەڤی سیاسی درووست دەكات. ئەگەر هێزە كوردییەكان بە رێژەیەك بەشدارییان لە دانانی ئەو رۆژەڤەدا نەكردبێت، بۆچی دەبێ سەرمان سووڕ بمێنێت لەوەی كوردەكانی رۆژهەڵات لە رۆژەڤی سیاسەتدا نین؟ ئەوە لە ئەنجامی هەلومەرجی سیاسی رۆژهەڵات نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەوەیە كە لە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجەدا هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو رۆژەڤە درووست بكەن. لە سیاسەتدا هەمیشە دانانی رۆژەڤی سیاسی شتێك نییە كە تاكە كەسێك یان هێزێك بە تەنیا درووستی بكات، بەڵكو ئەوە لە ئەنجامی خەبات و ململانێ و هاوسەنگی هێز و لە ئەنجامی ئەوە درووست دەبێ كە كێ بتوانێ لە چوارچێوەیەی دۆخی سیاسیدا ئەو شتانەی دەیەوێت، بیخاتە ناو رۆژەڤی سیاسییەوە، كاتێك كە هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات لە باشووردا خۆیان خانەنشین كردووە، یان مۆڵەتیان داوە خانەنشین بكرێن، چ جێگەی سەرسوڕمانێكە كە پرسی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژەڤی سیاسیدا نەبێت، بەڵكو زۆر ئاساییە.
* هەر لەبارەی ئەو پرسەوە، سەرۆكی یەك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی “وشە” دەڵێ: “راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری كوردستان بۆ ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بوو بە حەبێكی ئازاربڕ و وای كرد بۆ درێژخایەن پرسی رۆژهەڵات فەرامۆش بكەین”، ئێستا دوای زیاد لە ٢٥ ساڵ درووشمگەلی وەك “رۆژهەڵات تەوەری و كۆنگرەی رۆژهەڵات” بەرز دەكەنەوە، ئەوانە هەمووی بەڵگە نین بۆ ئەوەی ئەو حزبانە لەو ماوەدا پلانێكی ئەوتۆیان بۆ رۆژهەڵات پێ نەبووە؟.
ئەو حزبانە لە دوای ساڵی ١٩٨٥ بە شێوەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان كشاونەتەوە و هاتنە باشووری كوردستان، بەتایبەتی دوای ساڵی ١٩٩١ و بە یەكجاری دوای ساڵی ٢٠٠٣ مۆڵەتی ئەوەیان دا خانەنشین بكرێن، كاتێك خۆیان رێگەیان بە خانەنشینبوونی خۆیان دا، نابێ گلەییەك بكەن لە بابەت ئەو خانەنشینكردنەیان، هۆی ئەو خانەنشینبوونەیش ئەوەیە كە فكرێكی ستراتیجی لەناو رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتدا نەبووە و نییە، گرفتی سەرەكی ئەو رێكخراوانە نەبوونی فكری ستراتیجی و نەبوونی ئاگایی و زانایی سیاسی و عەقڵی سیاسیە و توانای ئەوەیان نییە هەلومەرجەكە بە جۆرێك لێك بدەنەوە بۆ ئەوەی لەمەڕ كارەكانی خۆیان سوودی لێ وەربگرن. ئەوەش تەنیا ناكەوێتە سەرشانی هێزی سیاسی, بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ هێزی رۆشنبیری و زانستی تیوری و زانستی سیاسی سەرۆكایەتیی ئەو حزبانە. ئەگەر سەیر بكەین لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا، بەرهەمی رۆشنبیری سیاسی و فەرهەنگی سیاسی سفر بووە، ئەوانە نەیانتوانیوە بەهیچ شێوەیەك ببنە داهێنەری فەرهەنگێكی سیاسی دیموكراتی و نوێ، نەیانتوانیوە میكانیزمی تیۆری و فەلسەفەی سیاسی بخەنە ناو وتارەكەیانەوە, نەیانتوانیوە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ئەنتەلیجێنسیای زۆر بەهێزی ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كە گەنجەكانن و ئێستا زۆر بەهێزن، پێوەندی درووست بكەن. لە هەموو بابەتەكاندا ئەگەر سەیر بكەن، نووسینی ئەو گەنجانە لە ڕووی تیۆری و فەلسەفی و شیكردنەوەی سیاسییەوە لە هی ئەو حزبانە لەپێشترە. كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە كە رێبەرایەتی ئەو حزبانە، فكریان مردووە، فكری زیندوو و فكری بەرهەمهێنی تیادا نەماوە، ئەوانە هەموو سیاسەت و ستراتیجییان ئەوەیە تەنیا چاوەڕوان بكەن لەناو ئێراندا تەقینەوەیەك روو بدات و سەرهەڵدانێك ببێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام كاتێك ئەوان بگەڕێنەوە، ئەو كەسانەی كە لە ئێراندا سەرهەڵدانیان كردووە، بۆچی دەبێ بەڕێوەبردنەكە بدەنە دەست ئەو حزبانە؟ كە تا ئێستا نەیانتوانیوە هێندەی یەك سانتیمەتر لە كات و زەمەنی خۆیان وەپێش بكەون. كاتێك كە باسی حزبی سیاسی دەكەین، حزبی سیاسی پێشەنگە، حزبی سیاسی دەبێ لە زەمەنی خۆی و لە خەڵكەكەی وەپێش بكەوێت، بەڵام من ئەو تایبەتمەندییەم لە حزبەكانی رۆژهەڵاتدا نەدیوە. بە بڕوای من هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە فكری بەرهەمهێن و ستراتیجی لەسەر بنەمای تێگەیشتنێكی رەخنەگرانەی سیاسی دانەندراوە.
* روانگەیەكی باو هەیە كە “سیستەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران رێگە بەوە نادات یان دەرەتانی ئەوەی نەداوە لەناو سیستمی پەرلەمان و سیاسیدا بتوانی وەك كورد لۆبییەك بۆ خۆت درووست بكەیت، بۆ لانیكەمی ویستە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كوردی رۆژهەڵات”، لە ساڵی ٢٠٠٨ دا وتوێژێكم لەگەڵ كردن لەسەر ئەو بابەتە و ئێوە تیایدا ئاماژەتان بەوە دا كە “لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا كۆمەڵێك گەنج هاتبوونە پێش و حەزیان لە كاری سیاسی بوو و نەیاندەویست لە وڵات دەربچن و بێنە ناو كەمپەكانەوە، بۆیە خۆیان بۆ پەرلەمان دەپاڵاوت، بەڵام لەلایەن حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە سووك دەكران و داوایان لە خەڵك دەكرد هەڵبژاردنەكان بایكۆت بكەن و دەنگیان پێ نەدەن”، لێرەدا دەمەوێ لە روانگەی ئێوەوە روون بكرێتەوە كە ئایا بە ڕاستی لەناو سیستمی كۆماری ئیسلامیدا بەو شێوە كۆنكریتییە بووە و دەبێ دەستی لێ بشۆیتەوە و بڵێی مادام سیستم رێگە نادات, منیش كاری لەسەر ناكەم؟ ئاخۆ ئەو هەڵسوكەوتەی ئەوكات لەگەڵ ئەو كوردانە كە خۆیان بۆ پەرلەمان پاڵاوتووە بە هەڵسوكەوتێكی لۆژیكی دەزانن؟.
بە بڕوای من دەبێ بابەتەكە بەو شێوەیە ببینیت كە كۆماری ئیسلامی ئێران یان هەر دەوڵەتێكی تر بە خۆڕایی ئیمتیاز نادا بە ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هێزێكی هەبێت و لە فەزای سیاسەتدا چالاكی بكات و كاریگەریی لەسەر ئەو فەزایە هەبێت، دەسەڵاتیش حیسابی خۆی دەكات و دەكەوێتە ئەو فكرەی كە كۆمەڵێك ئیمتیاز بدەن بە جەماوەر بۆ ئەوەی لە حزبەكان دووریان بخەنەوە. بە بڕوای من حزبە كوردییەكان ئەو چالاكییەیان لە رۆژهەڵاتدا نەكردووە و هەر كەسانێكیش لە رۆژهەڵاتدا چالاكییان كردووە، ئەوانە بەدناویان كردووە و فەلسەفەی ئەوان بەو شێوەیە بووە كە هەر كەس لەگەڵمانە باشە و هەر كەسیش لەگەڵمان نییە جاشە، پیسە و نۆكەری حكوومەتە. هۆكارەكەیشی ئەوە بووە كە لە ئێراندا ئەو هێزانەی پۆتانسییەلی ئەوەیان هەیە لە بزووتنەوەیەكدا لەناو رۆژهەڵات بەشدار بن، یان ئەگەر بزووتنەوەیش نەبێت و تەنیا وەك كۆمەڵگەیەكی مەدەنی سیاسی كە ببێتە ناوەڕۆكی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی سیاسی، ئەوەیان بە جۆرێك لە جۆران لەناو بردووە و بە شێوەیەك نەیانهێشتووە شكڵ بگرێت. هەروەك ئەوكاتیش باسم كرد، كاتێك ئەو حزبانە ناهێڵن بزاڤێكی ئاوا لە رۆژهەڵات درووست بێت و ئەو كەسانە بەدناو دەكەن و هەزار ناو و ناتۆرەیان لێ دەنێن و سەدان كێشەی ئەخلاقی و سیاسییان بۆ درووست دەكەن، ئەنجامی ئەوەی لێ دەكەوێتەوە كە هیچ چالاكییەك لە رۆژهەڵات نامێنێ و ئەوانە زیاتر دادەبڕێن لە جەماوەری رۆژهەڵات، ئەنجامێكی تریش ئەوەیە كە حكوومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت پێوەندییەكی ئەوتۆ لە نێوان ئەو هێزانەی كە بەهێزەوە دەتوانن لە وڵاتدا چالاك بن لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دەرەوە نییە، ئەوانیش هیچ حسابێك بۆ بزووتنەوەكانی ناوخۆی رۆژهەڵات ناكەن و لە ئەنجامدا هیچ ئیمتیازێكیان پێ نادەن.
ئەگەر بڵێین سیاسەت پێوەندییەكی دەسەڵاتییە، ئەگەر شەڕە لەسەر دەسەڵات و زۆرملێ و زاڵبوون بەسەر ئەویتردایە، ئەگەر سیاسەت بەم شێوەیە بێت، نابێ بگەینە ئەو ئەنجامە كە بڵێین حكوومەت ئیمتیاز نادات و ناهێڵێ كار بكەین، هیچ حكوومەتێك ئەو ئیمتیازە بە خۆڕایی نادات، مەگەر لە توركیا دەیانهێشت كار بكرێت؟، ئایا دۆخی توركیا لە ئێران باشتر بوو؟ چۆن بوو بزووتنەوەی كوردی لە توركیا بەمشێوەیە سەركەوت و ئەوهەموو ئیمتیازەی لە حكوومەت وەرگرت و ئێستا بۆ خۆی وەك هێزێكی بنەڕەتی لە باكوری كوردستان چالاكی دەكات. با هەر پێی بڵێن تیرۆریست و هەر پێی بڵێن نایاساییە، بەڵام كاریگەریی هەیە.
هۆكارێكی گرنگ كە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تێی نەگەیشتن، ئەوە بوو نەیانتوانی بزووتنەوەیەكی سیاسی بكەن بە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی فەرهەنگی. كاتێك كە بزووتنەوەی سیاسی نەكرێت بە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی فەرهەنگی، بەتایبەتی بزووتنەوەیەكی سیاسی كە لە كۆیە و لە سلێمانی و هەولێر دانیشتوون، ناتوانێ بە شێوەیەكی چالاك و زیندوو لە مەیدانی سیاسەتی ئێراندا كاریگەریی هەبێت. ئەو فكرە لەناویاندا نەبووە و من بەشی زۆری نەبوونی ئەو بابەتە لە ترسی لە ڕادەبەدەری حزبەكانی رۆژهەڵات دەبینم، لەوەی كە لە ئێراندا بزووتنەوەیەك سەر بكەوێت، حزبێك یان چەند حزب درووست بێت و خەڵك وەدوایان بكەوێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەكی نهێنیش درووست ببێت و ئەوانە زیاتر بخرێنە پەراوێزەوە. ئەوە وەك بقاڵێك وایە كە لە كێبڕكێ لەگەڵ بقاڵێكی تر دەترسێت، ئەو حزبانەش ئا بەوشێوەیان لێ هاتووە.
ئەو پێوەندییەی ئێستای حزبەكانی باشوور لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵات بە ئێمە دەڵێ، چونكە ئەوانە نەیانتوانیووە لە پلەی یەكەمدا بزووتنەوەیەكی سیاسی درووست بكەن و لە پلەی دوومیشدا، نەیانتوانیوە ئەو بزووتنەوە سیاسییە بكەن بە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی فەرهەنگی، لەلایەكەوە بەو شێوەیە ئیزۆلە بوون و لەلایەكی تر ئەو دەسەڵاتەی هێزەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دوو حزبە سەرەكییەكە، لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات هەیانە، دەبینن كە ئەوانە وردە وردە فاشل بوون، كاتێك كە فەشەلیان هێنا دەبینین تەنیا بەشێوەی بیرۆكراسییەكی حزبی ماونەتەوە، بیرۆكراسی حزبیش كاتێك نەتوانێ رۆژەڤی سیاسی دابنێت و نەتوانێ جووڵانەوەیەكی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی بەڕێوە ببات و نەتوانێ كاریگەریی لەسەر شوێنەكەی هەبێت، بەو مانایەی كە تەنیا و تەنیا لەبەرئەوەی بتوانێ لەسەر ژیانی خۆی بەردەوام بێت، دوای بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكەوێت. بۆیە ئێستا ئەو برۆكراسییانە بەشێوەی ئۆلیگارشی بیرۆكراسییەتی حزبی دەرهاتوون، ئەوەش لە تیۆری سیاسەتدا شتێكە زۆر لەسەری نووسراوە. كاتێك حزبێكی سیاسی بەتایبەتی حزبێك كە بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە ریشەی لەناو كۆمەڵگەی خۆیدا هەیە و خەڵكی لەگەڵە، ئەگەر پشتیوانی خەڵك لەدەست بدات و پێوەندی لەگەڵ خەڵك نەمێنێت و نەتوانێ ببێتە بنەمای بزووتنەوەیەكی سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی، ئەوا دەبێت بە رێكخراوێكی بیرۆكراتی و دەبێ بە رێكخراوێكی ئۆلیگارشی سیاسی كە لە كۆمەڵناسی سیاسیدا پێی دەگوترێ یاسای پۆڵایینی بیڕۆكراسی، هەر حزبێك كە بانگەشە بۆ دیموكراسی دەكات و پێوەندی لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسییەكەی بپچڕێنێت و ترسی لەوە هەبێت كاریگەریی لەسەر ژینگەی خۆی لەدەست بدات، بەوەی نەتوانێ ژینگەی خۆی بخوێنێتەوە و نەتوانێ بەرنامە بۆ ژینگە و كۆمەڵگەی خۆی دابنێت و نەتوانێ هێزێك درووست بكات كە ئەو بەرنامەیەی لە تیۆرییەوە بۆ بكات بە كرار، ئەوە دەبێتە بیرۆكراسییەت، بە بڕوای من ئێستا حزبەكانی رۆژهەڵات تەنیا وەك رێكخراوێكی ئیداری بیرۆكراسین كە لە روانگەی داراییەوە چاویان لە دەستی پارتی و یەكێتییە, یەكێتی و پارتی فەرماندەی ئەوانەن و پێیان دەگوترێ چی بكەن و چی نەكەن، پێیان دەڵێن كە دەتوانن چالاكی بكەن یان نەیكەن، هەر لە شەڕی داعشدا دیترا كە ئەو حزبە رۆژهەڵاتییانە هەستان و كڵاشینكۆفەكانیان هەڵگرت بۆ ئەوەی بچن بۆ شنگال و شەڕ بكەن، ئێران هەڕەشەی لە پارتی و یەكێتی كرد و لە ئەنجامدا پارتی و یەكێتی پێیان گوتن بڕۆنەوە بۆ شوێنەكانی خۆتان. ئەو حزبانەی رۆژهەڵات هاتن كاریگەرییەك لەسەر دۆخەكە دابنێن، تەنانەت كاریگەرییەكی بچووك، بەڵام بەهۆی پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم و بەهۆی خانەنشینبوونیان، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ەوە كە لە ئێران دابڕاون، وەك كلكی پارتی و یەكێتییان لێ هاتووە. حزبی ئاوا نە دەتوانێ رۆژەڤ دابنێت و نە دەتوانێ كاریگەریی لەسەر ژینگە دابنێت، جا حزبێكی ئاوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ كەریگەری لەسەر ژینگەی رۆشنبیری هەبێت، من لێرە پێ لەسەر بابەتی رۆشنبیری دادەگرم، لەبەرئەوەی دیسان ئەوەش لە تیۆری سیاسیدا بە سەتان جار گوتراوە و راستی ئەو بابەتە دەركەوتووە كە ئەگەر حزبێك، رێكخراوێك، هێزێكی سیاسی، دەیەوێ رێبەرایەتی سیاسی خۆی بگرێتە دەستەوە و لە سیاسەتدا سەركەوتوو بێت، لە پلەی یەكەمدا دەبێ لە بواری رۆشنبیری و تیۆریدا سەر بكەوێت. ئەگەر لە بواری رۆشنبیری و فەرهەنگی سیاسی و تیۆریدا سەرنەكەوێ، بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ زەمینەی ئەوەی تیادا بێت كە تەنانەت بیر لەوەش بكاتەوە كە دەسەڵات بگرێتە دەستەوە. سەرۆكایەتی حزبەكانی رۆژهەڵات هیچكات ئەو توان رۆشنبیری و زانستی و تیۆرییەیان تیادا نەبووە كە بتوانن بیر لەوە بكەنەوە لانیكەم ئەگەر بەشێوەیەكی چالاك سیاسەتیش ناكەن، بتوانن لە رووی فەرهەنگییەوە كاریگەریی خۆیان لەسەر ژینگەكەیان رابگرن بۆ ئەوەی بتوانن ژینگەی فەرهەنگەكە بێننە ژێر سەیتەرەی رۆشنبیری خۆیان. شتێكی ئاوا نەبووە و نەكراوە و تەنانەت بە بیریشیان نەگەیشتووە.
* لە چەند ساڵی دواییدا كۆمەڵێك رەخنە لەسەر ستراتیجی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵات گیرا، سەرەتا حزبەكان لە دژی دەوەستانەوە، بەڵام دواتر بە شێوەیەكی لێهات كە گۆیا هەر لە بنەڕەتەوە خۆیان خاوەن گوتاری خەباتێكی مەدەنی بوونە، هەمیشە باس لەوە دەكەن كە ئێمە بەجۆرێك خەباتی چەكداریمان بۆ ئێستا وەلا ناوە، كەچی بەپێی لێكدانەوەكانی ئێوە هیچ جوڵەیەكی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییان لەناو رۆژهەڵات نەخستووەتە گەڕ، ئێوە ئەو دۆخە چۆن لێك دەدەنەوە؟
حزبەكانی رۆژهەڵات هاتون ئەو رەخنانەی بەشی هەرەزۆری بە درووست لە ستراتیژی شەڕی چەكداری گیراوە، قبوڵیان كردووە، قبوڵكردنەكەش لەبەر ئەوە نەبووە كە باوەڕیان پێیەتی، بەڵكو تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە ئەو رەخنانە بوون بە بیانویەك بۆ ئەوەی هێژموونی پارتی و یەكێتی بەسەر خۆیاندا پێ پاساو بدەن، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان دەڵێن ئێوە نابێ شەڕی چەكداری لە دژی كۆماری ئیسلامی بكەن، ئەوان هاتوون ئەو رەخنانەی كە بەشی زۆریان رەخنەی درووستن، كەڵكیان لێ وەردەگرن و دەڵێن ئێمە شەڕی چەكداریمان بەشێوەیەك وەلا ناوە، لانیكەم خستومانەتە پەڕاوێزەوە، باشە ئەوە هۆكارێكە، دەپرسین كە چیت لەجێگەی ئەو خەباتە چەكدارییە داناوە، ئایا سیاسەتێكی چالاكی مەدەنیت لە رۆژهەڵات خستووەتە جێگەی ئەمە؟ ئایا تۆ ویستووتە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی ئێران “ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەكانی تری جگە لە كورد” پێوەندییەكی ئۆرگانیك درووست بكەی، ئایا توانیوتە بنەمایەكی كۆمەڵایەتی دیموكراتیك لە رۆژهەڵاتی كوردستان درووست بكەیت؟ بێگومان نەخێر. ئەوانە لەولاش دابڕاون و لە لایەكەی تریش خۆیان دابڕاندووە، واتا هیچ چالاكییەكیان نەكردووە. ئەنجامی ئەوەی لێ كەوتووەتەوە كە ئێستا بۆشاییەك هەیە كە بە بڕوای من بۆشاییەكی زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی هێزێكی چالاك نییە ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە. چارەنووسی كۆی ئەمانە دراوەتە دەست ئەوەی، لەناو خودی چوارچێوەی ئێراندا سیاسەتەكە بەرەو چ لایەك بڕوات، ئەگەر بێت و لە ئێراندا سیاسەت بكەوێتە دەستی توندڕەوە ئاینییەكان، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو بۆشاییە لەلایەن هێزە ئاینییە كوردەكانی رۆژهەڵات یان لانیكەم ئەو هێزانەی كە لەگەڵ حكومەت هاوكاری دەكەن، پڕ بكرێتەوە. ئەوە بابەتێكی زۆر مەترسیدارە و دەبێ بیری لێ بكەنەوە.

* لە كۆنگرەی نەتەوەییدا رۆژهەڵات بێدەنگترین و بێ پلانترین بەشی كوردستان بوو، نەیتوانی بە بارستایی مێژووی سیاسی خۆی تەنانەت ئەگەر ئەو ٢٥ ساڵەی دواییشی لێ دەربێنین، سەنگی هەبێت، ئەوەی دیترا ململانێی نێوان پەكەكە و پارتی بوو كە رۆژهەڵات تیایدا هەوڵی دەدا قاچ لەسەر شوێنپێكانی پارتی دابگرێت، بە بڕوای ئێوە لەو دۆخەی ئێستای رۆژهەڵاتدا كە وەك ئێوە شیكردنەوەتان بۆ كرد، كۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێ چ سوودێكی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان هەبێت؟.
بە باوەڕی من سوودێكی زۆر كەمیی دەبێت. لە راستیدا ئەوەی كە هێڵە سەرەكییەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی دەستنیشان دەكات، ئەو ململانییەی نێوان پەكەكە و پارتییە. هێزەكانی تری وەك پەیەدەی رۆژاوا و هێزەكانی دیموكرات و كۆمەڵەكانی رۆژهەڵات، لە دەوری ئەو دوو بازنەیەدا دەخولێنەوە، بە جۆرێك كە ئەوان رۆڵ و جێگەی ئەوانە و قەبارەی دەسەڵاتی ئەوانە لەو كۆنگرەیەدا دیاری بكەن، ئەو هێزانە هیچیان ناتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ لەوێدا بەشدار ببن و كاریگەرییەكیان لەسەر رۆژەڤی كۆنگرە و ئەنجام و ئاكامی كۆنگرە هەبێت. هۆكارێكی تری ئەوەیە كە ئەگەر سەیرێكی رێبەرایەتی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بكەی، كام سەرۆك لەوێدا دەبینی كە ئەو هێزە سیاسی و فەرهەنگی و تیۆرییەی هەیە بتوانێ تەنانەت ئەگەر حزبێكی رێكخراوەیی بەهێزیشی نەبێت، بتوانێ لە بابەتی فەرهەنگ و تیۆری و كاریگەریی لەسەر كۆنگرە دابنێت، چونكە جاری وا هەیە هێزێكی سیاسی كە گرنگییەكی ئەوتۆی نییە، دەچێتە كۆنگرەیەكی گەورە و بەهۆی ئەوەی چەند كەسایەتییەكی وای تیادایە كە دەتوانن كاریگەرییەكی گەورە لەسەر كۆنگرەكە دابنێن، ئێمە شتی ئاوامان نییە, لەبەرئەوەیە كە ئەوان هیچ كارێكیان لەو بوارەدا نەكردووە. لە ساڵی ١٩٨٥ تا ئێستا كە ساڵی ٢٠١٥یە، ئەگەر سەیری ئەو مەودایە بكەین، بەرهەمی سیاسی و تیۆری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی ئەو رێكخراوانە چی بوون؟ تۆ ئەگەر بچی بۆ كتێبخانەیەك یان بڕۆی بۆ كۆنفڕانسێك كە بابەتی ئەو حزبانە بڵاو دەكاتەوە، بڵێی من دەمەوێ كتێبێك لە سەرۆكایەتی ئەو حزبانە بخوێنمەوە و لێی فێر بم، هیچ شتێك نییە بیدەنە دەستتەوە. بە بڕوای من ئێمە نەك تەنیا لەوێدا بۆشاییەكی سیاسیمان هەیە، لەوەش موسیبەتبارتر ئەوەیە كە بیابانێكی فكری لێیە، بیابانێك كە هیچی لێ شین نەبووە، تا دەڕوانی هەر لم و خۆڵە، هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی نا موبارەكی ئەوان لەگەڵ یەكێتی و پارتی، بە شێوەیەكە كە دەوری ئەو بیابانە لمەیان داوە و هەر شتێكیش كە لەوێ شین ببێت و سەر دەربێنێ، خاكەنازێكی لەسەر دەدەن و لەناوی دەبەن، لەبەرئەوەی تەنیا بۆ خۆیان بمێننەوە. بۆیە دەڵێم لە ڕوانگەی مێژووییەوە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێستا بەرەو ئەوە دەڕۆن كە ببن بە هێزێكی نێگەتیڤی مێژوویی، واتا نەك تەنیا تایبەتمەندی پۆزەتیڤ و چالاكی خۆیان لەدەست داوە، بەڵكو بەرەو ئەوە دەچن ببن بە هێزێكی نێگەتیڤ. تەواوی ژیانی ئەوان بەوەوە بەستراوەتەوە كە ئێران جارێكیتر بتەقێتەوە و دیسان شۆڕش بكرێت یان بارودۆخێك بێتە پێش كە دیسان بتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوە لەسەر بنەمای لێكدانەوەیەكی هەڵەیە، لەبەرئەوەی ئەوانەی ئێستا لە ناوخۆی رۆژهەڵات بەشێوەی راستەقینە دەتوانن چالاكی سیاسی بكەن، هیچ ئینتیمایەكیان بەرەو ئەو حزبانە نییە و ئەوەی لەگەڵیانن تەنیا ئەو نەوەیەن كە لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ ساڵاندان، ئەوانە ئەو كەسانەی كە ٤٠ ساڵ لەمەوبەریان بیر ماوە و ئێستاش بە هەست و شانازی خەباتی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵە دەژین. ئەو نەوەیەی تەمەنی لە نێوان بۆ ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵاندان، ئەوان لە دنیایەكی فكری جیاوازتردان، ئەو دنیا فكرییە هێزێكی سیاسی تایبەتتری دەوێت، هێزێكی سیاسی تازەی دەوێت و ئەو هێزە سیاسییە نوێیە لە گۆڕانكاری ناوخۆی ئەو حزبانە دەرناكەوێت. بۆ نموونە سەیری كۆمەڵە بكە، هەتا ئێستا چەند پارچەی لێ جیا بووەتەوە، ئەگەر گەورەترین پسپۆڕی سیاسی دنیا بێنی و بڵێی لە روانگەی ئایدۆلۆجییەوە جیاوازی نێوان ئەو چەند پارچەیەی كۆمەڵە چییە، بە دڵنیاییەوە ناتوانێ هیچت پێ بڵێت، لەبەرئەوەی شتی وا نییە و تەنیا و تەنیا كێشەی ناوخۆی حزبییە بەو دۆخەی گەیاندووە. ئێستا كێ دەتوانێ تەنانەت لە یەك لاپەڕەدا لەسەر جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆجی دوو بەشەكەی حزبی دیموكرات بنووسێت. كەس ناتوانێ ئەوە بكات لەبەرئەوەی هیچ بنەمایەكی نییە و تەنیا و تەنیا فارس واتەنی “دعوا سر لحاف ملاست”. ئەوە شتێكمان پێ دەڵێ ئەویش ئەوەیە كە ئەو حزبە لە ئامانجی سیاسی خۆی دابڕاوە. ئەوە نییە كە شەڕی ئایدۆلۆجی لەسەر ئەوە بكەن كە دەبێ چ ستراتیجییەك لە ئێراندا بەكار ببرێت. تەنیا كێشە لەسەر ئەوەیە كە كێ دەبێ لەناو حزبدا سەربكەوێت و كێ حزب بەڕێوە ببات، ئەوەیش بەو مانایەیە كە چ پێوەندییەكی لەگەڵ هێزەكانی دەسەڵاتی كوردی لە باشوور دەبێ و كێ دەتوانێ لە سەرچاوەی مادی و سیاسی ئەوان كەڵك وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەو ژیانە بەردەوام ببێت. من كە گوتم ئەوانە بەرەو ئەوە دەچن ببن بە حزبێكی نێگەتیڤ، لەبەرئەوەیە كە حزبیش ئۆرگانیزمێكی زیندووە، وەك مرۆڤ پیر دەبێت، ئەگەر هەم بە جەستە پیر بێت و هەم لەڕووی فكریشەوە پیر ببێت، ئەوكات واتای ئەوە دەگەیەنێت كە بووە بە حزبێكی نێگەتیڤ، زۆر حزب هەیە لەوانەیە وەك مرۆڤ جەستەی پیر ببێت، بەڵام لەڕووی فكرەوە پیر نەبێت، كەچی دۆخی ئێمە بەو شێوەیە نییە، بەداخەوە لەڕووی فكری و جەستەییشەوە بەرەو ئەوە چووە كە ئەو گەشە سیاسییەیان لەدەست بدەن، ئەوە لەلایەك، بەرەو ئەوە دەڕۆن كە ببن بە بوونەوەرێكی ناكارا. هەر بۆیە دەڵێم ئەو حزبانە بەرەو ئەوە دەچن كە ببن بە هێزێكی نێگەتیڤ.
* لە دەیەكانی پێشوودا شۆڕشگێڕی كورد ئەو شۆڕشگێڕە بوو كە لە روانگەی ناسیۆنالیستییەوە كەسێكی دەمارگرژ بووایە، بەڵام ئێستا دەبینین جۆرێكیتر لە شۆڕشگێڕ هاتووەتە مەیدانەوە كە بە شووناسێكی كوردییەوە كار دەكات, بەڵام جیاواز لەو پێناسە و تێگەیشتنەی پێشووتر كە بۆ ناسیۆنالیستێك دەكرا، بۆ نموونە لە كرماشان و ئیلام، دەبینین لەم چەند ساڵەی رابردوودا زیاترین كتێب و بڵاوكراوە بە زمانی كوردی نووسراون و چاپیش كراون، ئەو نەوەیە سەرباری ئەو هەوڵانەی داویەتی، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە فەرامۆش كراون، بەو مانایەی هیچ شوێنێكی ئۆرگانی و فكرییان لەو ئۆپۆزسیۆنە بۆ دیاری نەكراوە و خواست و ویستەكانیان بە كەم تا زۆر لەناو ئەو رێكخراوانەدا رەنگی نەداوەتەوە، ئێوە وەك تاكە تیۆریسیەنێكی ناسیۆنالیزمی كوردی ئەو دوو خوێندنەوە جیاوازە بۆ كوردبوون و ناسیۆنالیزم بە پارادۆكس دەبینن یان ئەوەی كە تەنیا بە جیاوازی روانین و تێگەیشتنی دەزانن لە چەمكەكە؟.
ئەوە پارادۆكس نییە، هەمیشە لەو كۆمەڵگەیانەی وەك ئیلام كە سنووری هاوبەشی لەگەڵ كۆمەڵگەی فارس هەیە، ئەو كوردانە زۆر زەقتر بنەماكانی شوناسی خۆیان لەگەڵ ئەویتر دەبینن, لە لایەكیشەوە كاریگەریی ئەو ناسیۆنالیزمە ئیتنیكییەی لە بەشەكانی ناوەندی رۆژهەڵاتدا كە هەمیشە بەشێوەیەكی نەریتی بووە، ئەوە لە ئیلام و كرماشان زۆر كەمترە. ئێستا من پێم وایە لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناسیۆنالیزمێكی فەرهەنگی دیموكراتی نوێ بە باشی وەدەر كەوتووە، بەڵام بەداخەوە هیچ هێزێك نییە بتوانێ ئەوە تەرجومە بكاتەوە بۆ دۆخێكی سیاسی، بۆیە هەر بەم شێوەیە لە نیوەی رێگەدا ماوەتەوە و ئێستا نە دەتوانێ ئەو ناسیۆنالیزمە ئیتنیكییەی حزبەكان كە فەشەلی هێناوە، قبووڵ بكات و نە خۆیشی ئەو هێزە سیاسییەی لە ناوەڕۆكدایە بتوانێ بنەمایەكی سیاسی بدات بەو ناسیۆنالیزمە فەرهەنگییەی كە بە بەراورد لەگەڵ حزبەكان، بواری تیۆری تا رادەیەك بەهێزی هەیە, بۆیە لە درووستبوونی ئەو بۆشاییەدا ئەوانە بە شێوەیەكی ناسەقامگیر دەجووڵێنەوە.
بەو جۆرەی كە من رۆژانە دەیبینم، ئێستاش چ لە بەشەكانی ناوەندی رۆژهەڵاتی كوردستان و چ لە بەشەكانی سنووری كە لەسەر سنووری كۆمەڵگەی فارسن و لە ناوەندی ئەتنیكی كوردی دوورن، لەوێ فەرهەنگێكی سیاسی هاتووەتە پێش كە شتێكی زۆر نوێی تیادایە، ئەو شوناسی خۆی لە پلەی یەكەمدا لەسەر بنەمایەكی دیموكراتیك  پێناسە دەكات، لێرە بابەتی زمان و ئیتنیك زۆر گرنگە، بەڵام نە لەو چوارچێوە كۆنەدا كە بە شێوەیەكی ناسیۆنالیستی ئیتنیكی لە بەرامبەر ئەویتردا رادەوەستا، لێرەدا ئەویتری شوناسی كوردی لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەیەكی فەرهەنگی تیۆریدایە، كە هەموویان لە فەرهەنگێكی سیاسی تیۆری كە بنەماكەی ئۆپۆزیشن لەگەڵ كۆماری ئیسلامییە كەڵك وەردەگرن، بەڵام كاتێك لە فلتەرەكانی ئیتنیك و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردی تێدەپەڕێ، ئەو شووناسە سیاسییەی كە تازە درووست بووە، پێداویستی خۆی لەوە وەردەگرێت. بۆیە پێم وایە ئەو حزبانە ئەگەر بیشگەڕێنەوە رۆژهەڵات، شانسێكی ئەوتۆیان نییە وەك پێشتر جێگەی خۆیان بكەنەوە و نووسینگەكانیان دابمەزرێنن و خەڵك بێت و لە دەوریان كۆ ببێتەوە. خەڵك ئێستا لەسەر بنەمایەكی تری فەرهەنگی و سیاسی بیر دەكاتەوە و كاتێكیش ئاڵوگۆڕ بەسەر دۆخی ئێراندا بێت و ئەو حزبانە بگەڕێنەوە، ئەوان دێن پرسیاری تر دەكەن و شتی تریان دەوێ كە من پێم وایە بەهۆی راوەستانی فكری ئەو حزبانە، توانای ئەوەیان تیادا نابێت پرسیارەكانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رۆژدا وەڵام بدەنەوە.  
*ئاماژەتان بەوە دا كە شوناسی كوردی لە ناوچەكانی سەر سنووری فارس بە شێوەیەكی فەرهەنگی و لەسەر بنەمایەكی دیموكراتی خۆی پێناسە كردووە، بەڵام لە ناوەندی ناسیۆنالیزمی كوردی لە رۆژهەڵات، جۆرێكی تر بەرچاو دەكەوێت، بۆ نموونە هەر ئەو راپرسییەی لە تەلەڤزیۆنی مهاباد كرا، لەوێدا بینیمان گۆرانیبێژێكی فارس لەو ناوەندە ناسیۆنالیستییە دەنگی یەكەم دێنێتەوە، هۆی ئەوە چییە، ئایا خوێندنەوەی ئەو نەوەیە لەوێ بۆ شووناس جیاوازترە یا هۆی ترە؟.
بە بڕوای من پێكهاتەی كۆمەڵناسی سیاسی كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كوردستان گۆڕاوە و زیاتریش دەگۆڕێت، ئێستا چینێكی ناوەندی نوێ پێگەیشتووە، ئەو چینە ناوەندییە وەك چینی ناوەندی پێشوو نییە، ئەوە فەرهەنگێكی هەیە كە لە چوارچێوەی ئەو فەرهەنگەدا شووناسی خۆی پێناسە دەكات، ئەو فەرهەنگە بەهۆی لاوازی فەرهەنگی سیاسی كوردی لەو ناوچەیە ناتوانێ بە باشی و بە درووستی سوود لە فەرهەنگی سیاسی كوردی ببینێت. یەك لە هۆكارەكان ئەوەیە بۆ نموونە دەبینی ئەو چینە ناوەندییە لەڕووی گوزەرانی ئابوورییەوە دۆخی تا رادەیەك باشە، لەوێ نە كەناڵێك هەیە و نە مەیدانێكیش واتا فەرهەنگێكی سیاسی و دیموكراتی پلۆرالیستی بوونی نییە كە ئەوانە بتوانن وەك سەرچاوە سوودی لێ وەربگرن، بۆیە بەرەو فەرهەنگێكی بێ بنەما دەڕۆن كە تەنیا خۆ لە بەرامبەر قەدەغەكراوەكانی كۆماری ئیسلامی پێناسە دەكەن. تەنیا رەهەندی سیاسی ئەو فەرهەنگە ئەوەیە كە بۆ نموونە ئەو مۆسیقا و شیعر و فیلمانە بەكار بێنێت كە كۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغەی كردووە و لە دەرەوەی ئەوە هیچ چالاكییەكی سیاسییان نییە و پێوەندییان لەگەڵ فەرهەنگێكی سیاسی چالاكی كوردی یەكجار كەمە، لەو چوارچێوە فەرهەنگە سیاسییەی كوردیشدا كە لەوێ هەیە و هەر بەشێوە كۆنەكەی خۆی ماوەتەوە،  نە لەڕووی ناوەڕۆكی دیموكراتییەوە و نە لەڕووی ناوەڕۆكی فەرهەنگییەوە لەو پلۆڕالیزمەی كە پێویستە ئەو چینە ناوەندییە بێنێتە ناوخۆی و وزەی سەرەكیی ئەوانە بۆ لای خۆی ببات، بوونی نییە. بۆیە ئەوانە بەرەو ئۆپۆزسیۆنی نهێنی و ژێرزەمینی فارس دەڕۆن. بۆ نموونە لە مۆسیقای پۆپ كە لە تاران گەنج گوێی لێ دەگرن و ئەوانە بەو قایل دەبن، ئەوان ئەو پێوەندییەیان لەگەڵ محەمەدی ماملێ نەماوە، لەبەرئەوەیە كە ئەو فەرهەنگەی محەمەدی ماملێ و موسیقای ماملێ و حەسەن زیرەك و… تیایدا گەشەیان دەكرد، ناوەڕۆكی پلۆرالیست و دیموكراتی خۆی لەدەست داوە و ناتوانێ ئەو گەنجانە بۆ لای خۆی رابكێشێت. هەندێك لەو گەنجانە دەبینی بەرەو مۆسیقا و فەرهەنگێكی وەك كامكاران یان فەرهەنگ و مۆسیقای ئەلتەرناتیڤی قەدەغەكراو كە لە تاران رەواجی هەیە دەڕۆن، لە مۆسیقای پۆپ باشترە، بەڵام ئەوانەش زیاتر ئەو كەسانەن كە دەست بەقەڵەمن و بیر دەكەنەوە و دەنووسن و دەخوێننەوە و دەشزانن كە فەرهەنگی كلاسیكی كوردی كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ فكری سیاسی پێشوو پێوەندی هەیە، ئیتر نەزۆك بووە و فەرهەنگێكی پلۆرالیستی دیموكرات كە بتوانێ ئەو چینە ناوەندییە نوێیە و ئێلێمێنتەكانی سەرەكی رۆشنبیری كۆمەڵگه،‌ یان زیاتر سیاسی رۆشنبیری كۆمەڵگە، بتوانن لەو مەیدان و فەرهەنگە سوود وەربگرن، تا ئێستا درووست نەبووە و نەكراوە.
یەكێك لە بناغەكانی ئەوە لاوازی سیاسییە. هۆكارەكەش هەر ئەوەیە كە ئێمە دەبینین فەرهەنگی رۆشنبیری لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر گەشە دەكات، بەڵام گەشەكردنەكە بەشێوەی بزاڤێكی فەرهەنگی دەرناچێت و بەشێوەی پاكەت، پاكەت لە سنە و مهاباد و بۆكان… كار دەكەن و نەیانتوانیوە  ژێرخانێكی فەرهەنگی هاوبەش درووست بكەن كە بتوانن سوودی لێ ببینن و یەك بگرن و بە یەكەوە سیمایەكی یەكگرتوو درووست بكەن. ئەوەی لە مهابادە لەناو مهاباد كار دەكات و ئەوەی لە تارانە لە تاران و ئەوەی لە كرماشانە لە كرماشان و… ئەوانە وەك گرووپی بچووكی حەوت كەسی و چوار كەسی، یان دە كەسی و پازدە كەسی كار دەكەن، بەڵام بزاڤێكی فەرهەنگی یەكگرتووی كوردی ئەوتۆ بوونی نییە و هۆكاریشی ئەوەیە كە ئەو فەرهەنگە سیاسییە دیموكراتە كە لە هەناوی كۆمەڵگەوە هەڵقوڵا بێت و توانای ئەوەی هەبێ ببێت بە بنەما بۆ فكرێكی پلۆرالیستی بەهێز كە بتوانێ توخمەكانی شوناسی كوردی لە ناو خۆیدا پەروەردە بكات و هۆكار بێ بۆ بەیەكەوە بەستنەوەی ئەو گرووپە رۆشنبیرییانە، بوونی نییە، سەركوتكردنەكانی كۆماری ئیسلامی رۆڵێكی یەكجار زۆری لەوەدا بینیووە، بەڵام ئەوە تاكە هۆ نییە, بەڵكو هۆكاری تر ئەوەیە كە لە ماوەی هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێزە پێشەنگەكانی رۆژهەڵات كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە و لە راستیدا كۆمەڵگەیەكی پلۆرالیست و دیموكرات لە رۆژهەڵاتدا بوونی هەیە, بەڵام وەك باسم كرد دەستەی بچووك بچووك و ئیزۆلەن، تا ئێستایش بنەمایەكی یەكگرتووییان نییە كە بتوانن یەك بگرنەوە و ببن بە بنەمای بزاڤێك.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.